گۆڕان ناچێتە هاوپەیمانییەكی عێراقییەوە پارتی‌و یەكێتی تێدا بێت

کوردستان

21/05/2018‌ 2479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاروان هاشم ئەنجامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، كە بزووتنەوەكەی ناچێتە هاوپەیمانییەكی عێراقییەوە، پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی تێدا بێت.

كاروان هاشم ئەمڕۆ دوو شەممە لەمیانی لێدوانێكی راشیگەیاند، پارتی‌و یەكێتی "پیادەی دەسەڵاتێكی گەندەڵ دەكەن‌و بەساختەكاری هەڵبژاردنەكان خۆیان هێشتووەتەوە، بۆیە گۆڕان ناچێتە هاوپەیمانییەكەوە ئەو دوو لایەنەی تێدا بێت".

ئەو ئەندامەی جڤانی نیشتمانی گۆڕان باسی لەوەش كردووە، كە ئەوان ناڕازی لەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و بۆ ئەوەش سكاڵایان تۆماركردووەو بژاردەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش یەكێكە لەخیارەكانی بەردەمیان.

هەروەها رایگەیاندووە، كە جگە لەگۆڕان چەند لایەنێكی تری هەرێمیش رازی نین لەئەنجامی هەڵبژاردن‌و لەو بوارەشدا هەماهەنگی لەنێوانیان هەیە.

هەروەها رایگەیاند، لەناو گۆڕان دوو بۆچوون هەیە، بەوەی بەشێك دەڵێن، نابێت بچنە پەرلەمانی عێراق، چونكە ساختەكارییان لێكراوەو بەشێكی تریش پێچەوانەی ئەوە بیردەكەنەوە، بەڵام ئەو پرسە هێشتا یەكلانەبووەتەوە.

هـ ـ ح