لەسەر شۆستەكان كاردەكەن.. ژنان لەكەركوك رەنگی شەقامەكان دەگۆڕن

عیراق

05/05/2018‌ 735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەشێك لەژنانی كەركوك بەرەنگاری تەشقەڵە‌و قسەی خەڵك‌و نەریتی كۆمەڵایەتی بوونەتەوە‌و توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیان‌و دەستڕەنگینیان بەرهەمێكی ناوازە پێشكەش بكەن.

فەلیحە بە لێوەشاوەیی‌و كەشخەیی لەسەر كورسییە پلاستیكییەكەی دانیشتووە‌و چەند كاڵایەكی  رەنگا‌ورەنگی ژنانەی لەبەردەمدایە، ئەو خشڵ‌و كەلوپەلی جوانكاری ژنانە‌و پیاوانەی وەكو مستیلە‌و تەسبیحی جیاجیای تایبەتی خستووەتەڕوو كە بەدەستی خۆی دروستیكردوون.

ماندوویی‌و شەونخونی بەرووخساری ئەو ژنە چل ساڵانەیەوە دیارە كە رەنگە لە تەمەنی خۆی گەورەتر دەریبخات، چونكە سەرەڕای جوانی شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ كڕیارەكانی‌و رێكپۆشییە گونجاوەكەی، بەڵام سەختی ژیانی بەڕوونی پێوە دیارە.

فەلیحە، كە خەڵكی شاری كەركوكە بەربەستی ترس‌و دوودڵی شكاندووە‌و كاری لەسەر شۆستەی شەقامەكان دەستیپێكردووە‌و بەرهەمەكانی بەو فرۆشیارانەی دیكە دەفرۆشێتەوە كە لە چەند ناوچەیەكی شارەكەدا بڵاوبوونەتەوە‌و لەلایەن ئەو ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن كە لەسەر دەستی ئەو فێربوون‌و پیشەكەیان وەرگرتووە تا وەكو ژنێكی زەحمەتكێش بژێوی خۆیان پەیدا بكەن.

دەستڕەنگینی‌و بیرۆكەی جوان لەو كەلوپەلانەدا بەرجەستە بوون كە ژنەكان لەسەر مێزێكی بچووك لەبەردەم خۆیاندا رایانخستوون، ئەویش دوای ئەوەی بەرەنگاری كۆمەڵگە‌و كۆتوبەندەكانی بوونەوە، لەوبارەیەشەوە فەلیحە دەڵێت: " كارەكانم دەستپێكرد‌و بەرەوپێشم بردن سەرەڕای بەرهەڵستی كەسوكارم بۆ بیرۆكەی راوەستانم لەسەر شۆستەكان بەهۆی تێڕوانینی ناشیرینی كۆمەڵگە بۆ كاری ژنان لە هەلومەرجێكدا كە شەقام‌و رێبواران حوكمی دەكەن، بەڵام هاوسەرەكەم یەكەم پشتیوانم بوو".

فەلیحە لەدایكبووی بەغدایە‌و لەساڵی 2005دا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی تایفی لە عێراق بەتایبەتیش لە پایتەخت، هاتووەتە كەركوك، ئەو بەرپرسیارێتی خێزانەكەی هەڵگرتووە بەتایبەتی كە كوڕێكی هەیە بەهۆی نەخۆشی لە بڕبڕەی پشتیدا توانای جموجوڵی نییە.

ئەم هاوسەر‌و دایكە سەختی بژێوی‌و نەخۆشی كوڕەكەی كردووەتە دەرفەتێك بۆ داهێنان، ئەویش پاش ئەوەی دركی بەوەكرد توانای هەیە مورووی رەنگاوڕەنگ رێكبخات‌و بەوردی كاریان تێدا بكات‌و لەشێوەی بابەتی جوانكاریدا دایانبڕێژێت وەكو بازن‌و گوارە‌و هەموو جۆرەكانی جوانكاری‌و چنین‌و دروومان جگە لە دروستكردنی سینی مارەكردن كە یەكێكە لە نەریتەكانی كۆمەڵگەی عێراقی.

فەلیحە بە پشاندانی كاڵاكانی لەسەر مێزێكی زۆر بچووك لە شەقامی قودس لەناوەڕاستی شاری كەركوك دەستیپێكرد‌و رووبەڕووی چەندین تەشقەڵەپێكردن بووەوە‌و لەبەهای ئەو بەرهەمانەیان كەمدەكردەوە كە دەیخستنەڕوو، بەڵام ئەو هەر خۆڕاگربوو، چونكە توێژێكی خەڵكی زەحمەتكێش هەن پشتیوانی خۆی‌و ژنە هاوڕێكانی دەكەن.

ئەو دەڵێت: "ژمارەمان گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ژن‌و لەپشتی مێزەكانمانەوە دەوەستین‌و بانگەشە بۆ بەرهەمەكانمان دەكەین تا بژێوی خۆمان پەیدا بكەین، هەموو ئەو ژنانە پەرۆشن بۆ كارەكەیان‌و هەستێكی هونەریشیان هەیە لە دیزانیكردنی بابەتەكانی جوانكاری‌و بە كەمێك هاندانی من‌و یارمەتیدانیان لە كارەكەدا بوونەتە بەشێكی گرنگ لە تیمەكە".

یەكێك لە ئاواتەكانی ئەم خانمە كە دیارە سەرسەختە‌و زەحمەتە خۆی بۆ قەدەر بدات بەدەستەوە، ئەوەیە دوكانێكی بچووكی هەبێت تا بەرهەمەكانی تێدا پیشان بدات‌و بیانگەیەنێتە هەموو پارێزگاكانی عێراق، چونكە خۆی‌و گرووپەكەی بەشداری لە زۆربەی ئەو چالاكی‌و فێستیڤاڵانەدا دەكەن كە لە هەندێك لە كۆلیجەكانی زانكۆی كەركوك یاخود كۆڕەكانی ژناندا رێكدەخرێن.

ئەو بە زەردەخەنەیەكەوە كە زۆربەی ددانەكانی دەرخستبوو، وتی: "گرنگترین ئامانجم پشتیوانیكردنی ئەو ژنانەیە كە داهاتیان سنووردارە وەكو من یاخود ژنانی بێ هاوسەر‌و جیابووەوە‌و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆیان تەنانەت ئەگەر كارێكی سادەش بێت، ئەویش لەرٍێی كردنەوەی خولەوە بۆئەوەی فێری پیشە دەستییە جیاجیاكان ببن ئەمە جگە لە هونەری چێشتلێنان، چونكە خۆم چێشتلێنەرێكی لێهاتووم" هاوسەرەكەشی كە لەنزیكیەوە وەستابوو، قسەكەی پێ بڕی‌و بەشانازیەوە ستایشی كرد‌و وتی: "فەلیحە چێشتلێنەرێكی زۆر نایابە‌و خواردنەكانی لە گەورەترین چێشتخانەكانیشدا پێشكەش ناكرێن".

فەلیحە كەرەستەكانی دروستكردنی ئەو بابەتە جوانكاریانە لە شاری بەغدا دەكڕێت ئەو شارەی زۆر دەمێكە عاشقی بووە لەپاڵ شارەكانی هەولێر‌و سلێمانیدا، چونكە لەوێ بازرگانی لێیە پشتیوانی دەكەن‌و كەرەستەكانی بە نرخی كۆ پێدەفرۆشن‌و نرخەكانیش بەپێی كوالیتی كەرەستەكان جیاوازن.

لەنزیك خاتوو فەلیحەوە كچێكی گەنجی دیكە كاڵاكانی لەسەر مێزێكی تەنیشتی راخستبوو، بە شێوازی قسەكانیدا وادیاربوو خوێندەوارە‌و بازاڕ‌و شێوازی قسەكردنی كاریگەریان لەسەر زمانی نەبووە، چونكە بە لێهاتووییەكی نائاسایی لەلای فرۆشیارەكانی دیكە قسەی دەكرد.

نور عادل، كە لە بیستەم بەهاری تەمەنیدایە، بەوپەڕی متمانە‌و سەنگینییەوە وەستاوە‌و جلوبەرگێكی پۆشیوە توانای یاریكردنی بە رەنگەكان دەردەخات كە لەسەر مێزە رازاوەكەی بەرجەستەبووە، هەندێك لە بەرهەمەكانی خۆی پۆشیوە وەكو بازنێك كە ناوی خۆی لەسەرە‌و ملوانكەیەك لە مووروی رەنگاوڕەنگ.

ئەو كە خوێندكارە لە كۆلیجی كارگێڕی‌و ئابووریە لە زانكۆی تكریت، رێگەی نەداوە شەرم ببێتە رێگر لەبەردەمیدا‌و دەستیكردووە بە پەیداكردنی بژێوی خۆی لەرٍێی فرۆشتنی بەرهەمەكانی جوانكاریەوە، لە هەمان كاتیشدا خوێندنی ژمێریاری فەرامۆش نەكردووە.

نور بە "نیقاش"ی وت:"ئەركی فرۆشیاری لەسەر شەقام سەرەڕای سەختییەكەی كە مامەڵە لەگەڵ  هەموو توێژەكانی كۆمەڵ دەكەین، بەڵام دەروازەیەكیشە بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆم‌و خێزانەكەم، چونكە باوكم بەدەست هەندێك نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت كە بێكاری كردووە، بەڵام هەندێك جار یارمەتیم دەدات‌و مێزەكەم بۆسەر شەقامەكە بۆ هەڵدەگرێت" بەپێكەنینیشەوە دەڵێت: "هەندێك جاریش ناچار دەبێت لە تەنیشتمەوە بوەستێت بۆ رێگریكردن لە تەشقەڵەپێكردنم بەتایبەت لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا".

نور وتیشی: "هەوڵدەدەم خوێندنەكەم‌و كارەكەم پێكەوە بگونجێنم لەپاڵ یارمەتیدانی دایكم لە كاری ماڵەوەدا، بۆیە كاتەكانم رێكدەخەم بۆ نموونە بە سەیركردنی زنجیرەی دراما یاخود فیلم یان هەرشتێك لە جێبەجێكردنی ئەركەكانم بكات، بەفیڕۆی نادەم".

نور خوێندكاری قۆناغی چوارەمە‌و هیواخوازە لە كۆلیج دەربچێت‌و نەچێتە ریزی ئەو خوێندكارانەی چاوەڕوانی چارەسەربوونی قەیرانی دامەزراندن لە عێراق دەكەن، بۆیە ئومێدی هەیە دەرفەتی كاری لە یەكێك لە دامەزراوە حكومییەكاندا دەستبكەوێت تا یارمەتی كەسوكاری بدات لە باشكردنی باری داراییان.

ئەو بەدەم رێكخستنی كاڵا رازاوەكانیەوە بە "نیقاش"ی وت: "لەدایكمەوە دروستكردنی هەموو جۆرە خواردنێك فێربووم بۆیە ئەو پیشەیەشم خستووەتە بواری كارەكەم‌و دەستمكردووە بە دروستكردنی چەندین خواردنی شیرین‌و سوێر كە لەماڵەوە بەپێی داواكاری كڕیار‌و بەنرخێكی گونجاو ئامادەیان دەكەم".

نور پێی وایە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بواریان لەبەردەم كارەكەیدا كردووەتەوە، بۆیە بەرهەمەكانی لەرٍێی فەیسبووك‌و ئەنیستاگرامەوە دەخاتەڕو‌و دەیانفرۆشێت، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "زۆرجار لە رێی فەیسبووك یان ئەنیستاگرامی تایەبت بە پەیجەكمان داواكاریمان بۆ دێت‌و جێبەجێیان دەكەین‌و ئەم كارەش بووەتە هۆی ئەوەی بناسرێین".

چەند كەسێك لەبەردەم هەدوو مێزەكەدا كۆببوونەوە لە كڕیار‌و ئارەزوومەندی بینینی كارە جوانەكانیان، كەسانێكیشیان تێدابوو دەستخۆشیان لێدەكردن بۆ بەردەوامبوون لەسەر كارەكەیان‌و گوێنەدان بەقسەی ئەو كەسانەی دەیانەوێت ورەیان بڕووخێنن یان لە بەهای كارەكانیان كەم بكەنەوە، ئەوەش زیاتر سووری دەكردن لەسەر بەردەوامبوون‌و پێشكەشكردنی باشترین بەرهەم.