دەیەوێت پرسەكان یەكلابكاتەوە
پارتی پرسی دەستوورو دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم دەوروژێنێتەوە

کوردستان

23/05/2018‌ 4812 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە كە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولدا پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستوور یەكلایی بكاتەوە، لە كاتێكدا لایەنەكانی تر جەخت لەوە دەكەنەوە پێویستە دەستوور پێش یاساكە بخرێت.

لە ساڵی 2015وە ویلایەتی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا كۆتایی هات و لە كۆتایی ساڵی 2017دا دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، لە ‌ئێستادا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم دیاری نەكراوه ‌و ئەو پۆستەش بە بەتاڵی ماوەتەوە.

بە‌پێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی ئاژانس لەژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاویكردووەتەوە، پلانی پارتی بۆ قۆناغی داهاتووی بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلاییكردنەوەی پرسی دەستوور یان یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە، كە ئەگەر هەیە یەكێك لە ئامانجەكانی دووبارە گەڕاندنەوەی بارزانی بێت بۆ ئەو پۆستە.

خەسرەو گۆران، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەین.״

وتیشی: ״تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان نییە كە لە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ڕازی نییە، لایەنەكانی تریش داوای هەمواركردنەوەی یاساكەیان كردووە، ئێمەش‌ لە سەركردایەتیی پارتی لەگەڵ ئەو هەنگاوەین.״

تا ئێستا پارتی بە ڕەسمی پاڵێوراوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم ڕانەگەیاندووە، هەرچەندە چەند جارێك مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوه ‌داوە كە به ‌نیاز نییە خۆی بپاڵێوێتەوە.

پاساوی پارتی بۆ دووبارە هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێم بوونی بۆشایی ئەو پۆستەیە له ‌پاش دەستلەكاركێشانەوەی بارزانی.

محەمەد عەلی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە ئێستادا فەراغی پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم هەیه.‌״

وتیشی: ״پڕۆژەی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمان نییە، تاكو وەك وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی قسەی لەسەر بكەم، ناتوانم نهێنییەكانی حزب بۆ ڕاگەیاندن ئاشكرا بكەم، لە ئێستادا بڵێم هەمواری یاساكە دەكەینەوه.״

ئەو هەوڵە هاوكاتە لەگەڵ ویستی پارتی بۆ دووبارە گەرمكردنەوەی پرسی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستانیش كە به ‌هۆی ناكۆكیی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە پەكی كەوتووە.

له ‌باری پەسەندكردنی دەستووردا ئەگەر هەیە پرسی خۆكاندیدكردنەوەی مەسعود بارزانی به ‌ئاقارێكی تردا بڕوات گەر یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕەت بكاتەوە.

محەمەد عەلی دەڵێت: ״ئەسڵەن پرسێك لە ئارادایە ئەگەر پڕۆژەی دەستوور پەسەند كرا، پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم نەمێنێت و سیستمەكە ببێت بە پەرلەمانی، كە پارتییش لەگەڵ ئەم سیستمەدایە، ئەوكاتیش سەرۆكایەتیی هەرێم مانای نامێنێت״.

هاوكات ئیسماعیل نامیق، ڕێكخەری ژووری یاسایی و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی حزبی لەسەر پرسی دەستوور دەكەین، ئێستا بە پێویستی دەزانین كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم بكەین، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمان خولێكی درێژكراوەی نایاساییه ‌و ناكرێت لەم خولەدا خوێندنەوە بۆ دەستوور بكرێت، بەڵكو پێویستە لە دەستپێكی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستاندا یەكەم كاریان ئەوه ‌بێت لیژنەی ئامادەكار پڕۆژەی دەستوور بهێنێتەوە پەرلەمان.״

ئومێدی لایەنەكانی تر لە دەستوور كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمە تا له ‌بری ئەوە سیستمی بەڕێوەبردن بكرێت بە پەرلەمانی.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״مەسەلەكە لەوە دەرچووە كە پڕۆژەی دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان یاخود نا، چونكە لیژنەی بۆ پێك هێنراوە، هەر چەندە كارەكانیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ڕەوتی ڕووداوەكان بە دڵنیاییەوە پێویستی بەوە هەیە لە قۆناغی داهاتوودا بەتایبەت لە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، یەكەمجار مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم دواتر پرسی دەستووری هەرێم یەكلایی بكەینەوه ‌و كەمتەرخەمیی تێدا نەكرێت.״

وتیشی: ״دەمانەوێت سیستمی هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، پۆستی سەرۆكی هەرێم بمێنێتەوە بەڵام دەسەڵاتەكانی پرۆتۆكۆلی بێت، نامانەوێت سیستمێكی نیمچە سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی بێت، لە ڕابردوودا ئەوەمان تاقی كردەوە و كێشەیەكی زۆری لێ كەوتەوە״.

كامەران بابانزادە، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش بە ״ ئاژانس״ ی وت: ״ هەڵبژاردنی هەرێم لە كات و وادەی دیاریكراودا بەڕێوە بچێت، پێشوەخت پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە بە گفتوگۆ لەنێو لایەنە سیاسییەكاندا.״

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش پێی باشە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم له ‌ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر بكرێت نەك لە ڕێگەی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتییەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پێمان باشە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەر بكەین، بۆ چەسپاندنی حكومڕانیی هەرێم بە شێوەیەكی دیموكراتی، ئەگەر ئەوە نەبێت دەبێت ئەو بڕگەیەی كە لە یاسای هەڵبژاردندا هەیە كە دەوترێت هەردوو هەڵبژاردن پێكەوە ئەنجام بدرێت؛ ئەو ماددەیە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم لە یەكتری جیا بكرێنەوه.‌״