پاسوۆرده‌كه‌ی 1 تا 8 بووه‌
به‌رپرسێكی باڵای عێراق: ئامێرەکانی ده‌نگدانمان له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژدا هاككرد‌و چیمان بویستایە دەمانتوانی پێی بکەین

عیراق

24/05/2018‌ 10558 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق ڕایگه‌یاند، ئامێرەکانی ئەژمارکردنی دەنگی ئەلیکترۆنی ساخته‌كارییان تێدا کراوە، ئه‌ویش بەهۆى ئەوەى هەمو ئامێرەکان یەک پاسوۆردیان هه‌بووه‌.

ئەمین بەکر سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق له‌ئه‌كاونتی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكرده‌وه‌، "لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران تورهان مفتی لەپەرلەمان باسی لەوە کرد، کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران دانیشتنێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن گرێداوەو سەرۆکی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی ودەستەی نەزاهە ئامادەی بون، لەدانیشتنەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆکی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی دانی ناوە بەوەی کە ئامێرەکانی ئەژمارکردنی دەنگی ئەلەکترۆنی خروقاتیان تیاکراوەو زۆر ئاسان بوە هاک کردنیان".

به‌وته‌ی ئه‌مین به‌كر، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگه‌یاندوو،" هەموو ئامێرەکان لەهەمو عێراقدا یەک پاسوۆردیان هەبوە ئەویش لەژمارە 1 تا 8 ،بوە، بۆ تاقیکردنەوە هەوڵمانداوە وتوانیومانە لەماوەی دوو ڕۆژدا هاکی بکەین و چیمان بویستایە دەمانتوانی پێی بکەین".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ده‌شڵێت، "دیوانی چاودێری دارایی وتویەتی کە ئێمە ئاگاداری کۆمیسیۆنمان کردوە کە ئەو کۆمپانیایەی ئامێرەکەی دروستکردوە ڕەسەن نیەو نەناسراوەو گوماناویە، هەروەک لە ڕاپۆرتەکەی سفیری عێراق لەکۆریای باشور دوای بەدوا داچون بۆکۆمپانیاکە دەردەکەوێت کە ئەو کۆمپانیایەی کە گرێ بەستی لەگەڵ کراو گوماناویەو بێجگە لەچەند ئامێرێک لە مخزەنەکەیاندا نەبوەو تەنها نوسینگەیەکی بچوکیان هەبوە لەکۆریا".
ڕ . ج