سێ‌ ركابەری‌ سەرسەخت
لایەنەكانی‌ كەركوك دەیانەوێ بەشەڕی نەتەوەیی گرەوەكە ببەنەوە‌

عیراق

05/05/2018‌ 2187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەڵبژاردنی‌ ئەمجارەی‌ كەركوك بەهەموو جۆرێك جیاواز دەبێت لەهەڵبژاردنەكانی‌ رابردوو، چونكە لەنێو كەشێكی‌ بارگاوی‌ نەتەوەییدا بەڕێوە دەچێت، كە هەموو كات ئامادەیە بۆ ئاڵۆزیی.

ئەگەر لەپارێزگاكانی‌ دیكەی‌ عێراق هەڵبژاردن لەنێوان هێزە ركابەرەكاندا بێت، ئەوا لەكەركوك لەنێوان نەتەوە ركابەرەكاندایە، هەریەك لەكوردو عەرەب‌و توركمان بەم هەڵبژاردنانە دەیانەوێ‌ جگە لەچنینەوەی‌ كورسی‌، جۆرێك لەراپرسیش پیشان بدەن كە ئاخۆ كام نەتەوە لەوی‌ دیكە باڵادەستترە.

بۆ هێزە سیاسییەكانی‌ كەركوك ئاسانترین شت ئەوەیە كار لەسەر وەتەری‌ نەتەوەیی‌ بكەن بۆ بەدەستهێنانی‌ دەنگ، بەدیاریكردنی‌ سەرۆكی‌ لیستەكانیشەوە دیارە كە دەیانەوێ‌ بگانە كام ئامانج.

چوار ساڵی‌ رابردوو سیان لەپەرلەمانتارە دیارەكانی‌ كەركوك لەهەر سێ‌ نەتەوە جیاوازەكە زۆرترین ناكۆكییان هەبوو بەرامبەر بەیەكترو بەردەوام لەشەڕێكی‌ میدیاییدا بوون، بۆیە ئەمجارە لایەنەكانی‌ هەر سێ‌ نەتەوەكە ئەو سێ‌ پەرلەمانتارەیان كردووەتە سەرۆكی‌ لیستەكەیان.

لەیەكەم رۆژی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن محەمەد تەمیم نوێنەری‌ عەرەبی‌ كەركوك لەپەرلەمانی‌ عێراق‌و سەرۆكی‌ لیستی‌ هاوپەیمانی‌ عەرەبی‌ كەركوك لەكاتی‌ سەردانیكردنی‌ قەزای‌ حەویجە رایگەیاند "دەبێت لیستەكەمان دەنگی‌ بەهێز بەدەست بهێنێت‌و رەمزەكانی‌ لیستەكەمانیش دەنگی‌ موفاجەئە بن بۆ نەیارەكانمان"، ئەمە سەرەتایی‌ دەركەوتنی‌ ئەو ململانێیە بوو كە تەمیم بەرانبەر بە سەرۆك لیستی‌ پێكهاتەكانی‌ دیكە دەستی‌ پێكرد، تەمیمی‌ بەوە ناسراوە لێدوانی‌ ئاگریناوی‌ دیژی‌ نەتەوەكانی‌ دیكەی‌ كەركوك‌و بەتایبەتیش دژ بەكورد دەدات.

بەهێزترین لیستی‌ توركمانی‌ كەركوك ئەرشەد ساڵحی‌ سەرۆكی‌ بەرەی‌ توركمانی‌ سەرۆكایەتی‌ دەكات، لەنێو هەزاران كەس لەلایەنگرانی حزبەكەی‌ دڵنیایكردنەوە بوونەوە بەپەرلەمانتاری‌ بۆ ئەو بەس نییه،‌ بەڵكو دەبێت سەرۆكی‌ گەورەترین لیستی‌ توركمانی‌ زۆرترین متمانەی‌ توركمانەكان بەدەست بهێنێت تاكو شەری‌ مافی‌ نەتەوەیی‌ خۆیانی‌ پێبكەن لەبەرانبەر دوو سەرۆك لیستەكەی‌ دیكەی‌ كەركوك.

بەڵام بەپێچەوانەی‌ هەوڵەكانی‌ پێشوویەوە رێبوار تەها بەهێزترین سەرۆكی‌ لیستی‌ حزبی‌ كوردیی‌ بوو لەكەركوك داوای‌ كرد تەواوی‌ نەتەوەكان دەنگی‌ پێبدەن، چونكە ئەوان لە پەرلەمانی‌ شەری‌ كەركوكییەكان دەكەن نەك حزبێكی‌ دیاریكراو.

رێبوار تەها ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق‌و سەرۆكی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "بوونی كێبركێی‌ سەرۆك لیستەكان لەتەواوی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق بووەتە دیمەنێكی ئاسایی، بەڵام خاڵی جیاوازی‌ لە پارێزگای‌ كەركوك ئەوەیە سەرۆك لیستە بەهێزەكانی‌ پێكهاتەكانی‌ كەركوك لەماوەی‌ رابردوو زۆرترین شەڕی‌ سیاسیان كردووە لە پێناو پاراستنی‌ دەستكەوتی‌ نەتەوەیی‌ رەنگە هەر ئەمەش دیمەنەكەی‌ كەركوكی‌ جیاواز كردبێت."

ئەوەشی‌ خستەڕوو: "ئێمە دڵنیاین خەڵكی‌ شارەكە بە تەواوی‌ پێكهاتەكان متمانەی‌ زیاترمان پێدەكەن چونكە خەڵك ووشیار بۆتەوە و تۆمەت و هەوڵی‌ كرداری‌ لێك جودادەكاتەوە."

خاڵی‌ وەرچەرخانی‌ بەر لەم هەڵبژاردنە رووداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ رابردوو بوو كە بەهۆیەوە هێزە كوردییەكان لەو پارێزگایە پاشەكشەیان كردو بۆ یەكەمجار دوای‌ چواردە ساڵ دەسەڵاتی‌ فیعلی‌ كەوتەوە دەست هێزەكانی‌ حكومەتی‌ ناوەندو بەوەش كورد كەنارگیرو نەتەوەكانی‌ دیكە باڵادەست بوون.

محەمەد تەمیم سەرۆكی‌ لیستی‌ گردبونەوەی‌ عەرەبی‌ بە"نیقاش"ی‌ ووت "راستە ئێمە سەرۆكایەتی‌ هاوپەیمانێتیەكە دەكەین، بەڵام لەكۆتایدا هەموو كاندیدێك دەیەوێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی‌ بەهێزێكی‌ زیاتر شەری‌ ماف و ئیمتیازی‌ دەنگدەرانی‌ بكات لەبەرئەوە شەڕی‌ ئەمجارەی‌ سەرۆك لیستەكان جیاوازترە لە هەڵبژاردنەكانی‌ رابردوو."

محەمەد تەمیم ئەوەش دەخاتەڕوو "ئەو شەڕەی‌ ئێستا دەكرێت لەنێوان كاندیدو سەرۆك لیست‌و هاوپەیمانێتیەكان شەری‌ هەڵبژاردنه،‌ بەڵام دوای‌ هەڵبژاردن ئەگەری‌ هەیە پێكەوە كاركردن دەستپێبكاتەوە."

ناكۆكی نوێی نێوان سێ‌ سەرۆك لیستە ركابەرەكەی‌ كەركوك دەگەرێتەوە بۆ ئەو ململانێیەی چوار ساڵی‌ رابردوو لەپەرلەمانی‌ عێراقدا لەسەر پرسی‌ پێشمەرگەو ئاسایش‌و بەرێوەبردنی‌ ئیدارییەكانی‌ كەركوك دروستیان كردبوو بەدەگمەن لەسەر خاڵێك كۆك بوون، بۆیە چاوی‌ ئێستای دەنگدەرانی‌ شارەكەش لەسەر ئەو سێ‌ سەرۆك لیستەی پارێزگاكەیە.

ئەرشەد ساڵحی‌ سەرۆكی‌ حزبی‌ بەرەی‌ توركمانی‌ عێراق‌و سەرۆكی‌ لیستی‌ بەرەی‌ توركمانی‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند :"ئێمە ناتوانین لەسەر خاڵێك رێكبكەوین كە دژی‌ پێكهاتەكەمان بێت بۆیە كاتێك هێزێكی‌ كوردی‌ دژایەتی‌ پێكهاتەی‌ توركمانی‌ كردووە بە توندی‌ وەڵاممان داوەتەوە ئەمە ناكاتە ئەوەی‌ بۆ دەنگدان ئەمەمان كردبێت بەڵكو ئەرك بووەو جێبەجێمان كردووە."

ئاماژەی‌ بەوەشكرد "هەڵبژاردنی‌ ئەمجارە نەك تەنیا لەبانگەشەكەی‌ جیاوازترە لەهەڵبژاردنی‌ رابردوو، بەڵكو لەئەنجام‌و كاری‌ ئایندەشی‌ گۆرانكاری‌ بەخۆیەوە دەبینێت."

لەدوا هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق هاوكێشەكە لەقازانجی‌ هێزە كوردییەكان كۆتایی‌ هات، چونكە لەو هەڵبژاردنەدا لەكۆی‌ 12 كورسی‌ پارێزگاكە، كورد هەشت كورسی‌ بردەوەو چوارەكەی‌ دیكە بۆ عەرەب‌و توركمان بوون بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی‌ پێشهاتەكان زەحمەتە جارێكی‌ دیكە كورد هەمان دەستكەوت بچێنێتەوە.

ئێستا رووكاری‌ سەرەكی‌ شەڕی‌ هێزە سیاسییەكان بوونەتە سەرۆكی‌ سێ‌ لیستەكەو هەڵمەتێكی‌ رێكخراویش لەناو شارەكەدا هەیە بەوەی‌ لایەنگرانی‌ هەریەك لەو لیستانەو وێنەی‌ سەرۆك لیستەكانی‌ دیكە لێدەكەنەوە، سەرۆك لیستەكانیش لەهەر بۆنەیەكدا دەربكەون، بەچەكی‌ نەتەوەیی دەیانەوێ‌ سۆزی‌ خەڵك رابكێشن.

خەڵكی‌ كەركوك لەوە دەترسن لەرۆژانی‌ داهاتوودا ئەم ناكۆكییە بۆ بارگرژییەكی‌ زیاتر سەر بكێشێت، هێزە ئەمنییەكانیش گریمانەیەكی‌ لەو شێوەیەیان لەبەرچاوگرتووە، بۆیە لەئێستاوە ئامادەسازی‌ تەواویان كردووە.

رۆژی‌ 26ی‌ نیسانی‌ ئەمساڵدا لیوا مەعن سەعدی‌ فەرماندەی‌ دژەتیرۆری‌ عێراق لەكەركوك بەهاوكاری‌ پۆلیسی‌ گشتی‌و لقی‌ كەركوكی‌ كۆمیسۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق پلانی‌ رۆژی‌ دەنگدانیان راگەیاند كە بەقەدەغەكردنی‌ هاتوچۆی ماتۆڕسكیل لەسەرەتایی‌ مانگی‌ پێنجەوە دەستپێدەكات تاكو دەگەتە رۆژی دەنگدان، ئەو رۆژەش  رێگە بەهاتوچۆی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان نادرێت، بەڵكو ئۆتۆمبێل بۆ هاوڵاتیان تەرخاندەكرێت تا بتوانن بچنە بنكەكانی كۆمسیۆن بۆ دەنگدان.

لیوا مەعن سەعدی‌ لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ئاماژەی‌ بەوەشكرد :" بارودۆخی‌ كەركوك لەرۆژی‌ دەنگداندا جێگیر دەبێت‌و بەبەردەوامیش فرۆكەكانی سوپای عیراقی بەئاسمانی شارەكەدا دەسوڕێنەوەو چاودێری‌ دۆخی‌ شارەكە دەكەن".

كاتێك گوێ‌ لەحیزب‌و قەوارەو پێكهاتە جیاوازەكانی‌ كەركوك دەگریت تەنیا شتی دڵنیا دەبیت لێی‌ ئەوەیە كە هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگترین‌و مەترسیدارترینیش دەبێت لەساڵی 2014 ‌، چونكە یەكەم هەڵبژاردنە لەدوای لاوازی‌ دەسەڵاتی‌ ئیداری‌ و ئەمنی‌ نەتەوەی‌ كورد كە زۆرترین ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ كەركوك پێك دەهێنێت.