لەكێبڕكێ-وە بۆ بارگرژی.. حیزبەكان لەسەر دەنگەكان روبەڕوی یەكتری دەبنەوە

عیراق

15/05/2018‌ 1132 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: كەركوك ناو
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ناكۆكی توندی لە نێوان بەشێك لە لایەنەكاندا دروستكردووە و لە هەندێك ناوچە، سەریكێشاوە بۆ سەرهەڵدانی بارگرژی.

زۆرینەی ناڕەزاییەكان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك چڕبونەتەوە، لایەنەكان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە ساختەكاری لەرێی دەستكاری و هاككردنی ئامێرەكانی ئەلیكترۆنی دەنگدانەوە، بەڵام ئەو حزبەش رەتیدەكاتەوه و هەرەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات.

هەرچی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیشە، وەكو لایەنی سەرپەرشتیاری پرۆسەكە كە پێداگری دەكەن لەسەر ئەستەمی دەستكاری ئامێرەكانیان، بڕیاریانداوە لێكۆڵینەوە بكەن و تا ئەوكات هەڵوێستی یەكلاییكەرەوەیان نابێت.

ئامارەكانی هەڵبژاردن
پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بە سێ قۆناغ بەرێوەچوو، 10ی ئایار بۆ دەنگدانی تایبەت بوو، 10 و 11ی هەمان مانگ بۆ هاوڵاتیانی دەرەوەی عیراق، 12ی ئایاریش دەنگدانی گشتی بوو.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە كۆی 24 ملیۆن دەنگدەر نزیكەی 11 ملیۆن كەس بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كردووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 700 هەزاریان لە دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بووە، زیاتر لە 179 هەزاریان لە دەنگدانی دەرەوەی وڵات و ئەوانیتر لە دەنگدانی گشتی ناوخۆی عیراق بون.

كۆمسیۆن لە یەكەم بەلاغی دوای كۆتایی دەنگدان سەركەوتنی پرۆسەكەی راگەیاند و ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداری لەسەدا 44.5 بووە.

لە دەنگدانەكەدا بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە هەردوو كارتی بایۆمەتری و ئەلیكترۆنی بەسترا، جیاكردنەوە و هەژماری دەنگەكان لە رێی ئامێری ئەلیكترۆنییەوە بووە، بە رێی مانگی دەستكرد نێردراوە بۆ ناوەندی سەرەكی لە بەغدا.

لەو پرۆسەیەدا حەوت هەزار كاندید لەرێی زیاتر لە 80 لیست و هاوپەیمانییەوە كێبڕكێی بە دەستهێنانی 329 كورسی پەرلەمانی عیراقیان دەكرد.

عەرەب و توركمانی كەركوك ناڕازین
پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك، دوو قۆناغی دەنگدانی تایبەت و گشتی بە ناكۆكی و ناڕەزایی زۆردا تێپەڕی، بەشێك لەلایەنەكان بە تایبەت لە هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان بە ئەنجامه بەراییەكان رازی نین.

لایەنگر و ئەندامانی حزبەكانی هەردوو پێكهاتە كە لە ئێوارەی كۆتایی دەنگدانەوە گردبونەوە و خۆپیشاندانیان بەردەوامیان دەستپێكردووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە ساختەكاری و پێیانوایە، دەنگەكانی ئەوانیان بۆ خۆیان هەژماركردووە.

ناڕازییەكان لە كەركوك مۆڵەتی تەنیا 24 كاتژمێر دەدەنە ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ ئەوەی دەنگەكان بەدەست هەژماربكەن لەپێناو ئاشكراكردنی راستی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا یەكشەممە 13ی ئایار رایگەیاند “دوای بەدەنگەوەهاتنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق و بەدەمەوەچونی سكاڵای لایەن و قەوارەكانی كەركوك لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە لە پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ بڕیارە لیژنەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بۆ راستی روداوەكان رەوانەی كەركوك بكرێن”.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوێنەرانی عەرەب و توركمان لە كەركوك، داوا لە سەرۆكوەزیرانی عیراق كراوە بۆ هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەستی لە بەغدا، دورخستنەوەی ئەوانەی لە ساختەكاری تێوەگلاون لەگەڵ پاراستنی سندوقی دەنگەكان لە شارەكە.

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و یەكێك لە سەركردەكانی عەرەب لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شەوی 12-5 ئەنجامەكانی رەتكردەوە و داوایكرد دەنگەكان هەژماربكرێنەوە.

ئەو لایەنانە چۆنیەتی “سەختەكارییان” لە هەڵبژاردنەكەدا رون نەكردۆتەوە بەڵام نمونەی چەندین بنكە و ناوچە دەهێننەوە كە تەنانەت دەنگی كاندید و خێزانەكانیشیان بۆ لیستێكی تر هەژماركراوە.

شەش لایەنی كوردی ئەنجامەكان رەتدەكەنەوە
شەش لایەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق رەتدەكەنەوە و پێیانوایە، ساختەكاری كراوە لە رێی دەستكاریكردنی ئامێرە ئەلیكرۆنییەكان و هاككردنیەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی دیموكراسی و  دادپەروەری، حزبی شیوعی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێدا دوای كۆبونەوەیەكی هاوبەش جەختیانكردەوە له هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان هەڵبژاردن.

هەروەها هۆشدارییاندا لەوەی “قبوڵ ناكەین گاڵتە بەئیرادەی خەڵكی كوردستان بكرێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوی كردەییمان دەبێت”.

ئەو لایەنانە، یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بە دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە رێی بردنی دەنگی لایەنگر و ئەندامانی ئەوانەوە.

ئێوارەی شەممە، دوای دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و ناڕەزایی گۆڕان بەوتەی ئەو بزوتنەوەیە، بە چەكی قورس هێرشكرایە سەر بارەگای سەرەكیان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی لەكاتی كۆبوەی چوار لایەن و بەهۆیەوە، كارمەندێكی دەزگایی میدیای خەندان سەر بە هاوپەیمانی گیانی لە دەستداوە، جگە لە زیانی ماددی، بۆ ئەوەش پەنجەی تۆمەت بۆ یەكێتی درێژ دەكەن.

دوای ئەو روداوە و لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا هەریەك لە گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و هاوپەیمانی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانیان رەتكردەوە و جەختیاكردەوە كە پێوەی پابەند نابن.

داوایانكرد پرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان، كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك دوبارە بكرێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم “دڵتەنگی” خۆی نیشاندا بەرانبەر دۆخی ئەمنی سلێمانی و داوایكرد، دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان لە سلێمانی رابگیرێت، هێزە ئەمنییەكانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان ئەنجام بدەن.

بەدەر لە ناڕەزایی ئەو حزبانە، پارتی دیموكراتی كوردستانی كوردستانیش كە بەوتەی خۆیان زۆرینەی كورسییەكانی هەرێمی كوردستانیان مسۆگەر كردووە لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامەكانی لە سلێمانی رەتكردەوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی ئەو حزبە دەڵێت “گومانی زۆرمان لە لا دروست بووە، لەوەی كە بەشێوەیەكی ڕێكخراو دەستكاری دەنگی دەنگدەران كرابێت”، داوادەكەن پڕۆسەی ژماردنی دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێت.

دەنگی ناڕازی لیستە گەورەكان
لە نێو لیستە گەورەكانی سەر ئاستی عیراق، تائێستا تەنیا ئیئتلافی وەتەنی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆك كۆمار تانەی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن داوە، ئەوانیتر هێشتا هەڵوێستی یەكلاییكەرەوەیان نییە.

هاوپەیمانیەكەی عەلاوی لە راگەیەندراوێكدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكات، بە پێوستی دەزانێت پرۆسەكە دوبارە بكرێتەوە لە كاتێكدا هەلومەرجەكە لەباره بێت.

پاساوی ئەو هاوپەیمانیێتییە بەردەوامی كارە توندوتیژییەكان، تۆماركردنی چەندین ساختەكاری و كڕینی دەنگ و قۆستنەوەی دۆخی ئاوارەكانە.

بە شێك لە لیستەكانی دیكەش، بە تایبەت عەرەبی سونە كە زۆرینەی ناوچەكانیان هێشتا دانیشتوانەكەی لە ئاوارەییدا دەژین دوای سەرهەڵدانی داعش لە چەند ساڵی رابردو، سەرباری هەبونی ناڕەزایی بەڵام هێشتا دەرەنجامە بەراییەكانیان قبوڵ یان رەتنەكردۆتەوە.

یەكێتی هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان و كەركوك بە ساختەكاری تۆمەتباری دەكەن، ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و هەرەشەی تۆماركردنی سكاڵا دەكات.

سمكۆ ئەسعەد، راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی “یەكێتی مافی خۆیەتی سكاڵا دژی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانە تۆمار بكات كە ئاڕاستەی دەكرێن”.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا “كۆمسیۆن خۆی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی كردوە لەسەرتاسەری عیراق بۆیە بەهیچ شێوەیەك و هیچ كەسێك ناتوانێت دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكات، چو‌نكە ئەنجامەكانی هەمویان لە سێرڤەرێكی تایبەتن لە بەغدا ئەوە نییە لایەنێك یان كەسێك بتوانێت لە پارێزگایەك دەستكاری ئەنجامەكان بكات”.

لەبارەی دۆخی سلێمانیی و تۆمەتباركردنیان بە هێرشكردنە سەر گۆڕان داوایكرد لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لە هەر رووداوێك كە روویدابێت.

هاوكات سەعدی پیرە، وتەبێژی فەرمی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە “یەكێتی بێمنەتە لە لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پابەندی هەر بڕیارێك دەبێت كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بیدات”.

پیرە وتی “ڕێگە نادەین هەندێك دەستە چەورەكانی خۆیان بە ئێمە بسڕن ، ئێمەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە دهۆك و موسڵ و هەولێر ناڕازین و سكاڵا تۆمار دەكەین”.

هەڵوێستی كۆمسیۆن و كاردانەوەكان
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، هەڵوێست و قسەی كۆتایی خۆی خستۆتە دوای كاری ئەو لیژنانە بۆ لێكۆڵینەوە پێكیهێناوە، سەرباری پێداگری زۆری لە رابردودا لەوەی سیستەمی دەنگدان ناتوانرێت روبەروی دەستكاری ببێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی لێپرسراوانی كۆمسیۆن بۆ میدیا عیراقییەكان، لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە و رەوانەی پارێزگاكانی كەركوك و سلێمانی و ئەو ناوچانەی تر دەكرێن كە ناڕەزایی تێدا سەریهەڵداوە.

رەعد سامی، سەركردە لە هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند كە لیژنەی لێكۆلینەوە لە بەغداوە ئێوارەی یەكشەممە گەیشتونەتە كەركوك و لە ناوەندی وەرزشی شارەكە جێگیربون، بەڵام ئامادەنین قسە لەگەڵ هیچ لایەك و راگەیاندنێكدا بكەن تا دەركەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان.

ئاماژەی بەوەدا ئەوان داوایانكردوە دەنگەكان بە دەستی هەژماربكرێنەوە بە ئامادەبونی نوێنەری قەوارەكان تا جارێكیتر ساختەكاری نەكرێت.

پێكهێنانی ئەو لیژنانە، دوای سكاڵای لایەنە نارازییەكان هات لە كەركوك و هەرێمی كوردستان، هاوكات بوو لەگەڵ بەیاننامەیەكی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بۆ هێزە ئەمنیەكان بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی.

عەبادی داوای لە كۆمسیۆن كردوە رێكاری بە پەلە بگرێتەبەر بۆ پشكنینی سندوقەكان و لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

بەپێی رێكارەكانی كۆمسیۆن، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن 48 كاتژمێر دوای كۆتایی پرۆسەكە بڵاودەكرێتەوە و ئەو ئەنجامانەی هەیە، فەرمی نین.

مەعن ھیتاوی، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە پێداچونەوە دەكەن بۆ هەموو ئەو سكاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنەكە تۆماركراون.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە كەركوك، بارەگای سەرەكی كۆمسیۆن لە كەركوك بەهۆی ناڕەزاییەكانەوە بەرانبەر ئەنجامی هەڵبژاردن روبەروی گەمارۆی چەكداری بووەوە.

عەبدولباسیت دەروێش لە سەروبەندی روداوەكە‌دا بە (كەركوك ناو)ی وت “دوابەدوای ئاشكرابونی بەشێك لە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، هێزێكی چەكدار چواردەوری بینای سەرەكی كۆمسیۆنیان گرتوە و بەهۆیەوە مەترسی لەسەر ژیانی بەشێكیان دروستبوەو بەشێكی تریشیان هەڵاتون”.

كێشەكانی دەنگدانی تایبەت
دەنگدانی تایبەت بۆ پەرلەمانی عیراق، لە شاری كەركوك بەبێ كێشە تێنەپەڕی و لایەنەكانی توركمان و عەرەب، پێیانوایە لە قازانجی یەكێتی نیشتمانی دەستكاری دەنگەكان كراوە بە تایبەت لە سنوری قەزای حەویجە كە هێزی پێكاتەی كوردی تێدانیە.

لە یەكێك لە ئەنجامەكاندا كە وێنەگیراوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە، یەكێتیی لە بنكەیەكدا 157 دەنگی هێناوە لەكاتێكدا هەردوو ركابەرەكەی لە لیستی عەرەبی (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك و هاوپەیمانی وەتەنییە) بەهەردوكیان دوو دەنگیان هێناوە.

بەڵام لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هەریەكە لە رێبوار تەها، سەرۆكی لیستی یەكێتی لە كەركوك و محەمەد عوسمان پەرلەمانتاری ئەو حزبە، جەختیانكردەوە لە تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو لایەنانەی “تۆمەتیان” بۆ دروستدەكەن.