لەبری‌ پلانی‌ داهاتوو، هێزە كوردییەكان لەسەر رابردوویان دەژین

عیراق

11/05/2018‌ 2095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس: نیقاش
بانگەشەی‌ زۆربەی‌ لیستە ركابەرەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق هێشتا لەسەروەرییەكانی‌ رابردوو دەژی‌‌و كەمتر پشت بەكارنامەیەكی‌ روون‌و رەوان دەبەستێت.

پەنابردن بۆ كاریگەریی‌ سەركردە كاریزماكانیان لەپێناو راوكردنی‌ دەنگ، كارێكی‌ وایكردووە كە بەرنامەی‌ كاركردنیان بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو بكەنە پلانی‌ پلە دوو كە ئەوانیش روون نین زۆربەیان لەیەك دەچن.

شەماڵ نامیق یەكێك لەكاندیدەكانی‌ لیستی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بۆ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لەسەر گۆڕی‌ جەلال تاڵەبانی سكرتێری‌ كۆچكردووی‌ ئەو حزبەوە دەستی‌ بە بانگەشە كرد.

ئەو پاڵێوراوە لەگرتەیەكی‌ ڤیدۆییدا لەسەر گۆڕی‌ تاڵەبانی‌ كە بەكاریزمای‌ ئەو حزبە دادەنرێت‌و لەساڵی‌ رابردوودا كۆچی‌ دوایی كرد دەڵێت "بەڵێن دەدەم بەڕێبازی‌ جەنابی‌ مام جەلال كە لەحزوریا وەستاوم بەخوێنی‌ شەهیدان بەوەفابم بۆ میللەتەكەم، بۆ پارێزگاریكردن لەدەستورو مافەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان".

شەماڵ نامیق بە"نیقاش"ی‌ وت: "مەبەستم ئەوەبووە كە مام جەلال لە هەڵبژاردنەكەدا لەگەڵماندا نییە، بەڵام رۆح‌و بیر مام جەلال لەگەڵماندایە، بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگ بەكارم نەهێناوە، بەڵام بیرخستنەوەی‌ ناوی‌ مام جەلال بۆ دەنگدەران ئەوە دەگەیەنێت بەڕۆحیەتی‌ ئەوەوە كاردەكەین‌و بتوانین ئایندەی‌ خۆمان لەبەغدا بەدەست بهێنینەوە".

بەكارهێنانی‌ سومبولە سیاسیەكان‌و كەسایەتیە كاریزماكان لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردندا لەسنوری‌ هەرێمی‌ كوردستان بەبەراورد بەهەڵبژاردنەكانی‌ پێشو زیاتر بووە.

تاڵەبانی‌ لەپاڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ كۆچكردووی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا زۆرترین چاوی‌ پاڵێورانی‌ حزبەكانیان لەسەر بوو بۆ بانگەشەكردن.

هۆشیار عەبدوڵا كاندیدی‌ لیستی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانیش ڤیدیۆیەكی‌ بۆ بانگەشە بەكارهێناوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا دەركەوتووە كاتێك بەر لەوەی‌ ببێتە پەرلەمانتار لەخولی‌ رابردوودا بەرنامەیەكی‌ لەگەڵدا پێشكەش كردووە.

لەزۆربەی‌ پێگەكانی‌ كەمپەینی‌ هەڵبژاردنی‌ لیستەكاندا وێنەی‌ سەركردەكانیان داندراون یان لەگەڵیدا وتەكانی‌ پیشویان نوسراوە كە ئامانج لێی‌ جوڵاندنی‌ هەستی‌ لایەنگرانیانە.

جگە لەوێنەی‌ نەوشیروان مستەفا لەبنكەكانی‌ گۆڕان‌و  تاڵەبانی‌ بنكەكانی‌ بانگەشەی‌ یەكێتیدا، پارتی دیموكراتی‌ كوردستانیش كە بەیەكەم هێزی‌ كوردستان دادەنرێت لەرووی‌ جەماوەرەوە لەكەمپەینەكانیاندا وێنەی‌ مستەفا بازرانی‌ سەرۆكی‌ كۆچكردووی‌ ئەو حزبەو مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ ئێستایان بەرزدەكرێتەوە.       

پەنابردنی‌ بەشێك لە لیست‌و پاڵێوراوەكان بۆ كاریزما نەتەوەیی‌و حزبیەكانیان بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگ لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراقدا بەشێك لەو پلانەی‌ كە پشتی‌ پێدەبەستن لەچوارچێوەی‌ گەڕانەوە بۆ سەروەریەكانی‌ رابردوو.

یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بەشێوەیەكی‌ بەرفراوانتر لەلایەنەكانی‌ تر هەوڵی‌ داوە سود لەكاریزمای‌ سكرتێری‌ پێشوی‌ وەربگرێت.

قادر حەمەجان بەرپرسی‌ لیژنەی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنی‌ یەكێتی‌ لەپارێزگای‌ سلێمانی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "مام جەلال داڕێژەری‌ سیاسەتی‌ یەكێتی‌ بووەو بەرنامەیەكی‌ بۆ ئێمە جێهێشتووە كە لەسەری‌ بڕۆین، بۆیە ناوهێنانی‌ وەكو سەركردەو رابەرێك مافی‌ خۆمانە، شتێكی‌ ئاساییە لەهەموو دنیادا كەسە كاریزماكان دوای‌ چەندین ساڵ ناویان هێنراوەتەوە لەبۆنە جیاجیاكاندا".

بۆ بزوتنەوەی‌ گۆڕانیش "رێبازەكەی‌ نەوشیروان مستەفا" هەمان بەكارهێنانی‌ هەیە لەلایەن لیستەكەیان‌و پاڵێوراوەكانیەوە بۆ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن كە نزیكەی‌ ساڵێك لەمەوبەر كۆچی‌ دوایی كرد.    

شۆڕش حاجی‌ وتەبێژی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بەنیقاشی‌ وت:"نەیارەكانمان وایان وێناكردبوو كە بە نەمانی‌ كاك نەوشیروان ڕێبازەكەشی‌ نامێنێت یان بەلاڕێدا دەبرێت، بۆیە لە بانگەشەدا كەناوی‌ دەبەین بۆ ئەوەیە كە بیسەلمێنین كە درێژە پێدەری‌ ڕێبازەكەین و ڕێبازەكەی‌ زیندووە".

هاوكێشەی‌ بەكارهێنانی‌ سەروەری‌ رابردوو بۆ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن بۆ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان شێوازێكی‌ ترە، لایەنگرانی‌ ئەو پارتە هەمیشە ئاماژە بە رێبازی‌ رێبەرە رۆحیەكەیان دەدەن كە مستەفا بارزانیە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ نزیكەی‌ سی ساڵە كۆچی‌ دوایی كردووە.

ئەمە یەكەم هەڵبژاردنە لە دوای‌ ساڵی‌ 2003 ەوە مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ ئەو حزبەش بەشداری‌ كەمپەینەكانی‌ بانگەشەی‌ حزبەكەی‌ نەكات كە پەیوەندی‌ بە دووركەوتنەوەیە هەیە لە پۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم و پرسە سیاسییەكان لەپاش ئەنجامانی‌ ریفراندۆمەوە بەڵام لایەنگرانی‌ ئەو حزبە لیستەكان ناو ناوە "لیستی‌ بارزانی".    

عەلی‌ حسین ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت:"  ئاساییە بە خەڵك بڵێین دەنگ بدەن لیستەكەی‌ بارزانی‌ لەبەرئەوەی‌ لیستەكە و حیزبەكەش هی بارزانیە، یەكێك لەهۆكارەكانی‌ بە گەورەیی‌ مانەوەی‌ پێگەی‌ جەماوەری‌ پارتی‌ دەگەڕێتەوە بۆ بارزانی‌، بۆیە هەركاتێك خەڵك بەشداری‌ كەمبێت لە هەڵبژاردنەكاندا بەناوهێنانی‌ بارزانی‌ بەشداریكردن زیاتر دەبن".

وتیشی‌:"مەرج نیە بارزانی هەموو جارێك بەشداری‌ بانگەشەكان بكات بەڵام بەهۆی‌ پێگەكەیە و بەناو هێنانیشی‌ دەتوانێت كاریگەری‌ دروستبكات لەسەر ڕێژەی‌ دەنگەكانمان".

وێنەی‌ زۆربەی‌ سەركردە سیاسییەكان بە پۆستەری‌ بەشێك لە پاڵێوراوەكان و لیستەكانەوە هەیە، كاریگەری‌ دەرونی‌ سەركردەی‌ كاریزماو مێژویی لەسەر دەنگدەری‌ كورد هێشتا لە هەرێمی‌ كوردستان بەركارە. 

هۆگر چەتۆ ڕێكخەری‌ تۆڕی‌ شەمس بۆ چاودێری‌ هەڵبژاردنەكان بە نیقاشی‌ وت:"لایەنەكان بە جۆرێك لە پەروەردەی‌ ئەندامەكانیان كردووە كە ڕەمز یان ناو زیاتر كاریگەریی‌ هەیە‌و بەشی زۆری‌ بەرنامەیان لە كەسەكاندا كۆكردۆتەوە، گۆڕان و یەكێتی‌ ناتوانن سەركردە كۆچكردەوەكانیان لە بیر بكەن بۆ ئەوەی‌ دەنگی‌ پێ پەیدا بكەن و سۆزی‌ خەڵك ڕابكێشن، زۆرجاریش پارتی‌ بارزانی‌ باوك بۆ بانگەشە بەكار دەهێنێت".

وتیشی‌ "دەنگدەری‌ هەرێم دەنگ لەسەر بەرنامەی‌ ئەو لایەنانە نادەن كە خستویانەتە ڕوو، بۆیە لیستەكان یان بەرنامەكانیان زۆر ڕوون نیە یان زۆر لە یەكەوە نزیكن".

هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەمجارەی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لەسنوری‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانی‌ تردا ئاڕاستەیەكی‌ تری‌ وەرگرتووە كە جیاوازە لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پێشوو.

لەچوار ساڵی‌ رابردوودا هەرێمی‌ كوردستان زۆرێك لەو دەستكەوتانەی‌ لەدەستدا كە لەدوای‌ ساڵی‌ 2003 ەوە هەیبوو بەبێ ئەوەی‌ نوێنەرانی‌ لەپەرلەمانی‌ عێراق و حكومەتی‌ ناوەندی‌ بتوانن رێگری‌ لێبكەن.

بڕینی‌ پشكی‌ بودجەی‌ 17% ی‌  هەرێم و كەمكردنەوەی و گواستنەوەی‌ ئیدارەی‌ فڕۆكەخانەكان بۆ سەر ناوەند و لەدەستدانی‌ زۆربەی‌ ناوچە كێشە لەسەرەكان دیارترین ئەو  پرسانەن كە كورد لەدەستداوەو بۆ نوێنەرانی‌ داهاتووی‌ لە پەرلەمانی‌ عێراق تاقیكردنەوەیەكی‌ قورس و گەورە دەبێت.        

جگە لە جوڵاندنی‌ كەموكورتی‌ نێوخۆیی هەرێمی‌ كوردستان زۆربەی‌ لیستە ركەبەرەكان باس لەگەڕاندنەوەی‌ مافی‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێم دەكەن لە حكومەتی‌ ناوەندی‌ كە دیارترینیان پرسی مووچەو چارەنوسی‌ ناوچە كێشەلەسەرەكانە بێ ئەوەی‌ میكانییزی‌ كاركردن بەو ئاڕاستەیدا دیاربێت.

پێداگری‌ لەسەر دیاریكردنی‌ سنوری‌ جوگرافی‌ هەرێمی‌ كوردستان و چارەسەركردنی‌ كێشەی‌ ناوچە دابڕێنراوەكان لە پشتبەستن بە مادەی‌ 140ی‌ دەستور‌و چارەسەركردنی‌ كێشە پەیوەندیدارەكان بە نەوت و غاز و سامانە سروشتیەكانی‌ دیكە دیارترین بڕگەی‌ نێو كارنامەی‌ لیستی‌ گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنی‌ پەڕلەمانی‌ عێراق بەبێ ئەوەی‌ باس لەكات و شێوازی‌ جێبەجێكردنی‌ كرابێت. 

كارنامەی‌ پارتیش بۆ هەمان هەڵبژاردن جێبەجێكردنی‌ هەمان داواكاریەكانی‌ لیستەكانی‌ ترە بێ ئەوەی‌ شێوازەكەی‌ رون بێت كاتێك دەڵێت "هەوڵەكان چڕدەكەینەوە بۆ بە دەستهێنانی‌ پشكی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و ناچە كوردستانییەكانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم لە داهاتی‌ عێراق، پیادەكردنی‌ دەستور بە تەواوی‌ بڕگەو مادەكانیەوە و جێبەجێكردنی‌ مادەی‌ 140، هاوكاری‌ دادپەروەرانە و دانپێدانان بە پێشمەرگە و دابینكردنی‌ مافە و پێداویستیەكانی‌ لە هەموو ڕویەكەوە".

زۆربەی‌ كارنامەی‌ لیستە بەشداربووەكانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لە وردەكاریدا لەیەك دەچن، بە نەبوونی‌ میكانیزمی‌ جێبەجێكردنی‌ ئەو داواكاریانەشەوە لەپاش ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن.  

حەسەن جیهاد ئەندامی‌ خولی‌ پێشووتری‌ پەڕلەمانی‌ عێراق پێیوایە كاندید ‌و لیستەكانی‌ هەرێم خۆیان لە باسكردنی‌ ڕێگەچارەكانی‌ بەدەستهێنانەوەی‌ مافی‌ كورد لە بەغدا لاداوە‌و لەكاتێكدا بەوتەی‌ ئەو دەبێت باس لە دۆزینەوەو خستنەڕوی‌ ڕێگەچارەكان بكرێت بۆ چارەسەركردنی‌ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا.

حەسەن جیهاد بە"نیقاش"ی وت "كێشەی‌ نەوت‌و بودجەی‌ هەرێم لەبەغداو ناوچە جێناكۆكەكان‌و مادەی‌ 140ی‌ دەستور و پێشمەرگە لەكارانامەی‌ زۆربەی‌ لیستەكاندا هەیە، بەڵام تائێستا وردەكار جێبەجێكردنی‌ بەرنامەكانیان نەخستۆتە ڕوو".