گوێ بە بەرنامەی هەڵبژاردن نادەن.. لەبانگەشەدا كەناڵەكان بەهای پیشەیی‌و بێ لایەنیان لەدەست دا

sharpress.net

642 جار خوێندراوه‌ته‌وه

12/05/2018‌

شارپرێس: نیقاش
چەند مانگێكە بەر لەوادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆ بوونەتە چەند تیمێكی بەشەڕهاتوو، زۆربەیان دەستبەرداری بەها پێشەییەكان‌و بێ لایەنی بوون‌و بوونەتە مینبەری بانگەشە.

هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بووەتە جێی بایەخی سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆ، لاپەڕە‌و رووبەر‌و سەعاتی دوور‌ودرێژی لە پەخش‌و رووماڵ بۆ دابینكراوە، هەروەك دەرفەتێكی بەنرخیشە بۆ بەدەستهێنانی پارە لەبەرامبەر هەڵمەتەكانی بانگەشە‌و ریكلام كە لیستەكانی هەڵبژاردن پارەیەكی زۆریان بۆ تەرخان كردووە، لەكاتێكدا ئەو جۆرە ریكلامانە لە كاتی تردا بوونیان نییە.

ئەگەر مەسەلە لۆجستییەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن وەكو هەواڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن‌و پلانی ئەمنی‌و پرۆسەی تۆماركردنی دەنگدەران، یەكسان بن لە رووماڵی میدیاییدا، ئەوا لە كێبڕكێی هەڵبژاردندا كەناڵەكانی راگەیاندن دابەشبوون بۆ چەند تیمێكی بەشەڕهاتوو، ئەوەش دەرئەنجامێكی ئاسایی شوێنكەوتەیی زۆرینەی كەناڵەكانی راگەیاندنە بۆ ئەو حزب‌و هێزە سیاسییانەی خۆیان بەشداری هەڵبژاردنن.

ئەوەی جێی سەرنجە چەند كەناڵێكی راگەیاندن بەباشی خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادەكردووە، زۆرێك لەو كەناڵانە بەشێوەیەكی نوێ دەركەوتوون، هەندێكیان پەخشەكەیان كردووە بە (HD)و بەرنامەی نوێیان لەكەناڵەكانی تەلەفزیۆنەوە بەرهەمهێناوە كە زۆرینەیان سیاسین‌و پشت بە شێوازی " Talk show " دەبەستن، لەگەڵ چەند بەرنامەیەكی دیكەدا كە رای هاووڵاتیانی سەر شەقام‌و ئازار‌و رەخنەكانیان بۆ دەسەڵاتداران دەگوازنەوە بەو مەرجەی رای هاووڵاتیان لەگەڵ بۆچوونی ئەو كەناڵە میدیاییەدا یەكبگرێتەوە كە پەیامنێری ناردووەتە سەر شەقام بۆ وەرگرتنی رای هاووڵاتیان.

ئاژانس‌و ماڵپەڕە هەواڵییەكانیش بە هەمان شێوە، هەندێكیان دەرفەتیان قۆزتووەتەوە‌و چاكسازی نوێیان لە ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكانیاندا كردووە‌و بە دەیان رۆژنامەنووسی نوێیان بۆ كاركردن دامەزراندووە، هەروەها هەندێك رۆژنامەی كاغەزیش ئاهێكیان بەبەردا هاتووەتەوە‌و كارەكانیان پەرەپێداوە كە پێشتر بەدەست سستی‌و مەترسی داخستنەوە دەیانناڵاند، بەڵام ئەو گەشەكردنانە كاتین‌و رەنگە لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردندا كۆتاییان پێ بێت.

زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن بوونەتە مینبەری بانگەشەی حزبی‌و ئاڕاستەی گشتی خۆیان ئاشكرا كردووە كە هەندێكیان پێشتر ئیدیعای سەربەخۆییان دەكرد، لەگەڵ نەیارەكانیشاندا كەوتوونەتە ململانێ لەڕێی بانگەشەكردن بۆ دەستكەوتی سەركردەی چەند لیستێكی هەڵبژاردن‌و رەخنەگرتن لە چەند سەركردەیەكی دیكە، ئەویش لەڕێی ئابڕووچوون‌و گرتەی ڤیدیۆیی رووشكێن‌و دۆكیۆمێنتی كۆنی گەندەڵی حكومەت كە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.

رووماڵە میدیاییەكان بەگشتی تەركیزیان لەسەر ناكۆكییە سیاسییەكان بوو نەك بەرنامەی هەڵبژاردنی حزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردن، بۆیە مشتومڕ لەبارەی هێزەكانی "حەشدی شەعبی" رووماڵەكانی داگیركردبوو، لەكاتێكیشدا چەند كەناڵێكی راگەیاندنی شیعە هەوڵیان دەدا سەركەوتنەكانی گرووپە شیعەكان بەبیربهێننەوە‌و پەیامنێرانیان دەچوونە ماڵی هەندێك لە جەنگاوەرانی كوژارو‌و بریندار بۆئەوەی بارودۆخیان بخەنەڕوو بەمەبەستی رەخنەگرتن لە حكومەت‌و هێزە سیاسییەكانی دیكە. لەبەرامبەردا چەند كەناڵێكی دیكەی شیعە وەڵامی ئەو رووماڵەیان بە رووماڵێكی هاوشێوە دەدایەوە كە تەركیزی دەخستە سەر بیرۆكەی بەكارهێنانی گرووپە شیعەكان لەلایەن حزبەكانی شیعەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی شیعە كە ئەوەش پێچەوانەی بۆچوونی حكومەتە لەوەی ئەو هێزانە هێزی رەسمین‌و ناكرێت بەشداری كاری سیاسی بكرێن، كە ئەوەش هەمان داوای عەلی سیستانی پیاوی ئاینی شیعەیە كە تێیدا هۆشداری دابووە حزبە شیعەكان سەبارەت بە بەكارهێنانی ناوی "حەشدی شەعبی" لە بانگەشەی هەڵبژاردندا.

مەسەلەی گەندەڵی كارگێڕی‌و داراییش پشكێكی گەورەیان لە رووماڵە میدیاییەكاندا هەبوو، چەند كەناڵێكی راگەیاندن دەستیانكرد بە هێنانەوە بەرباسی دۆسێكانی پێشووی گەندەڵی لەدژی بەرپرسە كاندیدەكانی هەڵبژاردن‌و بڵاوكردنەوەی دۆكیۆمێنتی رەسمی سەبارەت بە چەند سەودانامەیەكی گەندەڵی حكومەت كە هەندێكیان هەڵبەستراو بوون‌و سەرچاوەكەیان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوو.

قەیرانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رووماڵە میدیاییەكاندا ئامادەیی هەبوو، چەند كەناڵێكی راگەیاندن چەند حزبێكیان بە هەوڵی خۆنزیككردنەوە لە كورد‌و سازش بۆكردنیان تۆمەتبار كرد لەپێناو بەدەستهێنانی دەستكەوتی هەڵبژاردندا، هاوكات چەند كەناڵێكی دیكەی راگەیاندن لە وەڵامدا باسی هەوڵی چەند حزبێكی شیعە‌و سوننەیان كرد بۆ پەراوێزخستنی كورد لە پێكهاتەی حكومەتی داهاتو‌و پێنەدانی مافە ئاساییەكانیان.

هەفتەی رابردوو "دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكان" كە بەرپرسیارە لە چاودێریكردنی كەناڵەكانی راگەیاندن ناچاربوو راگەیەندراوێك دەربكات‌و تێیدا داوای لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرد پابەندی بەها پیشەیی‌و ئەخلاقی‌و یاساییەكان بن لەكاتی رووماڵی میدیایی هەڵبژاردندا بەجۆرێك مافی دەنگدەری عێراقی لە بەدەستهێنانی هەموو زانیارییەكی پێویست بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان مسۆگەر بكات.

رەنگە یەكێك لە كارە هەرە سەرنجڕاكێشەكان ئەوە بێت كەناڵەكانی راگەیاندنی سەر بە حزبە شیعەكان كەوتبوونە ململانێ لەنێو خۆیاندا، هەرەوەها كەناڵەكانی راگەیاندنی سوننە‌و كوردیش بە هەمان شێوە، كە پێشتر هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن پەیڕەوێكی تایفی‌و نەتەوەیی جێگیریان گرتبووەبەر، ئەم بەرەوپێشچوونەش دەرئەنجامی ئەو  دیاردەی دابەشبوونە بوو كە تەنانەت ئەندامانی نێو یەك حزبیشی گرتبووەوە.

بۆ نموونە چەند كەناڵێكی راگەیاندنی شیعە وەكو كەناڵەكانی "عەهد"‌و "ئیتیجاە"‌و "ئیبا"‌و "ئیشراق" هەوڵ دەدەن رەخنە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بگرن هەرچەندە شیعەیە‌و سەر بە حزبی "دەعوە"یە، تەنانەت كەناڵێك كە حزبی "دەعوە" خاوەنیەتی‌و ئەویش كەناڵی "ئافاق"ە خۆی بەدوور دەگرێت لە ناوهێنانی عەبادی لە هەواڵنامەكانیدا، لەكاتێكدا بەشێوەیەكی بەرفراوان بانگەشە بۆ نوری مالیكی هەڤاڵی لە حزبدا دەكات.

فەرامۆشكردنی پیشەییبوون‌و بێ لایەنی لەو كەناڵانەدا چەندین شێوەی وەرگرتووە، لەوانە میوانداریكردنی چەند پەرلەمانتارێك كە بە رەخنەگرتن لە حكومەت‌و حەیدەر عەبادی سەرۆكی ناسراون، هەروەها فەرامۆشكردنی چالاكییەكانی حكومەت‌و كۆبوونەوەكانی لە چەند هەفتەی رابردوودا‌و پەنابردن بۆ لێدوانی ئەو بەرپرسانەی بیروڕای رەخنەگرانە‌و جیاوازیان لە بۆچوونی حكومەت لە چەند دۆسێیەكی سیاسی گرنگدا هەیە كە دیارترینیان نزیكبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداو‌و مەسەلەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵات‌و بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبایە.

لەبەرامبەریشدا چەند كەناڵ‌و ئاژانسێكی هەواڵی پشتیوانیكراو لەلایەن چەند حزبێكی سوننە وەكو "تەغییر"‌و "دیجلە"‌و "شەرقییە"‌و "غەربییە نیوز"‌و "رەشید" كە رووماڵیان بۆ چالاكییەكانی حكومەت‌و حەیدەر عەبادی سەرۆكی بە بێ لایەنی جیادەكرایەوە، كەوتنە ململانێی هێزە سوننە ركابەرەكانەوە.

"تۆڕی راگەیاندنی عێراقی" كە دامەزراوەیەكی رەسمییە‌و لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانی دارایی دەكرێت‌و كۆمەڵێك كەناڵی تەلەفزیۆنی‌و رۆژنامە لەخۆدەگرێت كە دیارترینیان "سەباح"‌و چەند رادیۆ‌و گۆڤارێكی جۆراوجۆرن، چووەتە پاڵ حكومەت، بۆیە هەواڵەكانی سەرۆك وەزیران لەڕیزی پێشەوەی هەواڵنامەكانیان‌و مانشێتی یەكەمین لاپەڕەدایە، لەبەرامبەریشدا رووماڵێكی كەم بایەخ  بۆ حزب‌و هێزە سیاسییەكانی دیكە دەكەن.

"تۆڕی راگەیاندنی عێراقی" هەوڵی دا ئەو شەپۆلە بەرفراوانەی رەخنەلێگرتنی نەهێڵێت كە سەبارەت بە بێ لایەن نەبوونی چەند ساڵێكە لە ئارادایە، ئەویش لەڕێی بەرهەمهێنانی بەرنامەی نوێ لەبارەی هەڵبژاردن كە تێیدا میوانداری كاندیدانی هەموو حزبە سوننە‌و شیعە‌و كوردییەكان دەكرێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە خۆی لە تۆمەتی شوێنكەوتەیی بۆ حكومەت دەرباز بكات.

ئەم كێشەیە بۆ ساڵانی رابردوو دەگەڕێتەوە كە لەوەتەی "تۆڕی راگەیاندنی عێراقی" دامەزراوە بەزۆری لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە كۆنترۆڵ كراوە، چونكە لە یەكەم حكومەتی عێراقدا بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لە ساڵی 2004‌و حكومەتەكانی دوای ئەو لە ساڵی 2005 بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەر‌و (2006 بۆ 2014) بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، "تۆڕی راگەیاندنی عێراقی" بەكرداری سەر بەو سێ كەسە بووە لەماوەی حوكمیاندا.

ئەنجومەنی بەرێوەبردنی "تۆڕی راگەیاندنی عێراقی" وەكو پۆستە سیاسییە باڵاكانی وڵات بە سیستمی پشككاری لەنێوان سوننە‌و شیعە‌و كورددا بەڕێوەدەبرێت، ئەوەش دەیان رۆژنامەنووس‌و میدیاكاری ناچار كردووە چەندین هەڵمەت دەستپێبكەن‌و تێدا داوای گۆڕانكاری ریشەیی لەو تۆڕە‌و دەرهێنانی لە ژێر دەسەڵاتی حزب بكەن.

سەرەڕای ئەوانەش، چەند كەناڵێكی راگەیاندنی ناوخۆیی وەكو "سۆمەرییە"‌و "ئێن ئار تی عەرەبییە"‌و "شەفەق نیوز"‌و "جورناڵ نیوز"‌و "عالەم جەدید" پارێزگاریان لە بێ لایەنی خۆیان كردووە‌و خۆیان بەدوورگرتووە لەو شەڕە میدیاییەی لەنێوان كەناڵەكانی دیكەی راگەیاندندا بەردەوامە‌و رووداوەكانی هەڵبژاردن‌و وتاری سەركردە سیاسییەكانیان لەسەر بنەمای گرنگی رووماڵ كردووە.







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved