ئیسلامییەكانی هەرێم لەناكۆكییەوە بۆ یەكگرتن
سەڵاحەدین بەهادین دوای چەندین ساڵ دەچێتە سەر گۆڕی ئەو پیاوەی لێی یاخی بوو

کوردستان

07/05/2018‌ 7558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید
جارێكی دیكە باسی یەكگرتن‌و لێكنزیكبوونەوەی حیزبە ئیسلامییەكان بووەوە رۆژەڤی بزاوتی ئیسلامی لەكوردستان‌، ئەوەش بەپرۆژیەكی سەڵاحەدین بەهادین.

سەڵاحەدین بەهادین، كە ئێستا ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە، ماوەی رابردوو پرۆژەیەكی بۆ یەكگرتنی ئیسلامییەكان پێشكەشكرد، هەرچەندە سەركەوتوو نەبوو لەرازیكردنی تەواوی ئیسلامییەكان، بەڵام ئێستا سەرۆكایەتی لیستێك دەكات، بەناوی "ئیسلامخوازان" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

لەهەرێمی كوردستان سێ‌ لایەنی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامیی، كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی هەن لەگەڵ بوونی چەند رەوتێكی دیكە لەوانە (رەوتی تەسەوف‌و سەلەفییەكان)، كە ئێستا ئەم لایەن‌و رەوتانە ئامادەنین یەكبگرن‌و بەلای هەندێكیشیانەوە كاركردن لەگەڵ یەكتریش «قەدەغەو حەرام» ە.

سەرەڕای ئەو ناكۆكییانە ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و چەند رەوت‌و كەسایەتییەكی ئیسلامی لەچوارچێوەی ئەو لیستە كۆبوونەتەوە، كە سەڵاحەدین بەهادین سەرۆكایەتی دەكات.

لەچوارچێوەی كاری پێكەوەیی، ئەمڕۆ دوو شەممە سەڵاحەدین بەهادین سەردانی گۆڕی مەلا ساڵحی گەورەو مامۆستا مەلا عوسمان‌و مامۆستا عومەر ڕێشاوی‌و مامۆستا مەلا عەلی‌و مامۆستا عەلی محەمەدی لەھەردوو گۆڕستانی شەھیدان‌و گوڵانی لەھەڵەبجە كردووە.

سەردانەكە لەكاتێكدایە، چەندین ساڵ سەڵاحەدین بەهادین ناكۆكی لەگەڵ عوسمان عەبدولعەزیز رابەری كۆچكردووی بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو، كە لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوو لێی یاخی بوو بوو.

ساڵی 1950 بەدواوە، پیاوە خوێندەوارەكانی ئیسلامییەكانی ناوچەی هەڵەبجە‌و هەورامان، فیكرەی ئیخوان موسلیمینیان لەموسڵ‌و ناوەڕاستی عێراق بەرەو هەڵەبجە‌و باشووری كوردستان كێشكرد‌و بوونە سەرمەشقی پەیڕەوانی ئەو رەوتە سیاسی‌و فیكرییەی ئیخوان. 

بەرچاوترین كەسایەتیان (سەڵاحەدین محەمەد بەهادین‌و عومەر رێشاویی‌و عوسمان عەبدولعەزیزبون) ماوەی چەند ساڵێك بەشێوەیەكی نهێنی كاری رێكخستنی ئیسلامیان دەكرد لەناوچەكە، كە توانیان كۆتایی بەدەسەڵاتی چەند دەیەی لایەنە شیوعییەكان لەناچەكە بهێنن، بەتایبەتی لەناوچەی هەورامان‌و هەڵەبجە، كە ئەو رەوتە لەژێر سەركردایەتی سەڵاحەدین بەهادیندابوو.

سەرەتای لێكترازان
یەكگرتوویی‌و یەكبۆچوونی ئیسلامییەكان زۆری نەخایاند كاتێك  ساڵی 1987‌و بەهۆی ترس لەڕژێمی بەعس، هەریەكە لەعوسمان عەبدولعەزیزو عومەر عەبدولعەزیز لەهەڵەبجەوە چوونە دەرەوەو لەوڵاتی ئێران گیرسانەوە، بەڵام چوونە دەرەوەكەیان چوونە دەرەوەیەكی ئاسایی نەبوو، هەر هەمان ساڵ ئەو دوو برایە، كە پێشتر وەك سەركردەی ئیخوانەكانی باشووری كوردستان دەناسران، حیزبێكی نوێیان بەناوی بزووتنەوەی ئیسلامی دامەزراند.

دامەزراندنی ئەو بزووتنەوە ئیسلامییە، لەلایەن ئەو دوو سەركردەی ئیخوان، پەیوەندی بەدوو هۆكارەوە هەبوو، یەكەمیان پەیوەندی بەو ململانێیەوە هەبوو، كە لەنێوان عوسمان عەبدولعەزیزو سەڵاحەدین محەمەد بەهادین هەبوو بۆ ئەوەی رابەرایەتی رەوتی ئیخوان بگرنە دەست، كە ئەوەی یەكەمیان لەناو سەركردە ئیسلامییەكان وەك سەركردەو رابەری رەوتەكە دەبینراوە، سەركردایەتی ئیخوانیش لەعێراق‌و میسر بڕیاری ئەوەیاندابوو ئەوەی دووەمیان بكەن بەسەركردەی ئیخوانەكانی كوردستان.

هۆكاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە، كە عوسمان عەبدولعەزیز وەك چەند سەركردەیەكی ئیسلامی باسی دەكەن، گەیشتبووە ئەو باوەڕەی، رێكخستنەكانی ئیخوان لەو سەردەمەدا ناتوانن خزمەت بەدۆزی كوردو كوردستان بكەن، كە باوەڕیان بەشۆڕشی چەكداری نەبوو، بۆیە بڕیاری پێكهێنانی ئەو بزووتنەوە چەكدارییەی داو بووە سەرەتای لێكترازانی ئیسلامییەكان لەكوردستان، كە تائێستاشی لەسەربێ ئیسلامییەكان بەچەند رەوتێكی جیا ماونەتەوە. 

بزووتنەوەی ئیسلامی لەكوردستان، دوای راپەڕین توانی كاریگەریی زیاتر بەكاربهێنێ‌و ساڵانێكی زۆر لەناوچەی هەڵەبجە‌و هەورامان ئەمارەتێكی ئیسلامی لێدامەزراند‌و سیستمی ئیدارە‌و بەڕێوەبردنی لەحكومەتی هەرێم جیاكردبووەوە، ئەو ساڵانە هەڵەبجە‌و خورماڵ‌و هەورامان بوونە جێی هەزاران ئیسلامیی چەكدار كە لەتەواوی شارەكانی كوردستانەوە دەچوونە ئەوێ. 

دوای دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی لەساڵی 1987 تا دوای راپەڕین رەوتی ئیخوانەكان لەدۆخێكی متبووندابوون، بەڵام ئەو دۆخە زۆری نەخایاندو دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی سیاسی لەساڵی 1994 بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهادین حزبێكی نوێ‌ بەناوی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دامەزارە.

پێچەوانەی بنەماڵەی كوڕانی مەلا عەبدولعەزیزی پریس كە لەهەڵەبجە‌و هەورامان بنە‌و بارگەیان داكوتا، سەڵاحەدین بەهادین‌و هاو خەباتەكانی، لەهەڵەبجە‌ دووركەوتنەوە‌و لەدەرەوەی ناوچەكەی خۆیان پەرەیان بەڕەوتی ئیخواندا، كە دواجار لەبۆتەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستاندا لەهەر خانەقین تا زاخۆ لایەنگر‌و هاوبیریان پەیداكرد‌و تاساڵانی بەر لە2003 بوونە هەڕەشە بۆ هەردوو حزبی حوكمڕان لەهەرێمی كوردستان (پ.د.ك‌و ی.ن.ك). 

گەشەی ئەو رەوتە بەشێوەیەك بوو لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكان، كە ئیدارەی سلێمانی مانگی شوباتی ٢٠٠٠ بەڕێوەیبرد، تێیدا یەكگرتووی ئیسلامیی لەكۆی زیاتر لە٥٠ شارەوانی، شارەوانیی (خورماڵ، سیروان، سەیدسادق)‌و بزووتنەوەی ئیسلامیش (شارەوانیی هەڵەبجە‌و بیارە)ی بردەوەو لەو هەڵبژاردنەی ئیدارەی هەولێر ساڵی ٢٠٠٢ ئەنجامیدا، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەرچەندە هیچ شارەوانییەكی نەبردەوە، بەڵام دەنگێكی زۆری ئەو ناوچانەی مسۆگەركرد‌و بەوەیش نیشانیدا دەتوانێ ببێتە مەترسی بۆ سەر نفوزی هەر دوو حزبی دەسەڵاتدار. 

ئەزموونی دروستبوونی حیزبی ئیسلامیی لەهەرێمی كوردستان بەردەوامی هەبوو، بەشێوەیەك دوای ساڵێك لەدامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سدیق عەبدولعەزیز، كە برای مەلا عوسمان‌و مەلا عەلی بوو، بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامیی (نەهزە)ی دروستكرد، كە توانی لەماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆر لەلایەنگرو رێكخستنی رەوتی ئیسلامیی لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە، بەتایبەتی لەناوچەی هەورامان‌و هەڵەبجە.

نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەساڵە گەشەكانی حزبە ئیسلامییەكان دادەنرێ لەهەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی، ئەو لایەنە نەك تەنیا لەڕووی سیاسییەوە ململانێی پارتی‌و یەكێتی دەكرد، بەڵكو لەڕووی سەربازییەوە رووبەڕووی ئەو دوو هێزەش بوەستێتەوەو ناوچە نفوزی خۆی لەڕووی سەربازییەوە لەهەرێم دیاریبكات.

ئەو بەهێزبوونەی هێزە ئیسلامییەكان وایكرد، كە سەركردەی ئەو حزبانە بیر لەلێكنزیك بوونەوە بكەن، تا ئەوەی لەنێوان بزووتنەوەی ئیسلامیی بەسەرۆكایەتی عەلی عەبدولعەزیز‌و بزووتنەوەی رابوونی ئیسلامیی بەسەرۆكایەتی سدیق عەبدولعەزیز یەكگرتن بێتە ئاراوە.

بیرۆكەی یەكگرتنی ئەو دوو هێزە ئیسلامییە دوای ئەوەبوو كە لەساڵی 1999 عوسمان عەبدلعەزیز وازی لەكاری سیاسی هێناو دەستبەرداری رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو بۆ عەلی عەبدولعەزیزی برای، لەناو سەركردەكانی ئەو دوو بزووتنەوەیە، بیرۆكەی ئەوەش هاتە پێشەوە، كە تەمەنی سدیق عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی راپەڕین چووەتە پێشەوەو توانای ئەو سەركردایەتییەی نەماوە، بۆیە پێشنیاركرا بزووتنەوەیەكی نوێ‌ دروستبكەن، كە لەهەمان ساڵدا بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی لەنێوان سەركردایەتی ئەو دوو هێزەدا دروستكرا، كە ئەمە بەیەكەم ئەزموونی راستەقینەی یەكگرتنی لایەنە ئیسلامییەكان دادەنرێت لەهەرێمی كوردستان.

ئەزموونی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی نەك، سەركەوتوو نەبوو، دوای چەند مانگێك لەیەكگرتن بگرە بووە هۆی پەرتەوازەبوونی ئەو هێزە ئیسلامییە، كە ململانێی پارتی‌و یەكێتی دەكرد، كاتێك لەكۆتایی ساڵی 1999 لەشارۆچكەی تەوێڵە یەكەم كۆنگرەی ئەو بزووتنەوەیە بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بنەماڵەی عەبدولعەزیز یەكەم دۆڕاوی كۆنگرەكەبوون بووە هۆی لێكترازانی تەواوەتی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی كوردستان.

لەكۆنگرەی تەوێڵەدا، مەلا عەبدوڵای قەسرێ‌ دەنگی یەكەمی كۆنگرەكەی بۆ سەركردایەتی هێناو هەریەكە لەعەلی باپیر ئەمیری ئێستای كۆمەڵی ئیسلامیی‌و مەلا كرێكار ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام دەنگی دووەم‌و سێیەمی كۆنگرەیەكەیان هێنا، هەرچی بنەماڵەی عەبدولعەزیزە، مەلا عەلی دەنگی چوارەمی هێنا، كە بەپێی پەیڕەوی كۆنگرەكە بەپێی زۆری دەنگ دەبوو مەلا عەبدوڵای قەسرێ‌ كە دواتر لەساڵی 2003 لەبازگەیەكی پێشمەرگەكانی یەكێتی لەرۆژئاوای سلێمانی كوژرا، ببێتە كەسی یەكەمی بزووتنەوەكە، بەڵام ئەمە لەلایەن بنەماڵەی عەبدولعەزیزەوە رەتكرایەوە، تا ئەوەی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی هەڵوەشایەوەو چەند بەرەیەكی لێدروستبوو.

ئەو بەرانەی لەو بزووتنەوەیە دروستبوو، بریتیبوون لە«دروستكردنەوەی بزووتنەوەی ئیسلامیی بەسەرۆكایەتی عەلی عەبدولعەزیز، دروستكردنی كۆمەڵی ئیسلامیی بەسەرۆكایەتی عەلی باپیرو جیابوونەوەی مەلا كرێكارو هێزی دووی سۆران لەبزووتنەوەكە»، كە دواتر دوانەكەی كۆتایی لەساڵی 2002 لەبیارە جوندلئیسلامیان دروستكرد، بەمشێوەیە یەكەم ئەزموونی یەكگرتنی ئیسلامییەكان شكستی هێنا.

دووەم ئەزموون، كە لەنێوان لایەنە ئیسلامییەكان بۆ یەكگرتن شكستیهێنا، بریتیبوو لەدروستكردنی لیستێكی هاوبەش لەنێوان یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان‌و كۆمەڵی ئیسلامیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە21/9/2013، بەڵام ئەم ئەزموونە نەك هەر تاقی نەكرایەوە، بەڵكو نەتوانرا بكرێتە واقیع‌و پێش لەدایكبوون لەچاڵنرا.

لەساڵی 2013 كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بڕیاریاندا كۆمەڵێك كاری هاوبەشی سیاسی پێكەوە ئەنجامبدەن، ئەوەش بەهەنگاوی دروستكردنی لیستێكی ئیسلامیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستە هەردوو حزب لەناو خۆیاندا راپرسییەكیان بەكادرەكانیان كرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەداتاكانی ئەو راپرسییە لەناو رێكخستنەكانی كۆمەڵ‌و یەكگرتوو دەست «شار» كەوتووە، زیاتر 95% رێكخستنەكانی ئەو دوو لایەنە بەنەخێر دەنگیان بەدروستكردنی لیستەكەدابوو، بۆیە بیرۆكەكە پێش لەدایبكبوون لەچاڵنرا. هەر بەپێی زانیارییەكان، بەدەر لەڕێكخستنەكان، بەشی هەرە زۆری سەركردایەتی ئەو حزبە بەهەمانشێوەی رێكخستنەكانیان ئەو بیرۆكەیان رەتكردووەتەوەو رازینەبوون بەدروستكردنی یەك لیستی ئیسلامیی، كە بیانوشیان ئەوە بووە، كە ئەوان پێشتر لەهەڵبژاردنی 25/7/2009 لەئەزموونی لیستی چاكسازیی‌و خزمەت كە پێكهاتبوون لە(كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، حزبی سۆسیالیست‌و زەحمەتكێشان) شكستیان هێناوە.

سێیەم ئەزموونی لێكنزیكبوونەوەی ئیسلامییەكان، كە تائێستا لەگۆڕەپانی سیاسی ماوە بەڵام بێكاریگەرییە، ئەزموونی دروستكردنی لیستی خزمەتە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەنێوان كۆمەڵ‌و یەكگرتوو.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە 30/4/2014 كۆمەڵ یەكگرتوو بڕیاریاندا بەیەك لیست بچنە ناو ئەنجوومەنەكانی پارێزگاكان (لەسلێمانی‌و هەولێر)‌و لیستی خزمەتیان دروستكرد، كە بەپێی زانیارییەكان بڕیاری پێكهێنانی ئەم لیستە وەك هەنگاوێكی سەرەتایی نراوە بۆ زیاتر لێكنزیكبوونەوەی ئەو لایەنانە، بەڵام بەوتەی سەركردەكانی ئەو حزبانە ئەم ئەزموونە نەك سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو كاریگەرییەكی ئەوتۆشی نەبووە.

لەیەكەم خراپ دەركەوتنی ئەم لیستەدا ئەوەبوو، كە دوای نزیكەی حەوت مانگ لەململانێ‌ لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی، لیستی خزمەت، كە دەیتوانی مملانێكان یەكلایی بكاتەوە، بەتایبەتی لەبەرژەوەندی گۆڕان، بەڵام ئەو دوولایەنە نەیانتوانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن‌و دواتریش لەسەر ئەو نابوێرییەیان سەركردەی ئەو دوولایەنە یەكتریان تۆمەتباركرد.