پایتەخت كێبڕكێكە توندە دەكات.. بەغدا دەبێتە گەورەترین گرەوی هەڵبژاردن

عیراق

05/05/2018‌ 850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ژمارەی زۆری كاندید‌و قەوارە سیاسییەكان بەتەنیا لەبەغدای پایتەخت، كە بە هەزارانن، رەنگدانەوەی قەبارەی ئەو شەڕە توندەی هەڵبژاردنە حیزبەكان بەرپایان كردووە لەسەر كورسییەكانی ئەو پارێزگایە.

تەنیا لە بەغدا (2188) كاندید لە (41) هاوپەیمانی‌و حیزبی سیاسیەوە كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی (71) كورسی پەرلەمان، كە پشكی بەغدایە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی، لەوانەش (17) كورسییان بۆ ژنان تەرخان كراون‌و دوو كورسیش بۆ كۆتای كەمینەی مەسیحی‌و سابیئە دانراون.

بەغدا، كە نزیكەی حەوت ملیۆن‌و نیو كەسی تێدا نیشتەجێیە، بەوە لە پارێزگاكانی دیكە جیادەكرێتەوە كە تێكەڵەیەكی ئاینی‌و رەگەزی‌و نەتەوەیی تێدایە، لەبەرئەوە هەموو حزبە ئاینی‌و عەلمانی‌و نەتەوەییەكان هەلی كێبڕكێكردنیان لەسەر نزیكەی چارەكی كورسییەكانی پەرلمان هەیە، بەڵام كێبڕكێ گەورەكە لەنێوان حزبە سوننە‌و شیعەكاندا دەبێت.

هاوپەیمانی "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، هاوپەیمانی "سائیرون نەحوە لئیسڵاح" بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر‌و رەتی "حیكمە" بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم، ئەو هێزە شیعە تەقلیدیانەن كە كێبڕكێ لەسەر دەنگی دانیشتووانی شیعە دەكەن.

حزبە شیعەكان بەهۆی ناكۆكی قووڵی نێوان پێكهاتەكانیانەوە لە قورسترین تاقیكردنەوەدان، پێشتر بە یەكگرتوویی‌و لە یەك هاوپەیمانیدا یاخود لەڕێی چەند هاوپەیمانییەكەوە كە كۆكبون لەسەر یەكگرتن لە دوای هەڵبژاردن، دەچوونە هەڵبژاردنەوە، بەڵام دیارە ناكۆكییەكانی ئێستایان فراوانن، حزبی "دەعوە" كە پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەلایە كە بەهێزترین پۆستی وڵاتە، دابەشبووە بۆ دوو باڵ لەنێوان عەبادی‌و مالیكیدا، هەروەك رەوتی سەدریش كە بە سەرسەختییەكانی لەگەڵ حزبە شیعەكان ناسراوە، ئەمجارە دوور رۆیشتووە‌و هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی شیوعی بەستوە.

یەكەم جاریشە هاوپەیمانییەكی نوێی شیعە بەشداری دەكات كە ئەویش هاوپەیمانی "فەتح"ە بە سەرۆكایەتی هادی عامری، هاوپەیمانییەكە بریتیە لە هاوپەیمانی گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران، چونكە هەوڵدەدەن ئەو  ئاستە جەماوەرییە بقۆزنەوە كە لە شەڕەكانی دژ بە رێكخراوی "داعش" بەدەستیان هێناوە، ئەمە جگە لە هەژموونیان لەنێو گەڕەك‌و ناوچەكان، لەڕێی نووسینگەكانیان لە گەڕەكە شیعە‌و سوننەكاندا.

هەریەك لەم هێزە شیعانە (137) كاندیدیان هەیە كە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ كێبڕكێی گەرمی نێوانیان لەسەر كورسییەكانی پایتەخت.

ئەم حزبە شیعانە كێبڕكێیەكی توند دەكەن لە گەڕەكە شیعەكانی بەغدا كە بریتین لە "مەدینە سەدر"‌و "حسێنییە"‌و شەعب" لە باكووری پایتەخت‌و "بەلەدیات"‌و "عوبەیدی"‌و "بەغداد جەدیدە"‌و "زەعفەرانیە" لە خۆرهەڵاتی پایتەخت‌و "بەیاع"‌و "ئیعلام"‌و "شوڕتە"‌و "ئەبو دشیر" لەباشووری پایتەخت‌و "كازمیە"‌و "حوڕیە"‌و "شوعلە"‌و "عەتیفییە"‌و "وەشاش" لە خۆرئاوای پایتەخت.

لەسەر ئاستی كێبڕكێی سوننەش لە بەغدا ئەوا چڕبووەتەوە لەنێوان هاوپەیمانی "قەرار" بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار‌و هاوپەیمانی "وەتەنییە" بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر كە چەند حزبێكی گرنگی سوننە هاوپەیمانییان لەگەڵ بەستووە لەوانە "حزبی ئیسلامی عێراق" بەسەرۆكایەتی  سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و هاوپەیمانی "عەرەبییە" بەسەرۆكایەتی سیاسەتمەدار ساڵح موتڵەگ.

لەپاڵ هێزە سوننە تەقلیدییەكانیشدا، چەند هاوپەیمانییەكی نوێ دەركەوتوون هەوڵی كێبڕكێ لە گەڕەكە سوننەكان دەدەن كە دیارترینیان بریتیە لە هاوپەیمانی "تەزامون" بەسەرۆكایەتی وەزاح سەدید كەسایەتی ناسراوی عەشایری، هەر یەكەشیان لیستێكی بە (137) كاندید پێشكەش كردووە.

ئەم حزبانەش لە نێو گەڕەكە سوننەكانی پایتەختدا كێبڕكێ دەكەن كە بریتین لە "غەزالییە"‌و "عەدل"‌و "حەی جامیعە"‌و "خەزرا"‌و "مەنسور"‌و "یەرموك"‌و "عامریە"‌و "حەی جیهاد" لە خۆرئاوای پایتەخت‌و "ئەعزەمییە"‌و "سڵێخ"‌و "سەبع ئەبكار" لە باكووری پایتەخت‌و "سەیدییە"‌و "دۆرە"‌و "عەرەب جبور"‌و "هۆر رەجەب" لەباشووری پایتەخت.

حیزبە عەلمانی‌و مەدەنییەكانیش كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا یەكگرتوو بوون، لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری دابەشبوون بوونەتەوە، ناكۆكییە گەورەكەش لەنێوان بزووتنەوەی "تەمەدون" بەسەرۆكایەتی پەرلەمانتار فایەق شێخ عەلی‌و حزبی شیوعیدایە، هۆكاری ناكۆكییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حزبی شیوعی لە دیاردەیەكی دەگمەندا لە سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق هاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدر (ئیسلامی) بەستووە، هاوكات "هاوپەیمانی مەدەنی دیموكراتی" بەسەرۆكایەتی غەسان عەتییە بڕیاری داوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكات.

زیادبوونی رەخنەی جەماوەر لەدژی حزبە ئیسلامییەكان‌و هەڵكشانی ئاستی جەماوەری هێز‌و رەوتە مەدەنی‌و عەلمانییەكان لەدوای رێبەرایەتیكردنی خۆپیشاندانەكان لەدژی دەسەڵات لە هاوینی ساڵی 2015وە، وای لە هێز‌و حزبە ئیسلامییەكان كردووە ناوەكانی خۆیان بگۆڕن بۆ ناونیشانی نوێ كە هەڵگری ناوی مەدەنین.

بۆ نموونە "حزبی مەدەنی" كە بە بەهێزی بەشداری هەڵبژاردن دەكات لەڕێی هەڵمەتە فراوانەكەیەوە بە سەرۆكایەتی حەمەد موسەوی كە لەڕاستیدا هاوپەیمانێكی ناسراوی "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"یە بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی.

سەرەڕای ناكۆكی قووڵی نێوان حزبە كوردییەكان‌و پاشەكشەی ئاستی جەماوەرییان لە بەغدا‌و پارێزگاكانی دیكە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئەیلۆلی ساڵی رابردوو، بەڵام بڕیاریان داوە لە بەغداش كێبڕكێ بكەن، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" بە (10) كاندید بەشداری دەكات، لەكاتێكدا پەرلەمانتاری دیاری كورد ئاڵا تاڵەبانی لە هاوپەیمانی "بەغداد" بەشداری هەڵبژاردنی پایتەخت دەكات.

جوڵانەوەی "نەوەی نوێ"ش بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحیدی بزنسمان كە بە نەیاری حزبە كوردییە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان ناسراوە، بڕیاری داوە بەشداری كێبڕكێ لە بەغدا بكات لەڕێی (27) كاندیدەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دانیشتووانی كورد لە بەغدا هەروەك پشت بە دەنگی دەنگدەرانی پایتەخت دەبەستێت لەو سوننە‌و شیعانەی خوازیارن حزب‌و هێزی نوێ هەڵبژێرن نەك كۆنەكان.

هەرچی مەسیحییەكانیشە ئەوا بە شەش قەوارەی سیاسی بەشداری هەڵبژاردن لە بەغدا دەكەن بۆ كێبڕكێكردن لەسەر یەك كورسی تەرخانكراو بۆیان بەپێی سیستمی كۆتا، ئەو هێزانەش بریتین لە "ئەنجومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری"‌و "یەكێتی بەیت نەهرەینی نیشتمانی"‌و "بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی"‌و "هاوپەیمانی كلدانی"‌و "هاوپەیمانی رافیدەین"‌و "بزووتنەوەی بابلیون" كە لەلایەن گرووپەكانی "حەشدی شەعبی"یەوە پشتیوانی دەكرێت.

بە هەمان شێوەش بۆ كەمینەی ئاینی سابیئە كە بەپێی سیستمی كۆتا یەك كورسی لە بەغدا هەیە، شەش كەسایەتی سەر بەو كەمینە ئاینیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن، هەندێك لەو كەسایەتیانەش لەلایەن حزبە گەورەكانەوە پشتیوانی دەكرێن كە چاویان لە بەدەستهێنانی ئەو كورسییەیە.