شیعەكان باسی حكومەتی زۆرینە دەكەن
كورد بەبێ‌ بارزانی‌و تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا دەچێتەوە بەغدا

عیراق

03/05/2018‌ 3051 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێ گەورەترین حیزبی هەرێمی كوردستان بەبێ كەسی یەكەمییان دەچنە هەڵبژاردنی عێراق‌و گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەكاتێكدا شیعەكان باس لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی تێدا دەكەن.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، كە كوردی عێراق چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی جیاوازن لە 12ی ئایار، كورد كە سەرجەم ناوچە كێشە لەسەرەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی لەدەستداوە، شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی دەكات.

ئەگەر هەڵبژاردنەكانی ئایاری دادێ بۆ عێراق و عێراقییەكان ئەو رووداوە بێت، كە رووداوی یەكەمی دیموكراسی راستەوخۆیە لەناوبردنی دەوڵەتی خەلافەت و دەرپەڕاندنی داعش لەو ناوچانەی پێشتر سنووری قەڵەمڕەویی ئەوان بوو، ئەوا بۆ هەرێمی كوردستان و كورد بەدیاریكراوی نۆشكردنەوە ئەو ژەهرە تاڵەیە، كە بە "ناچاری" دەبێت بخورێتەوە تا نەمرێت، چونكە ریفراندۆم عێراق‌و تاقە هەرێمەكەی نەكرد بەدوو دراوسێ وەكو سەركردەكانی كورد چاوییان لێدەكرد تا 25ی ئەیلولیش، بەڵام سەرباری ماڵە پەرتەوازەكەی، حیزبە كوردستانییەكان لە كوچە و كۆڵانەكان شەڕێكی شاراوەی ساردو سەخت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترینی ئەو كورسییانەی پشكی هەرێمن لەپەرلەمانی عێراق كە 46 دانەن بەرپاكردووە. 

ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمەكەی عێراق‌و كورد جیاوازیی زۆری لەوانی پێشووتر هەیە، ئەمجارە دەنگدەران هاموشۆی سێ دیارترین سەركردەی سێ كوچكەی حیزبە گەورەكانی كوردستان نابینن و هێماكانی ئەوانیش بۆ سەركەوتنییان لێ دیار نییە، ئەمەش تارماییەكی زۆری لەسەر دەنگدەران بەجێ هێشتووە. 

مەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، سێ كەسی یەكەمی ئەو سێ لایەنە سیاسییە، كە هەریەكەیان بەجیا بۆ هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار لیستییان هەیەو دووی دواییان بەهۆی مردنەوە دیار نیین و بارزانیش بەهۆی ریفراندۆمەوە، وایكردووە بانگەشەكان ساردببنەوە، بەتایبەت لەوڵاتێكدا، كە كەسی یەكەمی حیزبەكان زۆر جار لە بری دامەزراوەكانیش كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دەنگدەران و لایەنگرانییان هەیە.

ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرتیپ جەوهەر لەلێدوانێكدا دان بەوەدا دەنێت، كە نەبوونی تاڵەبانی لە بانگەشەكاندا بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار كاریگەریی لەسەر حیزبەكەی ئەوان دەركەوتووە، ئەو لەنێو بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەهەولێر كە لەبری خودی تاڵەبانی وێنەكانی بەگەورەیی هەڵواسراون دەڵێت: "ئێمە دەتوانین لەچەند سوچێكەوە قسە لەسەر نەبوون‌و نەمانی كەسی یەكەمی ئەو حیزبە سیاسییانە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بكەین، یەكەمیان ئەوەیە مام جەلال و مەسعود بارزانی پێشتر رۆڵ و كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دەنگدەری خۆیان، بەتایبەت مام جەلال كاریگەریی لەسەر دەنگدەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە". 

سەبارەت بەسكرتێری گشتیی حیزبەكەی، كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە پتر دەڵێت "بەنەخۆش كەوتنی تاڵەبانی عێراق و هەرێمی كوردستان نەخۆش كەوت و باری سیاسیی و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداش ئاڵۆز بوو، مام جەلال و سەركردەی لە شێوەی ئەو كە كەسی یەكەمی حزبەكانی خۆیانن شوێنی دامەزراوەی حزبییان گرتبوویەوە و وەكو مەرجەعی یاسایش بوون بۆ حزب، دیارنەمانی ئەو كەسانە لەسەر ساحەی سیاسی قۆناغێكی نوێی هێناوەتە كایەوە، بەتایبەت ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان زیاتر پەرت بوون و دەنگەكان زیاتر پەرت بوون و ئەمەش وایكردووە كاریگەریی لەسەر مەسەلەكان لە دوای هەڵبژاردن زیاتر دەربكەوێت". 

ئەو ئەندامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدرێژەی قسەكانیدا دەشڵێت: پێشتر یەكێتی و پارتی وتوێژییان لەگەڵ بەغدا دەكرد لەسەر پشكی كورد و زۆر شتی دیكە، بەدیاریكراویش لەنێو ئەم دوو حزبە مام جەلال و مەسعود بارزانی بوون، بەڵام ئێستا یەكێتی و پارتی دەنگەكانییان كەمی كردووە، هەروەها حزب و لایەنی نوێ هاتوونەتە گۆڕەپانەكەوە، بۆیە هەستكردن بە دیارنەمانی كاریزماكان لەدوای هەڵبژاردن زیاتر دەردەكەوێت". 

ئەو دەشیوت كورد دەتوانێت هاوپەیمانییەتییەكی هاوبەشی هەبێت یان لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و پێكەوە وتوێژ لەگەڵ بەغدا دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "بەگشتی كورد ئەو كاریگەرییەی جارانی نەماوە لەعێراق بەهۆی نەمانی ئەو كەسانەوە بە پلەی یەكەم، هەروەها بەهۆی شكستی ریفراندۆم و ئەو مەسەلانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە هاتووەتە كایەوە". 

كەمتر لەساڵێكە بەهۆی مردن و رووداوەكانەوە هەرسێ سەركردە دیارەكەی هەرێمی كوردستان، كە لەلای لایەنگران و پەیڕەوكارانی حیزبەكانییانەوە بە "كاریزما" ناودەبرێن گۆڕەپانی سیاسی هەرێمییان چۆڵكردووە و بەجێ هێشتووە، ئەوانیش هەریەك لەمەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا، كە دووی كۆتاییان بەهۆی مردنەوە لەیەك ساڵدا ئێستا گۆڕەپانەكەیان بەجێ هێشتووە، هەرچی بارزانیشە بەهۆی ریفراندۆم، ئێستا نایەوێت دەربكەوێتەوەو هاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان بۆ دەنگدان بە كاندیدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتێكدا لە پێش 25ی ئەیلوول هەمیشە بانگەشەی بۆ جیابوونەوە لەعێراق دەكرد و خەڵكی دنە دەدا تا دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن. 

جەلال حوسامەدین تاڵەبانی سەركۆ كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو حیزبەی هێشتا لە هەرێمی كوردستان خاوەنی زۆنێكی جوگرافییە، لە ساڵی 1933 لەدایك بووە و لەدامەزراندییەوە تا مردنی لە ساڵی 2017 سكرتێری حزبەكەی بووە، ئێستا حزبەكەی چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكە بە "چارەنوسساز" ناوی دەبات، ئەگەرچی ئێستا تاڵەبانی گەورە مردووە، وەلێ چەندین تاڵەبانی كە خۆیان بە"شوێنگرەوە"ی دەزانن بەهەمان نازناو و لە هەمان پەیوەندیی خوێن شار بە شار دەگەڕێن و دەیانەوێت خەڵكی دەنگ بەو پڕنسیپانە بدەن كە ئەمان ناویان لێ ناوە "رێبازەكەی مام"، سەرباری ئەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت ئەم نەبوونییەی تاڵەبانی نەبێتە ئەو لەمپەرەی ساتمەیەكی دیكەی پێ بداتەوە بەشێوەیەك دەنگەكانی پەرت و بڵاوتر بكات، لە پاڵ ئەم راستییە تاڵەدا ئێستا لەپاڵ نەبوونی تاڵەبانی، جێگری دووەمی پێشووی تاڵەبانیش "بەرهەم ساڵح" لە دەرەوەی گۆڕەپانەكەی یەكێتی كاردەكات و خەڵك لەدەوری قەوارە نوێیەكەی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری" كۆدەكاتەوە و بەشێك لە یەكێتییەكانیشی راكێش كردووە. 

غیابی تاڵەبانی گورزی كەمەرشكێنە لە پشتی یەكێتی وەكو چۆن دیارنەمانی بارزانی بۆ پارتی و نەوشیروان بۆ گۆڕان، چوون ئەمان "كۆكەرەوە"ی كۆتر و بازەكانی ئەو حزبە و باڵ و ئاڕاستە جیاوازەكانی نێو لایەنەكانی خۆیانن. 

هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان رابەر تەڵعەت لەبارەی ئەو پرسەوە بۆچوونی وایە لەهەموو پارتێكی سیاسی رۆڵی كەسی یەكەم، یان سەركردە و دەموچاوی یەكەم حزبەكە ناسراوە و كاریگەریی لەسەر چەند لایەنێكی جەماوەری هەیە، جگە لەلایەنی نێوخۆیی حزب، جگە لە داهاتووی سیاسیی پارتەكانیش، گرنگترینییان جەماوەری ئەو پارتە دیاریكراوە چاوەڕوانی زۆریان لە سەركردەكانییان هەیە.ئەو دەڵێت "سەركردەی كاریزمی ئەوەیە كە ئیدارەی ناكۆكییەكان دەدات و ناكۆكییەكان كە كێشەكان دەگەنە لای ئەو كۆتاییان پێدێ، كەسێكە توانای ئەوەیە خەڵكی لەسەر هێڵێك كۆ بكاتەوە و پەیوەندییەكی راستەوخۆی قوڵ و سۆزداری لەگەڵ جەماوەر دروست بكات، بۆیە رۆڵی كەسی یەكەمی پارتەكان گرنگە و ناكرێت نادیدەی بگرین". 

سەبارەت بەنەمانی نەوشیروان مستەفاش رایدەگەیەنێت "راستە كاك نەوشیروان مستەفا لەناوماندا نییە و لە ژیاندا نەماوە، بەڵام بەرنامە و پەیامەكانی كە لە بزووتنەوە دایڕشتبوو ئەوەیە هاوڕێیەكانی بە ئەمانەتەوە كار بۆ ئەو ستراتیژییەتە و ئەو بەرنامانە دەكەن". 

لەبارەی قۆناغی پاش هەڵبژاردنەكان و ئەو كاتانەی دانووستاندن بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەست پێدەكات ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان دەڵێت "دوای هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دانوستانەكان و هەریەك لەو حزبانەی باس لە سەركردەی یەكەمییان دەكەین دەبێت بەشێوەی دامەزراوەیی رۆڵی كاریزما كە غیابی هەیە دامودەزگا حزب بەڕێوەببات و بتوانن ستراتیژییەكی روون و دروست ببنەوە پێشەوە لە بەرژەوەندیی نەتەوەكەیان". 

دەربارەی بانگەشە و بەشداریی كەسانی یەكەمی حزبەكان لە بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەڵێت "باوەڕم وایە كەسی یەكەم گوتارێك و بەرنامەیەك و ستراتیژێك لەسەر زمانی ئەوانەوە خێراتر و گەرموگوڕتر دەكات، بۆیە نەمانی ئەوان كاریگەریی لەسەر حزبەكان هەبووە، بەڵام ئیتر ئەمە قۆناغەكانی تەمەنە و دەبێت لەگەڵ ئەوە رابێین كە بگەڕێنەوە بۆ قۆناغی دامەزراوەیی، تەحەدای بەردەم حزبە سیاسییەكان ئێستا ئەوەیە پەیوەندیی و بەرامبەر بە كۆمەڵگە و چۆن بتوانیین بیبەینە قۆناغی دامەزراوەیی، رەنگە كەمتر خۆ ئامادەكاری هەبێت لەئێستادا، بەڵام زوو یان درەنگ دەبێت بچینە پێشەوە". 

نەوشیروان مستەفا ئەمین كە بە" كاكە نەوە" لەنێو هەوادارانیدا ناوزەند دەكرێت، یەكێك لە دامەزرێنەرانی حزبەكەی تاڵەبانییە، بەڵام دواجار ناكۆكییەكانییان لەگەڵ یەكتر لە ساڵی 2006 لەیەكتری دابڕین و لە ساڵی 2009 لیستێكی لەدەرەوەی لیستی حزبەكەی تاڵەبانی دروستكرد و ناوی لێ نا "گۆڕان"، ئەم حزبە ئێستا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێشتا تاپۆی زۆنی سەوزی بەناوەوەیە ركابەرایەتی سەرسەختی بۆ لێسەندنەوەی ئەو خاوەندارێتیەیە، بۆ ئەمەش دەیەوێت زۆرترین دەنگ بچنێتەوە، بەڵام ئەم ركابەرایەتییەی بزووتنەوەكە لە غیابی نەوشیروان مستەفا كەسی یەكەمی پێشووی گۆڕانە و چاوەڕوان دەكرێت ئەم تاقیكردنەوە بۆ گۆڕان "سەخت" بێت. 

نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی هەڤاڵ و برا پشتی نیو سەدە خەباتی پێكەوە بوون لە شاخ و لەشاردا، دواجار سیاسەت لێكی جیاكردنەوە دوای ئەوەی شەڕ و خەباتی چەكداری كۆی كردنەوە، ئەم دوو كاراكتەرە لە دوای ساڵی 2006ەوە لەهاوخەباتییەوە بەرەو یەكتر تەخوینكردن هەنگاوییان هەڵهێنا و بوون بە دوو ركابەری سەرسەخت، ئەگەرچی دواتر تارادەیەك پەیوەندییەكانییان هێمنتر بوونەوە، وەلێ شار و سیاسەت وای لێكدابڕاندن كە نەبوونەوە بە دوو هاوڕێیەكەی شاخ، هەریەكەیان بۆ لیستێكی جیا و حزبێكی جیا بانگەشەیان بۆ لیستەكانییان بۆ هەڵبژاردنەكان دەكرد. 

ئێستا بزووتنەوەكەی نەوشیروان مستەفا "گۆڕان" لەرێگەی سەركردەكانییەوە دەیەوێت ئەوە بۆ لایەنگرانی بسەلمێنێت كە بەبێ نەوشیروان مستەفاش بزووتنەوەكەیان هەر لەسەر پێیە، وەلێ هێشتا زۆر لایەنگر و دەنگدەری ئەم بزووتنەوە بیری تۆنی دەنگی نەوشیروان مستەفا و هێماكانی سەركەوتن لە پەنجەكانی ئەمەوە دەكەن، بەڵام سەركردەكانی ئەم حزبە پێیان وایە مردنی نەوشیروان مستەفا بەو چەشنە گەورەیە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانییان نابێت كە كەمییان بكاتەوە، پێچەوانەكەیان پێ راستترە كە دەنگی ئەوان هەڵدەكشێت، دەشڵێن سەرۆكەكەیان "كاریزما" بوو، بەڵام هێشتا "رێباز"ەكەی زیندووە و لەسەری دەڕۆن. 

هێشتا لێدوانی روون لە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هۆكاری بەشداریی نەكردنی بارزانی كەسی یەكەمی ئەو حزبە لە بانگەشەكان بۆ هەڵبژادن نییە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە لێكەوتەكانی ریفراندۆم كاریگەریی گەورەی لەسەر ئەو پرسە هەیە، بارزانی كە بانگەشەی بۆ سەربەخۆیی بوو، ئێستا بۆ ئەوەی نەكەوێتە هەڵوێستێكی پێچەوانەوە نایەوێت دەربكەوێتەوە و لە بری ئەو كەسایەتی دووەمی حزبەكەی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و كوڕەكەی، مەسروور بارزانی ئەو جێگەیەیان پڕكردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمان سوورن لەسەر ئەوەی "ریفراندۆم هەڵە نەبوو، مافێكی سروشتیی گەلی كوردە". 

مەسعود مستەفا بارزانی، لە 1946 لەدایكبووە، لەساڵی 1979ەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە ناوەڕِاستی ساڵی 2005ەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو تا 28ی ئۆكتۆبەری ساڵی پار كە بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم و كاردانەوەكانی نامەیەكی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان و تێیدا رەتی كردەوە بەردەوام بێت لە پۆستەكەی وەكو سەرۆكی هەرێم و دواتریش دەسەڵاتەكانی بەسەر دامەزراوەكانی هەرێم دابەشكرا. 

بارزانی، كە پێشەنگی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 بوو، جیاواز لە جارانی پێشوو لە بانگەشەكانی حزبەكەی نابینرێت، ئەو ئێستا لەنێو دیمەنە زەردپۆشەكانەوە دەرناكەوێت تا بە پەیامەكانی پشتی حزبەكەی قایمتر بكات و پێیان بڵێت دەنگییان پێ بدەن، بارزانی پێش ئەیلوولی پار دەستوەردانی وڵاتان و چەند تێبینی و راوێژێكی زلهێزەكانیشی رەتكردەوە بۆ دواخستنی ریفراندۆم و دواتر كە ئەنجامدرا حكوومەتی عێراق بەزەبری هێز ناوچە كێشە لەسەرەكانی لە هەرێم وەرگرتەوە و سزایەكی ئابووری سیاسی گەورەی خستە سەر هەرێم كە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەدەستییانەوە دەناڵێنێت. 

بارزانی، كە لەگەنجێتییەوە بەشداریی شۆڕشەكانی خەڵكی كورد لەدژی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی كردووە، هاوڕێ و هاوخەباتی هەریەك لە تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بووە، ئەو پاش گێمێكی درێژی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ تاڵەبانی رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە كپكردنەوەی دەنگی چەكەكان. 

پێشتر دەنگی بارزانی و پەیامەكانی بۆ پارتییەكان و بەشێك لەو دەنگدەرانەشی كە هیچ ئینتیمایەكی سیاسییان نییە مسۆگەر كردبوو، دەركەوتنی بارزانی لە بۆنە و بانگەشەكاندا كۆكەرەوەی پارتییەكان بوو، بەڵام ئێستا بارزانی بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ حزبەكەی ناكات، ئەو ئێستا لەدووری هەرێمی كوردستان چاودێریی دۆخەكە دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا پارتییەكان بارزانی بەو "كاریزما"یە دەبینن كە توانی ریفراندۆم ئەنجامبدات و ئەو بەڵێنەی كە دابووی بردییە سەر، هەر بۆیە ئێستا لە بری بارزانی باوك، ئەوانی دیكە جڵەوی بانگەشەكانیان بۆ لیستی حزبەكەیان توند گرتووە و لێرە و لەوێ ئەگەڕێن بە نێو خەڵكدا تا نەهێڵن ئەو بۆشاییەی لە غیابی بارزانیدا دروستبووە كاریگەریی لەسەر دەنگەكانی ئەم حزبە هەبێت. 

دیارنەمانی ئەو سێ سەركردەیەی كورد شوێن پەنجە لەسەر حیزبەكانییان و هەرێمیش بەجێ دەهێڵێت لەم هەڵبژاردنەی 12ی ئایار، بەڵام پێدەچێت ئەو دیارنەمانە كاریگەریی گەورەتر لەسەر وتوێژەكانی كورد و بەغدا زەقتر بێت، بەتایبەت لەگەمەی پێكهێنانی حكوومەت و پشكەكانی كورد لە عێراقدا كە كورد بەهۆی رووداوەكانەوە گەڕاوەتەوە بۆ یاریكەرێكی لاواز.