چەند بانكێكی عێراقی ئامادەن قەرز بدەنە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان

عیراق

08/05/2018‌ 2058 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەجیبە نەجیب  پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی  عێراق بۆ پرسی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزیری دارایی كۆبووەتەو رایگەیاندووە، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ رێباز حەملان كۆبوومەوە بۆ ئەوەی قەرزەكانی بانكی ناوەندی عێراق هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بە "حەملانم وت بەغدا ئامادەیە بە پێی دەستوور بەشە قەرزی هەرێم بدات".

نەجیبە نەجیب، قسەی بۆ ژمارەی ئەمڕۆ سێشەممەی هەفتەنامەی باس كردووەو راشیگەیاندووە "ئێستا لقی بانكی ناوەندی عێراق لەهەولێر هەیە ئاسانكاری باش هەیە بۆ پێدانی قەرزەكە ئەوەی ماوەتەوە هەندێك ئاستەنگن بۆ نموونە كەسێك پڕۆژەیەك پێشكەش دەكات و داوای 10 ملیار دینار دەكات دەبێـت بۆ ئەوە گەرەنتییەك هەبێت لەوانە زەوییەك داندرێت نرخەكەی 2 ملیار دینار بێت، ئەگەر ئەو ئیجرائاتە بكرێت ئەوە كێشە نامێنێت".

ئەو پەرلەمانتارە، روونی كردەوە هەموو داواكارییەكان و هەڵگرتنی ئاستەنگەكان بە وەزیری دارایی دراون‌و بڕیارە جارێكی تر لەگەڵیدا كۆبێتەوەو ئەوەشی راگەیاند "دۆسییەی پێدانی قەرز لای منەو بەردەوامم لە هەوڵەكان بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی  هەرێمی كوردستان لە قەرزەكانی بانكی ناوەندی و قەرزەكانی بانكی رافیدەین و رەشیدیش سودمەند بن".

هەروەا رایگەیاند، ساڵی رابردوودا لەگەڵ بانكی  ناوەندی و بانكی خانووبەرە و كشتوكاڵ و خانووبەرەی عێراق كۆبووینەوە بۆ ئەوەی چی بكرێت بۆ پێدانی قەرزەكان بەهەرێمی كوردستانیش، كە "لە ساڵی 2015  بڕیاردرا 6 تریلیۆن و دینار بۆ قەرزی پڕۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی تەرخانكرا لەساڵی 2017  دەست بە خەرجكردنی پارەكە كراوە كە نزیكی 700 ملیار دینارێك خەرجكراوە ئەوەی تر ماوە ئەگەر رێكەوت لەگەڵیان بكرێت بەشی هەرێمی كوردستانیش دەدرێت".

نەجیب ئاماژەی بەوەشدا بانكی رافیدەین و رەشید بانكی حكومین و سەر بە وەزارەتی دارایی عێراقن‌و رایگەیاند "ئەوان قەرزی هاوسەرگیری و ئۆتۆمبیل كرین‌و خانووبەرە و 100 موچەیی دەدەن، دەكرێت ئەوانەش كوردستان بگرێتەوە پاش ئەوەی بۆ زەمانەتی گەڕاندنەوەی قەرزەكە رێكەوتنكرا.

هەروەها ئاشكرایكرد بانكی رافیدەین و رەشید، كە بۆ قەرزەكانیان لە 2% بۆ 9% سود وەردەگرن بڕیاربوو قەرز بە كوردسان بدەن، بەڵام لەسەر دەمی مالیكی بە پاڵنەری سیاسی راگیرا، رایگەیاند "دوای هەڵبژاردن كێشەكانی هەولێر وبەغدا چارەسەر بێت ئومێدێك هەیە كێشەی پێدانی قەرزیش بەخەڵكی كوردستان چارەسەر بێت".

هاوكات عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندی لەهەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند تاوەكو ئێستا كاروبارەكانی بانكی ناوەندی لەهەرێم نەكەوتووەتە سەر رێچكەی خۆی، بۆیە لە داهاتوودا ئەگەر قەرز بدرێت ئەوە رێنماییەكان بڵاودەكرێتەوە.

پێشووتر ئەیسەر جەبار وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق بە (باس)ی راگەیاندبوو: "ئەگەر لقی ناوەندی بانكی عێراق كارەكای تەواو بێت ئەوە لە هەرێمی كوردستانیش وەكو پارێزگاكانی تری عێراق قەرزە جۆراوجۆرەكان بە خەڵك دەدرێت".

هـ ـ ح