مەرجی بۆ بەشداری لەحكومەتی عێراق هەیە
شاندەكەی پارتی بێ‌ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی هەرێم دەچێتە بەغدا

عیراق

21/05/2018‌ 3495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، سەردانی شاندی پارتی بۆ بەغدا، بۆ بڕیاردانی كۆتایی نییە لەرێككەوتن بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌و جەختیشیدەكاتەوە، مەرجی پارتەكەی بۆ دروستكردنی ھاوپەیمانی لەگەل لایەنە عێراقییەكان، جێبەجێكردنی دەستوورو گەڕانەوەی شەراكەتە لەپڕۆسەی سیاسیدا.

كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند "سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا بە تەنیا دەبێت، كە شاندەكە سەردانی لایەنە عێراقییەكان دەكات، بەڵام بڕیاری كۆتایی نادات لەچۆنییەتی پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بەڵكوو دەگەڕێنەوە و لە ھەرێمی كوردستانیش و لەنێوخۆدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەكرێت ئینجا بڕیاری خۆمان دەدەین.''

لەبارەی مەرجەكانی پارتییەوە بۆ بەشداریكردن لەحكوومەتی نوێی عێراقدا، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند "مەرجی ئێمە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق‌و شەراكەت و تەوافوقە، كە ھەر كوتلەیەك داواكاریمان، گێڕانەوەی شەراكەت و جێبەجێكردنی دەستوورە، لێمان نزیك بێت ئەوا لەگەڵیدا رێكدەكەوین".

هەروەها رایگەیاندووە "بەرنامەی ئێمە بۆ بەغدا تەنیا بەرنامەی پارتی نییە، بەرنامەی ھەرێمی كوردستانە و زیاتریش پێداگیری لەجێبەجێكردنی دەستوور بە گشتی و تایبەت ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەكەینەوە.''

هەندێك لایەن لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ناڕازین و باس لە بایكۆتكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكەن، كاكەمین نەجار لەوبارەوە رایگەیاند ''ئێمە نازانین، كە داخۆ ئەو بڕیارە دەدەن یان نا، هەڵبەت پێمان باشە ھەموو لایەنەكان ئەگەر دەچنە بەغدا، پێكەوە و بە یەكگرتوویی بچین و لێرە بەرنامەی پلانی خۆمان ئامادە بكەین، چونكە پارتی كە دەچێتە بەغدا باسی پارتی ناكات، باس لەداواكاریی ھەرێمی كوردستان دەكەین".

مەكتەبی سیاسی پارتی رۆژی یەك شەممە بڕیاریدا شاندێك بنێرێتە بەغدا، ئەوەش دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئەم مانگەی پەرلەمانی عێراق، كە پارتی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ لایەنەكانی تری هەرێم ئەو هەنگاوە دەنێت.

هـ ـ ح