هەڵبژاردن هاوكێشەی هاوپەیمانییەتییەكان دەگۆڕێت
عەبادی‌و سەدر براوە‌و مالیكی و سوننە دۆڕاوی سەرەكی بوون

عیراق

16/05/2018‌ 1584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
هاووڵاتییانی عێراق بە هێنانەپێشەوەی كەسانی نوێ لە ڕێگەی دەنگدانەوە سزای ئەو كەسایەتییانەیان دا كە ساڵانێك لە ڕیزبەندی پێشەوەی دەنگی جەماوەرەوە بوون، سەركەوتنی لیستەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران و موقتەدا سەدر لە بەرانبەر شكستی ڕكابەرەكەیان كە نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بوو سەلماندی كە هاوكێشەی دەنگدان لە عێراقدا هەڵگەڕاوەتەوە.

ئەو گۆڕانكارییە لە هاوكێشەی دەنگداندا گۆڕانكارییش لە هاوپەیمانێتییەكانی داهاتوو دەكات بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسە هەستیارەكان بەتایبەت دیاریكردنی پۆستی سەرۆكوەزیران، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی ئاژانس.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 14ی ئایاردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 10 پارێزگای عێراقی ڕاگەیاند، كە تیایدا لیستی نەسر به ‌سەرۆكایەتیی عەبادی و سائیروون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر و شیووعییەكان لە ڕیزبەندی یەكەم و دووەمی ئەو شارانەوەن .

چاودێرانی دۆخەكە پێیان وایە یەك دەستەواژەی گوتارێكی هەینیی نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاوكێشەكانی گۆڕی، كاتێك وتی: ״تاقیكراوەكان تاقی ناكرێنەوە״، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی شیعە دەنگ نەدەن بەو كەسانەی پێشتر هەڵیانبژاردوون و متمانەیان پێ داون.

سائیروون، سوپڕایزی هەڵبژاردن بوو
هاوپەیمانیی ڕەوتی سەدری ئیسلامی و شیعە لەگەڵ حزبی شیووعی و چەپەكانی بەر لە هەڵبژاردن به ‌یەكێك لە سەمەرەكانی ئەم هەڵبژاردنە دەزانرا، بەڵام دەرەنجامەكان دەری خست ڕەوشەكە له ‌سەمەرەیی دەرچووه ‌و سوپڕایزی چاوەڕواننەكراوی ئەو هەڵبژاردنە بوو.

ڕەوتی سەدر كە زۆرینەی لیستی سائیروون پێك دەهێنن توانی جگه ‌لەوەی دوو ڕەوتی ئیسلامی و عەلمانی كۆ بكاتەوە له ‌یەك كاتدا، ڕقی هاووڵاتییان لە شێوازی ئێستای حوكمڕانیی عێراق بقۆزێتەوە بۆ گۆڕینیان له ‌ڕێگەی دەنگدانەوە.

خۆپیشاندانی جاربەجاری لایەنگرانی سەدر له ‌بەغدا و هەڵكوتانە سەر بینای پەرلەمان دەرخەری ئەوە بوو كە سەدر دەتوانێت لە هەر كاتێكدا بێت شەقام بۆ بەرژەوەندیی خۆی بجووڵێنێت و هەمان ئەزموونیشی لە دەنگداندا دووبارە كردەوە.

ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە ڕەوتی سەدر بۆ قۆناغی داهاتوو ببێتە یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی كەسایەتیی سەرۆكوەزیران، لە كاتێكدا پێشتر لەو پرسەدا پرسێكی ئەوتۆی پێ نەدەكرا.

مالیكی؛ دۆڕاوە گەورەكە
نووری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی قانوون كە بۆ دوو خول سەرۆكوەزیران بوو، بە دۆڕاوی گەورەی ئەم هەڵبژاردنە هەژمار دەكرێت، بەو پێیەی 70%ی دەنگەكانی پێشووی له ‌دەست دا.

لە دوای ساڵی 2009وە مالیكی و لیستەكەی هەمیشە له ‌ڕیزبەندی یەكەم یان دووەمی هەڵبژاردنەكاندا بوون له ‌ڕووی بەدەستهێنانی دەنگەوە بەڵام ئەمجارە چووە ڕیزبەندی چوارەمەوە.

هۆكارەكانی ئەو دۆڕانەی مالیكی لە هۆكارەكانی سەركەوتنی زیاتر بوون.

كەسایەتیی مالیكی و دووركەوتنەوەی لە ناوەندی بڕیاری شیعەكان و ئەزموونی پێشتری لە پۆستی سەرۆكوەزیراندا زۆرترین زیانی لە دەنگەكانی دا.

شیعەكان مالیكی به ‌هۆكاری سەرهەڵدانی داعش دەزانن له ‌ساڵی 2014دا كە ئەوكات سەرۆكوەزیران بوو، كە ئێستا بە كارتێكی سووتاوی ئێرانیش دەزانرێت.

ڕكابەریی مالیكی له ‌لایەن عەبادییەوە بەهێزترین گورز بوو كە لێی درا، هەرچەندە هەردووكیان لە حزبی دەعوەدا هاوبەشن.

ئەوە جگە لەوەی كە مالیكی نەیتوانی لیستەكەی فرەڕەنگ بكات بە پێكهاتەكانی تر بۆ پیشاندانی گوتارێكی فرەڕەنگ بۆ دەنگدەری عێراقی، كە زیاتر وەك لیستێكی شیعەمەزهەب دەبینرا.

عەبادی، سەركەوتنێك بەتەنیا
سەركەوتن بەسەر داعشدا‌ و دژایەتیكردنی گەندەڵی دیارترین ئەو هەنگاوانە بوون كە لە ‌چوار ساڵی ڕابردوودا ئەستێرەی عەبادیی لەبەر چاوی دەنگدەری شیعە بردە پێشەوە.

ئەوەی عەبادی لە مالیكی ڕكابەری جیا كردەوە هەوڵدان بوو بۆ جێكردنەوەی زۆرترین پێكهاتە لە لیستەكەیدا كە لە هەرێمی كوردستانیش پاڵێوراوی كوردی هەبوو، لە پارێزگای نەینەوای زۆرینەسوننەش توانی بۆ یەكەمجار ببێتە لیستی یەكەم و جێگە بە لیستە سوننەمەزهەبەكان لەق بكات.

كاردانەوەكانی عەبادی لە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و كرنتڕۆڵكردنی زۆربەی ناوچە جێناكۆكەكان كارێكی وای كرد كە له ‌لایەن ناسیۆنالیستە عەرەبەكانیشەوە خۆشەویست بێت كە ئێستا لە عێراق ڕەوتێكی بەهێزن.

حەشد جێگەی خۆی كردەوە
هاوپەیمانیی فەتج بە سەرۆكایەتیی هادی عامری سەرۆكی ڕەوتی بەدر بووە سوپڕایزێكی تری ئەم هەڵبژاردنە كە له ‌نێوان ریزبەندی دووەم و سێیەمی پارێزگا زۆرینەشیعەكاندا بوو.

بەشداریی سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەو لیستەدا دەنگی ئەو تەوژمەی دەنگدەری شیعەی ڕاكێشا كە زیاتر لەوانی تر پەیوەستن بە مەزهەبەكەیانەوە.

پێگەی بەهێزی لیستی فەتج لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بوو كە پێگەی زۆرینەی شیعەیە.

بۆ سوننەكان هاوكێشەكە گۆڕا
هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بۆ سوننەكان لە ڕووی دەنگەوە گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا هات كە زیاتر لە 50 كورسیی پێشوویان له ‌دەست دا، ئەوە جگە لەوەی گۆڕانكاری لە نێوخۆی ئەو پێكهاتەیەشدا درووست كرد بەوەی ئەو كورسییانەشی كە ماویانە لە هێزەكانی پێشووەوە چوو بۆ هێزی نوێی سوننە.

پاشەكشێی خێزانی نوجێیفی له ‌سنووری موسڵ كە پێگەی جەماوەریی بەهێزیان هەبوو دیارترین شكستی هێزە سوننەكان بوو لەم هەڵبژاردنەدا، كە كەوتنی شاری موسڵ و داگیركردنی له ‌لایەن داعشەوە كارێكی وای كرد ئەوان لەبەر چاوی دەنگدەری سوننە بێزراو بن.

ئەوە جگە لەوەی كە بەشێك لە دەنگی سوننەكان بۆ ئەو لیستانە چووە كە لەسەر شیعەكان هەژمار دەكرێن بەتایبەت لەو پارێزگایانەی كە سوننه ‌و شیعە پێكەوە هاوبەشن.

ڕەوتە مەدەنییەكان نەیانتوانی بچنە پێشەوە
سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە ڕەوتە مەدەنییەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆیان وەك خاوەنی جەماوەر پیشان دا و هیوایان بە بێزاربوونی هاووڵاتییان بوو لە ڕەوتە ئیسلامییەكان بەڵام نەیانتوانی ئەو تەوقە بشكێنن كە لە خەیاڵیاندا بوو.

شكستی ڕەوتە مەدەنییەكان لەم هەڵبژاردنەدا سەلماندی كە هێشتا جەماوەری عێراق بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هاوسنووری ڕەوتە ئیسلامییەكانە ئەگەرچی تێبینییش لەسەریان زۆرە.

فایەق شێخ عەلی یەكێك لە سیمبولەكانی ڕەوتی مەدەنی و پاڵێوراوی ئەو ڕەوتە لە هەفتەی كۆتایی بانگەشەدا داوای لە مەیخۆران كرد دەنگی پێ بدەن.

ئەو بانگەوازە لە بری ئەوەی دەنگدەرانی زیاد بكات شەقامی ئیسلامیی عێراقی تووڕە كرد و پشتیان تێ كرد.

چاودێرانی دۆخەكە پێیان وایە خراپیی ئەدای ڕەوتە مەدەنییەكان لە ماوەی ڕابردوودا لەناو پەرلەمان و جومگەكانی حكومەتدا هۆكار بوون بۆ ئەوەی كە متمانیان پێ نەدرێت .

ئەوە جگه ‌لەوەی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی ڕەوتە ئیسلامییەكان‌ لەسەر ڕەوتە مەدەنییەكان ئەوەندەی تر پلانەكانی لێ تێك دان .

هاوپەیمانێتییەكانیش دەگۆڕدرێن
واسق هاشمی سەرۆكی ناوەندی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان پێی وایە گۆڕانی هاوكێشەی دەنگی لیستەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوكێشەی هاوپەیمانێتییەكانی دوای ئەو پڕۆسەیەش دەگۆڕێت و دەشڵێت: ״ئەمجارە نزیكبوونەوەی لایەنەكان لەسەر بنەمای نیشتیمیانیبوون دەبێت لە پاش ئەوەی كە ئەو لیستانە شكستیان هێنا كە گوتاری سیاسییان لەسەر بنەمای تایفەگەری بوو״.

واسق هاشمی بە ״ئاژانس״ی وت: ״دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لێكدابڕانی هاوپەیمانەكانی پێشووی لێ دەكەوێتەوه ‌و دەرفەتی هاوپەیمانێتیی نوێیش دەهێنێتە ئاراوە بەڵام بۆ قۆناغی سەرەتا بەشێك لە حزبە باڵادەستەكانی پێشوو جڵەوی كارەكانیان بە دەستەوە دەمێنێتەوە و هەموو ئەمانەش پرسی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلایی دەكەنەوە.״