بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داهاتی هەرێمی كوردستان زیاددەكات

کوردستان

10/05/2018‌ 1120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان داهاتی هەرێمی كوردستان زیاددەكات، ئەوەش بەپێی بەدواداچوونێكی فایەق مستەفا پەرلەمانتاری كوردستان.

فایەق مستەفا لەبەدواداچوونەكەی ئاشكرایكردووە، كە نرخی نەوت لەئێستادا ٧٧ دۆلار و ١٣ سەنتەو بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لەهەرێمی كوردستان نزیكەی ٣٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە.

هەر بەپێی بەدواچوونەكەی ئەو پەرلەمانتارە، كە ئەندامی لیژنەی پیشەسازی‌و بازرگانییە لەپەرلەمانی كوردستان بڕی تێچونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ٨ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، "كەواتە داهاتی نەوتی هەرێم لەم مانگەدا و بەو نرخەی سەرەوە (كەتادێ ئەگەری بەرزبونەوەی نرخەكەشی زیاد ئەكات) بەلێ بڕینی ٨ دۆلارەكەشەوە بریتییە لە ٩٠٠ ملیار دینار".

هەروەها ئاشكراشیكردووە، مانگانە بڕی ٣١٧ ملیار دینار لەحكومەتی فیدراڵیەوە دەدرێت بەهەرێم‌و مانگانە بڕی ٢٥ ملیار دینار لەلایەن ئەمریكاوە بۆ مووچەی هێزی پێشمەرگە دابین ئەكرێت، كە كۆی ئەم داهاتانە بەبێ داهاتەكانی ناوخۆ لەباج و ڕسومات و گومرگ و ....هتد بریتییە لە یەك تریلیۆن و دووسەد و چل و دوو ملیار دینار.

پەرلەمانتارەكە باسی لەوەش كردووە، كە بڕی پارەی پێویست لەهەرێمی كوردستان بۆ یەك مانگ بەسیستمە تازە دەستكاریی كراوەكەی موچە بریتیە لە ٧١٧ ملیار دینار، كە كەواتە تەنها لەم مانگەدا (كە هەڵبژاردنی تیادا ئەنجام ئەدرێ!) بڕی داهاتی نادیار و بێ سەروشوێن كراو ٥٢٥ پێنج سەد و بیست و پێنج ملیار دینار ئەبێت.

فایەق مستەفا ئەوەشی ئاشكراكردووە، دەیان ملیار دۆلاری ساڵ و مانگەكانی ڕابردوو لەداهاتی نەوت و داهاتەكانی تری ناوخۆ بخەرە ئەولاوە ،تەنها لەم مانگەدا كەپڕۆسەی هەڵبژاردنی تیا بەڕێوە ئەچێ بڕی پێنج سەد و بیست و پێنج ملیار دینار بێ سەر و شوێن ئەكرێ.

هـ ـ ح