كێشەكان زیاتر دەكات
ئەنجامی ئەو دادگایەی ناكۆكی خستبووە نێوان توركیا‌و ئەمریكا راگەیەنرا

جیهان

17/05/2018‌ 2841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بازرگانی ئێرانی‌و بەڕێوبەری گشتی پێشووی هاڵك بانك مەهمەت هاكان ئاتیلا بە ٣٢ مانگ زیندانی كردن سزا درا.

دادگای ئەمریكا، بازرگانی ئێرانی و بەڕێوبەری گشتی پێشووی هاڵك بانك مەهمەت هاكان ئاتیلای بەبڕیارێك بە ٣٢ مانگ زیندانی كردن سزادا.

دادوەری دادگای فیدڕاڵی باشووری نیۆیۆرك ریچارد بێرمان رۆژی چوار شەممە دوا بڕیاری لەبارەی ئاتیلاوە ئاشكرا كرد.

دادگاییكردنی ئەو بازرگانە، كە ماوەی ١٤ مانگە بەردەوامە، دواجار لە دانیشتنی دادگایی بڕیاری كۆتایی لەسەر درا و تێیدا ٣٢ مانگ سزای زیندانی بۆ ناوبراو دەركرا.

پاڕێزەری ئاتیلا رایگەیاند، كە داواكە دەبەنەوە دادگای تێهەڵچوونەوە، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەبارەی دۆسییەكە بخاتەڕوو.

بەڕێوبەری گشتی پێشووی هاڵك بانكی توركیا لە ٢٧ی ئاداری ٢٠١٧ لە نیۆیۆرك بەتۆمەتی پارە سپیكردنەوە لە بەرژوەندی ئێران دەستگیر كرابوو، كە ئەوە كێشەی خستبووە نێوان توركیاو ئەمریكا.

هـ ـ ح