هەوڵێكی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن

عیراق

24/05/2018‌ 2016 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە‌و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن‌‌و ئەنجامە راگەیەنراوەكان‌و كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات.

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەسەر داوای چەندین پەرلەمانتار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوەیەكی نائاسایی سەبارەت بەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت، كە هەڵبژاردنەكە لە 12ی ئەم مانگە بەرێوەچوو.

یەكێكی تر لەكارنامەی دانیشتنەكەی پەرلەمان بانگهێشتكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەبێت، سەبارەت بەو پێشیلكارییانەی، كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، كە ڕۆژی شەممەی ڕابردو كۆبونەوەیەكی نائاسایی لەسەر ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق سازكرا، بەڵام بەهۆی نەبونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە كۆبوونەكە دواخرا و هیچ بڕیاریكی تێدا دەرنەكرا. 

موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ رایگەیاند "گروپێكی ١٦٥ كەسی لەپەرلەمانتاران پێكهێنراون، ئەوەش بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ساختەكارییەكان‌و دەركردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان".

موسەنا ئەمین راشیگەیاند "لەرۆژانی رابردوو لەبەغدا هەوڵێكی زۆرماندا ئێمە نوێنەرانی هەر چوار حیزبی (یەكگرتوو، گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی) لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، نەتەوە یەكگرتووەكان، سەفارەتی ئەمەریكا، بەریتانیا، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار، بۆ ریسواكردنی تەزویر و هەڵوەشاندنەوەی".

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی راگەیاند، لەئەنجامی هەوڵەكان ئەو گروپە لەپەرلەمانتاران پێكهێنراوە، ئەوەش بۆ دەركردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنە ساختەكەو لێپێچینەوە لەتاوانباران، كە رەنگە بۆ ئەوە، لەدانیشتنێكدا سبەی نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو ببێت.

موسەنا ئەمین جەختیشیكردووەتەوە، كە هەرچییان پێ بكرێت بۆ "دیسواكردنی ئەو كارە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان دەیكەین، تا زیاتر بەدوای ئەم باسەدا بچیت بەڵگەی زەق و رونتر لەسەر ئەو كارە قێزەونە دیار دەبێت، شاردنەوەی زۆرێك لەفلاشمیمۆرییەكان و نەدانی وێنەی دەنگی سندوقەكان و رازینەبوون بۆ هیچ ڕێژەیەكی بەدەست ژماردن، بەڵگەی سەد لە سەدن و بەڵگەی تری ناوێت".

رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردن پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم‌و عێراق ناڕازین‌و بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە "ساختەكاری" لەو هەڵبژاردنە كراوە.

هـ ـ ح