پێچەوانەی خواستی ئەمریكایە
سولەیمانی بارزانی لەعەبادی دووردەخاتەوە

عیراق

20/05/2018‌ 13377 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەحەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووردەخاتەوە، كە ئەوەش پێچەوانەی خواستی ئەمریكایە.

پێگەی مۆنیتۆر راپۆرتێكی لەبارەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بڵاوكردووەتەوەو لەو چوارچێوەیەشدا باسی هەوڵەكانی قاسم سولەیمانی بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتە كردووە.

بەپێی پێگەكە فەرماندەكەی ئێران دژی ئەوەیە حكومەتی داهاتووی عێراق لەدەست حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق بمێنێتەوە، هەروەها ناشییەوێت، هەریەكە لەنوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاساو هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر ببنە سەرۆك وەزیران.

هەر بەپێی پێگەكە قاسم سولەیمانی، پێی باشە هاوپەیمانییەكی گەورە لەلایەنە شیعەكان دروستبكات‌و پێشنیازیشی كردووە، كە یەكێك لەسەركردەكانی حیزبی داعوە بكرێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.

هەروەها بۆ ئەو مەبەستە پێشنیازی مەحمەد شەیاع سۆدانی كردووە، كە ئێستا لەكابینەكەی حەیدەر عەبادی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتییەو كەسایەتییەكی نزیكە لەئێران.

پێگەكە ئاشكرایكردووە، قاسم سولەیمانی بەمەبەستی پشتگیركردنی زیاتری كاندیدەكەیان، پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر، بەتایبەتی مەسعود بارزانی ئەنجامداوە، بەوەی دەبێت پشتگیری ئەو كاندیدە بكەن.

ئەم خواستەی سولەیمانی بۆ بارزانی ئەو ئاماژەی گەیاندووە، كە نایبَت پارتی دیموكرات بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی پشتگیری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستا بكات بۆ ئەوەی جارێكی تر پۆستەكەی وەربگرێتەوە، كە ئەمریكا پشتگیری ناوبراو دەكات.

رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە ئێستا لایەنە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكانیش هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەزوویی‌و بەپێی خواستی خۆیان حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن.

هـ ـ ح