نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان لەبەرزبوونەوە بەردەوامە

جیهان

11/05/2018‌ 566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان رووی لەبەرزبوونەوەی زیاتر كردو نرخەكەی لەسەروو 77 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، كە لەئەنجامی كاریگەری كشانەوەی ئەمریكا لەرێككەوتنی ئەتۆمی ئێران بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەردەوام بووە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە بەرزبوونەوەكە بەرێژەی 3% بووەو ئەگەریش هەیە بەهۆی ناجێگری بازاڕ، نرخەكەی زیاتریش بەرزبێتەوە.

بەپێی ئاژانسەكە، لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژ نرخی نەوتی برێنتی جیهانی 2.44 دۆلار بەرێژەی 3.4% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 77.35 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە، كە ئەوە بەزرترین نرخە لەساڵی 2014وە تۆماریكردووە.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكاش، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، 2.13 دۆلار، بەرێژەی 3% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 71.49 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا رۆژی نۆی ئەم مانگە كشانەوەی وڵاتەكەی لەرێككەتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند، كە ئەو رێككەوتنە لەساڵی 2015 واژوو كراو ئەوەش كاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت دانا.

هـ ـ ح