سوپرایز نییە.. سەدر خواستی دەنگدەرانی جێبەجێكردووە

عیراق

19/05/2018‌ 3191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەندین سوپرایزی پێبوو، بەڵام بەتێڕوانێكی ورد بۆ هیوای دەنگدەرە عێراقییەكان لەدوای قۆناغی داعش تێبینی ئەوە دەكرێت ئەنجامەكان لۆجیكین.

ئێوارەی یەكشەممەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند كە خولی چوارەمیەتی لە دوای ساڵی 2003 وە. بەیانی رۆژی دواتریش بەڕوونی دیاربوو كە هەموو لایەكی وڵات گۆڕانكارییەكی سیاسی گەورەیان هەست پێكردووە، كاتێك بینیان ئاستی جەماوەری چەند سەركردەیەكی سیاسی كە بەدرێژایی دەیەی رابردوو یاوەریان كردوون، پاشەكشەی كردووە، هاوكات لایەنگرانی حزبە سەركەوتووەكان رژانە سەر شەقامەكان بۆ دەربڕینی دڵخۆشی سەركەوتنی حزبە نوێیەكانیان.

موقتەدا سەدر سەركردەی جێمشتومڕی شیعە كە دەمێكە ناوی پەیوەست كراوە بە ساڵانی توندوتیژی تایفی‌و بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو چووەتە نێو زنجیرەیەك گۆڕانكارییەوە كە دیارترینیان وەستانەوە بوو لەدژی هەژموونی ئێران لە وڵاتدا، پلەی یەكەمی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە‌و (54) كورسی لە كۆی (328) كورسی بەدەست هێناوە.

هاوكات هەمووان تووشی شۆك بوون كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پلەی سێیەمی بەدەست هێنا‌و (42) كورسی بردەوە، چونكە ئەو كە ئاستە جەماوەرییەكەی هەڵكشا‌و بە پیاوی ئەركە قورسەكان ناسرا لە كاتێكدا حوكمی وڵاتی كرد كە سێیەكی خاكەكەی لەژێر دەسەڵاتی توندڕەواندا بوو، قەیرانێكی دارایی توندیش هێندەی نەمابوو حكومەت بڕوخێنێت، چاودێران پێیان وایە شایانی ئەنجامێكی باشترە لە هەڵبژاردندا.

دوا بەدوای سەدر هاوپەیمانی "فەتح" بە سەركردایەتی هادی عامری بە پلەی دووەم هات، ئەویش هاوپەیمانییەكە ئەو گرووپە شیعانەی لەخۆگرتووە كە بە نزیكیان لە ئێران ناسراون‌و (47) كورسی بەدەستهێناوە، "ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا"ی بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی لە پلەی چوارەمدا هات بە تەنیا (25) كورسی كە دروشمی هەڵبژاردنی نەهێشتنی پشككاری‌و هەنگاونان بەرەو حكومەتی زۆرینە بوو، چونكە نزیكەی دوو لەسەر سێی كورسییەكانی لەدەستدا كە لە ساڵی 2014دا بەدەستی هێنابوون‌و ژمارەیان (92) كورسی بوو، هاوكات پێویستیشی بە (164) كورسییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكەی.

لە لایەنی سوننە‌و كوردیشدا سوپرایزێكی گەورەی ئەوتۆ رووی نەدا، چونكە ئیئتیلافی "وەتەنییە" بە سەركردایەتی ئەیاد عەلاوی پارێزگاری لە (21) كورسییەكەی خۆی كرد، هاوپەیمانی "قەرار"یش بە سەركردایەتی ئوسامە نوجێفی (13) كورسی بەدەست هێنا، هاوكات هەردوو حزبە كوردییەكە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و "پارتی دیموكراتی كوردستان" زۆرینەی كورسییەكانی هەرێمی كوردستانیان بەدەست هێنا.

بەڵام پێشهاتە سەرنجڕاكێشەكە لە لایەنی شیعەدا بوو، چونكە ئەنجامەكان ئاماژە بۆ راستییەكی ئاشكرا دەكەن بەوەی حزبە شیعە تەقلیدییە فەرمانڕەواكان كە بریتین لە حزبی "دەعوە"‌و "حیكمە" بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم (19) كورسی، ئاستی جەماوەرییان زۆر دابەزیوە لەبەرژەوەندی هێزی شیعەی نوێ كە بریتین لە هاوپەیمانی سەدر لەگەڵ شیوعییەكان كە دیاردەیەكی سیاسی دەگمەنە لە مێژووی وڵاتدا، هەروەها هاوپەیمانی "فەتح" كە ئەو گرووپە شیعانەی لەخۆگرتووە كە لەدژی "داعش" جەنگاون‌و پێشتر بەشدارییەكی سیاسی كارایان نەبووە.

فایەق شێخ عەلی سەرۆكی لیستی "تەمەدون" پێی وایە "ئەنجامی هەڵبژاردن شۆككەر‌و سوپرایزە بۆ كوتلە گەورەكان، بەڵام ئاساییە كاتێك هاوتای ئەو نیگەرانییە جەماوەرییە بەرفراوانەی بەرامبەر حزبە فەرمانڕەواكان لەئارادایە".

چەند هەفتەیەك بەر لە وادەی هەڵبژاردن عێراقییەكان نائومێد دیاربوون لە ئەگەری بەدیهاتنی گۆڕانكارییەكی سیاسی، كاتێكیش پرسیار لە هەر عێراقییەك دەكەیت سەبارەت بە هەڵوێستی لەسەر سیاسەت، دەڵێت: "هەست بە بێزاری دەكەین لە  دەموچاوە سیاسییە كۆنەكان‌و دەموچاوی نوێما دەوێت كە بەگەندەڵی پیس نەبووبن" بەدەیان راپرسیش ئەمەیان پێش هەڵبژاردن دووپات كردووەتەوە، نائومێدەكان دابەشبوون بۆ دوو گرووپ، یەكەمیان بەشداری لە هەڵبژاردندا كرد‌و دووەمیش بڕیاری بایكۆتی دا.

ئەنجامی هەڵبژاردن تەواو هاوئاوازی هەستی عێراقییەكان بوو، چونكە حزبە تەقلیدییە كۆنەكان هەڵبژاردنیان دۆڕاند، لەكاتێكدا هاوپەیمانی شیعەی نوێ براوە بوون ئەگەرچی مایەی نیگەرانی بوو كە كاندیدەكانیان نەناسراو بوون لەلای زۆرێك لە عێراقییەكان، چونكە هاووڵاتیانی عێراق بەدوای هەر جێگرەوەیەكی نوێدا دەگەڕان تەنانەت ئەگەر شارەزاییەكی سیاسیشیان نەبووایە، لەبەرئەوە لە راستیدا ئەنجامەكان سوپرایز نین بەلای ئەوانەوە كە لە تێڕوانینی دەنگدەران لە قۆناغی دوای "داعش" تێگەیشتبوون، بەڵام سوپرایزە بۆ ئەوانەی ئەزموونەكانی پێشووی هەڵبژاردنیان جێبەجێكرد بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگرن كە دەنگدەری ئەمڕۆ هەمان دەنگدەری دوێنێ نییە لەدوای ئەو قەیرانە ئەمنی‌و ئابووریانەی بەدەستیانەوە ناڵاندوویەتی.

وەك سەڵاح عوبەیدی وتەبێژ بەناوی سەدر دەڵێت یەكەم هەنگاو كە سەدر ناویەتی دامەزراندنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێیە بەناوی "ئیستیقامە" لەبری "ئەحرار"، هەروەها بڕیارێكی بوێرانەیشی دەركرد كە خۆكاندیدكردنی هەموو وەزیر‌و پەرلەمانتارەكانی لەم هەڵبژاردنەدا قەدەغە كرد، هەندێكیان نیگەران بوون، بەڵام سەدر سووربوو لەسەر هەڵوێستەكەی.

عوبەیدی بە "نیقاش"ی وت: "سەدر لەگەڵ لایەنگرانی بە راشكاوی گفتوگۆی لەبارەی ئەوە كردووە كە گەل دەموچاوی نوێی دەوێت‌و داوای لە بەرپرسان كردووە خۆیان كاندید نەكەن كە كەسایەتی سیاسی دیاریشیان تێدایە، هەمووانیش بەوە رازی بوون لە سۆنگەی باوەڕبوونیان بەوەی كۆمەڵگە پێویستی بە كاندیدی نوێیە".

عوبەیدی دەشڵێت: "لەنێو رەوتەكەدا گفتوگۆی دوور‌ودرێژ كرا سەبارەت بە بڕیارەكەی سەدر، هەندێك وتیان ئەوە خۆكوشتنی سیاسیە‌و دەبێتە هۆی دۆڕانێكی گەورە ئەگەر دەستبەردرای نوێنەرە سیاسییەكانمان ببین، هاوكات هەندێكی دیكە وتیان هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ حزبی شیوعی دەبێتە مایەی پاشەكشەكردنی جەماوەرەكەمان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن تەواو پێچەوانەی ئەوەی سەلماند".

سەدر هەر بەوە نەوەستا كاندیدی نوێ پێشكەش بكات، بەڵكو سنووری بەزاند‌و بڕیاری دا هاوپەیمانی "سائیرون نەحوەلئیسڵاح" لەگەڵ حزبی شیوعی‌و ئەو هێزە مەدەنییە عەلمانیانە پێكبهێنێت كە هاوینی ساڵی 2015 شەپۆلێك خۆپیشاندانی جەماوەرییان لە گۆڕەپانی تەحریر دەستپێكرد‌و بەهەزاران عێراقی توڕە لە دەسەڵات چوونە پاڵیان، ئەو خۆپیشاندەرانە هەرچەندە ئاینی نین، بەڵام سەدریان هەڵبژارد.

هەمان شت بەسەر هادی عامریدا جێبەجێ دەبێت، چونكە ئەو كە بە یەكێك لە سیاسییە تەقلیدییە شیعەكان دادەنرێت‌و كاریگەرییەكی سنوورداری هەبووە‌و (22) كورسی لەهەڵبژاردنی پێشوودا هەبوو، ئەمجارە توانی هاوپەیمانییەكی نوێ لەگەڵ ئەو گرووپە شیعانەدا پێكبهێنێت كە هیچ شارەزاییەكی سیاسییان نییە، بەڵام جەماوەرێكی بەرفراوانیان لە نێوەندە شیعەكاندا هەیە پاش ئەو سەركەوتنانەی بەسەر "داعش"دا بەدەستیان هێنا، هەروەك سەركردەی گرووپەكان بەڵێنی ئەوەیان بە عێراقییەكان دابوو چۆن توندڕەوانیان لە بەرەكاندا دەركرد، ئاواش سیاسییە گەندەڵەكان دەربكەن.

ئەو هاوپەیمانییە جێمشتومڕە لە هەڵبژاردندا بە پلەی دووەم هات‌و (47) كورسی بەدەستهێنا‌وپێش عەبادی‌و مالیكی كەوت، ئەویش لەبەرئەوەی دەنگدەران بیریان لە هەڵبژاردنی حزبی نوێ دەكردەوە بەبێ ئەوەی زۆر گوێ بدەنە پاشخان‌و شارەزایی سیاسییان، چونكە بەسادەیی ئەوان هەست بە بێزاری‌و نیگەرانی لەو حزبانە دەكەن كە لە دوای ساڵی 2003وە دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.

لە هەمووی سەرنجڕاكێشتر لە هەڵبژاردندا رێژەی نزمی بەشداریكردن بوو، چونكە (44.52%)ی دەنگدەران لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو دەنگیان دا كە ژمارەیان (24.352.253) كەس بوو، ئەوەش نزمترین رێژەی بەشداریكردنە لە هەڵبژاردندا لە ساڵی 2005وە، رێژەی بایكۆتكردن لەسنووری (15%)دا زیادیكردووە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە ساڵانی (2010 – 2014) كە رێژەكە گەیشتە دەوروبەری (60%).

چاودێرانی خۆجێیی دەڵێن تەنانەت ئەگەر بایكۆتكەرانیش بەشداری بكەن زۆر لە ئەنجامی هەڵبژاردن ناگۆڕێت، چونكە ئەگەر باكۆتكەرانی توڕە لە حزبە فەرمانڕەواكان بەشدارییان بكردایە ئەوا حزبە نوێیەكانیان هەڵدەبژارد، بەهۆی یاسای هەڵبژاردنیشەوە هیچیان بۆ نەدەماوەیەوە جگە لە هەڵبژاردنی ئەو لیستانەی بەكرداری هەڵبژاردنیان بردووەتەوە.

شكانی حزبە فەرمانڕەواكان تەنیا شتی سەرنجڕاكێش نەبوو، بەڵكو ئەو سەركردە سیاسییانەش كە كاریزمایان هەیە پرشنگی خۆیان لەچاوی عێراقییەكاندا لەدەست دا، بۆ نموونە نوری مالیكی كە بەتەنیا خۆی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 (624.247) دەنگ‌و لەساڵی 2014یشدا (721.000) دەنگی بەدەست هێنا، لەم هەڵبژاردنەدا (91.000) دەنگی بەدەست هێناوە.

هاوكات ئەیاد علاوی كە لەم هەڵبژاردنەدا (46.000) دەنگی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010دا (410.223) دەنگ‌و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014یشدا (407.537) دەنگی بەدەست هێنابوو.

سەرەنجام، ئەنجامی هەڵبژاردن ئاماژەیە بۆ ئەوەی براوەیەكی راستەقنەی گەورە بوونی نییە كە بتوانێت پێكهێنانی حكومەت‌و دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران یەكلایی بكاتەوە، جیاوازی نێوان حزبە براوەكانیش لە (10) یان (20) كورسی تێناپەڕێت، لە كاتێكدا پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە (164) كورسی پەرلەمان هەیە كە ئەوە بەسەر براوەكاندا دەسەپێنێت دانوستانێكی ئاڵۆز بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی كە رەنگە چەند مانگێك بخایەنێت.

بەپەلە