شارپرێس: شیكاری
هەڵبژاردنی سەرتاسەری عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو ، لەگەڵ ئەوەی وەڵامدانەوەیەكی نەرێنی هەبوو، كە خەڵكی زۆر بەرەو سندوقەكانی دەنگدان نەچوون ، لە هەمان كاتدا پێشهاتێكی نوێ هاتە ئاراوە ، ئەویش باس كردنە لەهاككردنی سندوقەكانی دەنگدان.
ئەو ئامێرە ئەلكترۆنییەی بۆ هەڵبژاردن بەكارهاتووە، ناوە زانستییەكەی pcos لەوڵاتی كۆریای باشوور دروست كراوەو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق گرێبەستی كردووە بۆ دابین كردن و كڕینی ئەو ئامێرانە.
ئامێری pcos لە توانایدا هەیە لە ماوەی ٥ كاتژمێردا جیاكردنەوەی دەنگی لیست و قەوارە و كاندیدەكانی زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر بكات، بەو ئەنجامەش بێت دیاری كردنی دەنگی لیست و قەوارەكانی هەڵبژاردنی عێراق كەمتر لەو ماوەیەی پێویستە.
لەرووی تەكنەلۆژیەوە ئەم ئامێرە چی دەكات:
١- دیاری كردنی كاتی كاركردن و كوژاندنەوە (واتە بەرنامەسازیەكە بە شێوەیەك كراوە كە لە توانای بەڕێوەبەری بنكە یان هیچ كەسێكی تر نیە زیاد و كەمی بكات )
٢- كەیبلی ئینتەرنێتی هەیە و دەتواندرێت بە ئینتەرنێت پەیوەست بكرێت و ڕاستەوخۆ داتاكان بۆ ناوەند (مەركەز)ی هەڵبژاردن كە بەغدایە ڕەوانە بكات .
٣- داتا و زانیاری دەنگدەران لە ڕێگای میمۆری و فلاش میمۆریەوە دەگوزاریتەوە .
٤- پەڕە (وەرەقە)ی تایبەتی هەیە، كە لەبەرگرتنەوەی (استنساخ)ی زەحمەتە و بەمەش ڕێدەگرێت لە تەزویر كردن .
٥- شوێنی كەیبڵی ئینتەرنێت و میمۆری و فلاش میمۆری بەكلیل قوفڵ دەدرێت و بەس بەڕێوەبەری بنكە بۆی هەیە بیكاتەوە.
ئەم ئامێرە لەسەر چ بنەمایەك كاردەكات !
سەرەتا پێویستە دەنگدەر ناوی تۆماركرابێت لەكۆمسیۆن ، هەنگاوی دووەم لە ڕێگای كارتی كەسیەوە (بایۆمەتری) زانیاری دەنگدەر دەخوێنیتەوە و بەراوردی دەكات و لە هەنگاوی سێیەمدا پەنجە مۆری دەنگدەر وەردەگرێت و لای خۆی تۆماری دەكات ، ئەمەش بۆ ڕێگری دووبارە بوونەوە لە دەنگدان .
چۆن دەنگەكان فەرز دەكات و لەیەكیان جیا دەكاتەوە !
ئەم ئامێرە هۆشمەندە (زیرەكە)، تەواوی زانیاری قەوارە و ناوی كاندید و ژمارەكانیانی لەسەر تۆماركراوە ، ئەوكاتەی تۆی دەنگدەر دەنگتدا بۆ نمونە دەنگ بە لیستی ژمارە ١ ، كاندیدی ژمارە ١ دەدەیت ، راستەوخۆ ئەژماری دەكات و لای خۆی داتاكان هەڵدەگرێت.
لەهەمان كاتدا هەموو فۆرمێك (QR CODE) كیو ئاری كۆدی تایبەتی هەیە و هیچ كەسێك ناتوانێت ٢ جار دەنگبدات .
داتا و زانیاریەكان بۆ كوێ دەچن ؟
ئەوەی گرنگە ئێمە بیزانین ئەوەیە ، كە ئەو هەموو دەنگی دەنگدەرانە بۆ كوێ دەچن ؟لە كوێ هەلدەگیرێن ؟
بەدڵنیایەوە تەواوی داتاكان دەچنەوە داتا سەنتەری سەرەكی كە لەشاری بەغدایە و سەر بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، ڕێزبەندی داتاكانیش بەو شێوەیە ڕەوانە دەكرێت :
بنكەی دەنگدان پاشان بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن ، دوای ئەوە بۆ بەڕێوەبەراتی سیستەمی هەلبژاردن و دوای ئەوە بۆ داتا سەنتەری سەرەكی ، هەموو ئەم كردارانەش چەند چركەیەكی كەمی پێویستە.
پێش ئەوەی بێینە سەر باسی تەزویركردن ، وتەیەكی پسپۆرانی تەكنەلۆژیتان بیردەخەمەوە كە دەڵێن :كە ئەوكاتەی ئینتەرنێتت بەكارهێنا و زانیاریەكانت دزەی پێكرا و بڵاوكرایەوە ، گلەیی لە كەس مەكە ، تەنها خۆت نەبێت، بۆیە جارێكی تر و سەد جاری تر ئەیڵیمەوە ، هیچ كەسێك ناتوانێت گرەنتی پارێزراوبونت پێبدات لەوكاتەی ئینتەرنێت بەكار ئەهێنت.
لە ماوەی ڕابردودا هەریەكە لە كۆشكی سپی، مۆساد، سی ئای ئەی ،فەیسبووك ، گۆگل، یاهوو ...هتد هاككران و دەستكاری زانیاریەكانیان كرا ، ئێستا ئامێری تەكنەلۆژی دەنگدان چیە تا نەتوانرێت یاری پێبكرێت و هاك بكرێت؟
ئامێری pcos .. چۆن دەتواندرێت یاری بە دەنگەكان بكات
بێگومان ئەو ئامێرە تەكنەلۆژیە وەكو هەموو ئامێرەكانی تر مۆبایل، كۆمپیوتەر ، ئۆتۆمبێل، كامێرا ، ..هتد نەرمەكاڵا(Software) لەسەر جێگیر (Install) كراوە.
ئەم نەرمەكاڵایەش بەرنامەساز (برمجە) ی بۆ كراوە، بێگومان ئەو كەسەشی بەرنامەسازی بۆ كردوە بە ئاسانترین شێوە دەتوانێت دەستكاری بكات و یاری بە دەنگەكان بكات.
زیاتر بۆتان شیدەكەمەوە بۆ ئەوەی لە بابەتەكە تێبگەن ، تۆ خاوەنی ئۆتۆمبێلێكیتو سویچەكەی لای خۆتە ، هەزاران كەس دەتوانن بێن سەیری بكەن ، دەستی لێبدەن ، سواری ببن ، بەڵام هیچ كامێكیان ناتوانن لێبخورن و دەستكاری بكەن.
ئامێری دەنگدانەكەش بەهەمان شیوەیە ، تۆی دەنگدەر دەتوانیت دەنگی خۆت بدەیت ، بیخەیتە ناوسندوقەكە ، بەڵام تۆ ناتوانیت هیچ دەستكاریەكی بكەیت مەگەر ئەو كەسەی بەرنامەسازیەكەی بۆ ئەنجامدراوە.
ئاشكرایە كاری بەرنامەسازیش هەمووی پێك دێت لە كۆد نوسین ، یەك دێر كۆد دەتوانێت سەدان هەزار دەنگ بگۆرێت و یاری بە لیست و قەوارە و كاندیدەكان بكات.
ئاسایی بێت لای گەر لە بنكەیەكی دەنگداندا ٤٠٠ كەس مافی دەنگدانیان هەبوبێت و لەو ژمارەیەش ٣٠٠ كەس دەنگی دابێت ، بەڵام ئامێرەكە ٦٠٠ دەنگ بخوێنێتەوە ، هەر ٦٠٠ دەنگیش بۆ لیستێكی دیاری كراو بێت ، چونكە دواجار ئامێرەكە هەر ئەوە نیشان ئەدات كە بەرنامەسازی بۆ كراوە نەوەك ئەوەی چەند وەرەقەی دەنگدانی تێدایە.
بەنسبەت ئەوەی كە باس لە هاككردنی ئەم ئامێرە دەكرێت ، ئەوا لە ڕووی زانستیەوە دەتوانین بڵیین هەڵەیە ، چونكە ئەم ئامێرە هاك نەكراوە ، بەڵكو بەرنامەسازی پێشوەختەی بۆ كراوە و تەنها ئەو ژمارانە دەخوێنێتەوە كەپێشتر بۆی داندراوە و لەسەری تۆماركراوە ، نەوەك ئەوەی چەند كەس دەنگی داوە.
لەوڵاتانی ئەوروپی لە بڕی بڵێن ئامێری دەنگدانی ئەلیكترۆنی ، ئەوا پێی دەڵێن ئامێری هاككردنی دیموكراسی...
لەخوارەوە ڤیدیۆی گروپێكی خەبیری كۆمپیوتەری ئەمریكیتان بۆ دادەنێم كە ساڵی ٢٠١٤ لە ویلایەتی فلۆریدا تاقیكردنەوەیان لەسەر ئەم ئامێرە ئەلیكترۆنیە كردوە و ناویان لێناوە هاككەری دیموكراسی .
لەڤیدیۆكەدا ئەوە دەردەكەوێت كە ئەو ٨ كەسە بە جیا دەنگدەدەن و هەموشیان كاتی دەنگدانەكە تۆمار دەكەن كە دەنگیان بە كێ داوە ، بەڵام دوای ئەوەی دەنگەكان دەخەنە ناو سندوقەكە ، ئەنجامەكە پێچەوانە دەبێتەوە و هەر ئەوە دەردەچێـت كە پێشووتر بەرنامەساز(برمجە)ی بۆ كراوە ، تا دەگاتە ئەو ئاستەی یەكێك لە خەبیرەكان دەست دەكات بە گریان ..
٣ هەفتە لەمەوبەریش كەنالی ئاسمانی بیلادی عیراقی (قناە بلادی الفچائیە) بە تێر و تەسەلی باسی چۆنیەتی هاككردنی ئەم ئامێرە ئەلیكترۆنیەی بڵاوكردەوە .
ئەم بابەتەشم تەنها لەبەر ئەوە نوسیوە كە لە ئێوارەوە دەیان تەلەفۆن و نامەم بۆ هاتوە و پرسیاری ئەوەیان لێكردووم كە ئایا ئەم جیهازی دەنگدانە ئەلیكترۆنیە هاك دەكرێت یان نا ؟
ئامادەكردنی : ئەندام عومەر
شارەزای تەكنەلۆژیا و سەرۆكی ڕێكخراوی تێك ئای بۆ تەكنەلۆژیای زانیاری
بەنسبەت شێوازە زانستییەكەی بۆیە باسی ناكەم ، چونكە زۆر كەس لەوەیە شارەزایەكی ئەوتۆی نەبێت لەڕووی ئەمنیەتی ئینتەرنێتەوە بۆیە بە قووڵی نەمنوسیوە ، ئەگەر نا لەم كردارە لە data center ئەبیتە دوو بەش Election mangment system و Election Statistic system لەویشەوە بە هۆی بەكارهێنانی SSL VPN بە شێوەی Prive line دەنگەكان دەچنەوە Counting station .....