"مەگەر بەغدا یارمەتی بدات"
یەكێتی چاوی لەبەدەستهێنانی شەش كورسی پەرلەمانییە لەكەركوك

کوردستان

07/05/2018‌ 4020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی یەكێتی لەكەركوك لەبانگەشەكانیاندا جەخت لەوە دەكەنەوە لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگاری لە دەنگەكانیان دەكەن و شەش كورسییەكەی خۆیان لەكەركوك دەهێننەوە، بەڵام بەرپرسێكی یەكگرتوو ئەو ئەگەرە بەدوور دەزانێت‌‌و دەڵێت: "مەگەر بەغدا یارمەتی یەكێتی بدات".

هەفتەنامەی رووداو لەژماری ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، كە لەهەڵبژاردنی رابردوودا یەكێتی لەكۆی 12 كورسییەكەی پارێزگای كەركوك، 6 كورسی بەدەستهێنابوو، پارتیش دوو كورسی، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە پارتی بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بایكۆتی هەڵبژاردنی لەپارێزگای كەركوك كردووە، یەكێتیش كار بۆ ئەوە دەكات هەر هیچ نەبێ‌ پارێزگاری لە دەنگەكانی بكات.

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك بە (رووداو)ی وت: "یەكێتی لە كەركووك كار بۆ پاراستنی نێو ماڵی كورد و چاككردنەوەی هەڵەكانی سەركردایەتی كورد دەكات و پێگەی ئێمە و دەنگدەرانمان شەش كورسی مسۆگەر كردووە". جێگرەكەی ئاسۆ مامەندیش دەڵێت ئەوان كار دەكەن بۆئەوەی پارێزگاری لەو شەش كورسییە بكەن. رەوەند مەلا مەحموود، گوتی: "لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەوڵەكانمان بۆ شەش كورسییە، بەڵام كاریش دەكەین بۆ سەرخستنی دەنگی كورد و بەشداریكردنی خەڵك لە دەنگدان جا دەنگ بە هەر لیستێك بدەن".

حیزبەكان گومانیان لەو بانگەشەیەی یەكێتی هەیە و پێیانوایە دەنگەكانی یەكێتی بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كورتی دەدات. 

یەكگرتووی ئیسلامی لە كەركوك، كە لە سێ هەڵبژاردنی رابردوودا هیچ كورسییەكیان نەهێناوە، ئەمجارە چاویان لە كورسییەكە، ئەوان بەو ئومێدەن پارتییەكانی كەركوك دەنگیان پێبدەن. 

جوان حەسەن، كە كاندیدی یەكگرتووە لە بازنەی كەركوك، لەبارەی دەنگەكانی یەكێتی دەڵێت: ئەگەر یەكێتی رێككەوتنی نەكردبێت بۆ بردنی كورسییەكانی كەركووك لەگەڵ بەغدا، ئەوە یەكگرتوو كورسییەك دەبات. 

جوان حەسەن بە(رووداو)ی وت: "ئێمە رۆژانە بەناو بازار و گەڕەكەكاندا دەگەڕێین و بانگەشە دەكەین. بۆمان دەركەوتووە خەڵكە تووڕەكەش لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەشێكی زۆریان دەنگ دەدەن، بەڵام كەمیان دەنگ بە یەكێتی دەدەن، مەحاڵە یەكێتی هەمان كورسیەكانی 2014 بهێنێتەوە كە شەش كورسی بوو، ئەوەی یەكێتی دەڵێت گوایە شەش كورسی دەهێنن گومان دروست دەكات، ئەوە یان بۆ بانگەشە و چەواشەكارییە، یان رێككەوتنێكی ژێربە‌ژێرە لەگەڵ بەغدا".

جوان حەسەن گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن و دەڵێت: "عێراق سیادەی نییە، هەموو جۆرە كارێكی نایاسایی تێیدا جێگەی گومان نییە، كۆمەڵێك وڵات عێراق بەڕێوەدەبەن، بۆیە رێككەوتن و دابەشكردنی كورسییەكان بە ئارەزووی خۆیان كارێكی ئاسانە، رەنگە بانگەشە و دەنگدانیش تەنیا سیناریۆ بێت بۆ شەرعیەتدان بەو پرۆسەیە و نیشاندانی سیمایەكی دیموكراسی بە پرۆسەكە و پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانیش لە رێگەی سانتلیگۆوە هاوكاری ئەو كارە دەبێ".

كورد لەم هەڵبژاردنەشدا نەیتوانی بەرامبەر عەرەب و توركمانەكانی كەركوك هاوپەیمانێتییەك دروست بكات، تەنیا یەك هاوپەیمانی هەیە، ئەویش لیستی نیشتمانە كە لە كۆمەڵ و گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێكهاتووە. 

ئەوانیش چاویان لەوەیە هەر هیچ نەبێ‌ لە رێگەی ئەو یەكێتییانەی هەواداری بەرهەم ساڵحن كورسییەكی كەركووك ببەن، ئەوان پێشبینی دەكەن كورد ئەمجارە لە كەركوك پێنج بۆ شەش كورسی بهێنێ‌ت‌و زیاتر لە كورسییەك بۆ ئەوان بێ.

حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجوومەنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و گەشەپێدان دەڵێت: "ئەگەر پێشبینییەكانی یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی شەش كورسی تەنیا بۆ پڕوپاگەندە و بەرزكردنەوەی ورەی دەنگدەران بێت، كارێكی ئاساییە، بەڵام ئێمە ترسمان لە ساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی دەنگەكانە، چونكە پێمانوایە هەوڵێكی وڵاتانی دراوسێ هەیە بۆئەوەی دەنگدان لە كەركووك بۆ حیزبێكی دیاریكراو یەكلایی بكاتەوە".

ئەو بەدووری دەزانێ‌ یەكێتییەكان وەكو رابردوو دەنگ بە یەكێتی بدەنەوە و دەڵێت: "ئێمە دەزانین خەڵكی كەركووك چەند تووڕەن، ئەوان دەیانەوێ‌ لە رۆژی دەنگدان تۆڵەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بكەنەوە، بۆیە ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە كورد هەمان دەنگەكانی چوار ساڵ پێش ئێستا ناهێنێتەوە، یەكێتیش دەنگی خۆی ناهێنێتەوە". 

حەسەن بارام وتی: "بە قسەی بریقەدار دەتوانی هەموو كورسییەكان بكەیت بە موڵكی خۆت، بەڵام واقع پێچەوانەكەی دەردەخات، لە كەركووك كە پارتی بایكۆتی كردووە و سەدان كەس بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئاوارە بوونە و بەشێكی زۆری خەڵك نائومێد بوونە، چۆن دەكرێت بڵێین هەمان رێژەی دەنگەكان دەهێنینەوە، یان چۆن یەكێتی سەرەڕای یەكگرتوو و لیستی نیشتیمان كە سێ قەوارەی سیاسی تێدایە، شەش كورسی دەبات ئەگەر ساختەكاری نەبێ". 

جگە لە لیستی نیشتیمان و یەكێتی، حیزبی سۆسیالیست و حیزبی شیوعیش لیستیان لە كەركووك هەیە. سۆسیالیستیش گومانی لەو لێدوانانەی بەرپرسانی یەكێتی هەیە. رەسوڵ رەئوف، سەرۆكی لیستی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "لە غیابی پارتیدا لە كەركووك، یەكێتی پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هێزە سەربازییە عێراقییەكاندا هەیە، راستە لە رووی ئیدارییەوە دەسەڵاتیان نەماوە بەڵام لە رووی پەیوەندییە سەربازییەكانەوە لە هەموو حیزبە كوردییەكان نزیكترن، ئەگەر ئەو قسەیەیان راست بێ و شەش كورسی بەدەستبهێنن، ئەوە بۆ رێككەوتنی نێوان ئەوان و حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە كە باڵادەستن لەو پارێزگایە".

سەبارەت بە دەنگەكانی یەكێتی، رەسوڵ دەڵێت: "وەڵامی خەڵك بۆ كاندیدەكانی یەكێتی ئەوەیە كە یەكێتی لە سێ‌ كورسی زیاتر ناهێنێ‌، ئەگەر شەش كورسی هێنا ئەوە گومان دەكرێ‌ رێككەوتنی پێشوەختە كرابێ‌. چونكە یەكێتی هیچ ئەندامێكی مەكتەب سیاسی یان سەركردایەتی لە كەركووك نییە كە خاوەن پێگەی جەماوەری بن، جا نازانین چۆن دەبنە خاوەنی شەش كورسی".

بەڵام یەكێتی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لە رێككەوتنی پێشوەختە دەكەن. رەوەند مەلا مەحموود دەڵێت :"ئێمە هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ هیچ هێزێكی سەربازی و سیاسی عێراقیدا نەكردووە و ئیستحقاقی خۆمان شەش كورسییە، لەو باوەڕەشدا نین دەنگەكانی ئێمە كەمی كردبێ".

بەپەلە