گەریلاکانی هەپەگە کوژرانی هەش سەربازی سوپای تورکیای لە برادۆست و جۆلەمێرگ ڕاگەیاند

کوردستان

24/05/2018‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ئەنجامی چەند چالاکییەکی گەریلاکانی هەپەگە لەدژی سوپای تورک لە برادۆست و جولەمێرگ، هەشت سەربازی سوپای تورک کوژران.


ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە ڕایگەیاند "لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆزدا گەریلاکانمان چەند چالاکییەکیان ئەنجامدا، دوێنێ کاتژمێر ٠٢:٢٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ لەسەر گردی ئەڤدلکۆفیی برادۆست چالاکییەک لەدژی سوپای تورک ئەنجامدرا، ژمارەی کوژراو  و بریندارانی ئەو چالاکییە نەزانراوە، کاتژمێر ٠٤:١٠ی پاشنیوەڕۆ گەریلاکانی یەژاستار لە گردی لێلکانی برادۆست چالاکییەکی دیکەیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا سێ سەربازی سوپای تورک کوژران".


ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماژەی بەوەداوە "دوێنێ کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی ئێوارە لەسەر گردی کۆردینەی سەربە چەلێی جولەمێرگ دوو چالاکی ئەنجامدرا، لەو چالاکییانەدا سەربازێک کوژرا و گورز لە پێگەکانی سوپای تورک درا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش کاتژمێر ٠٧:٣٠ خولەک لەسەر گردی شەهید ڕەحیمی گەڤەر چالاکییەی دیکە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا سەربازێکی سوپای تورک کوژرا".


ناوەندەکەی هەپەگە ئەوەشی وتوە "ڕۆژی ٢١ی ئایار کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە لە پیلموری سەربە دەرسیم لەدژی زرێپۆشێکی سوپای تورک چالاکی ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران و دووانیش بەسەختی برینداربوون، ٢٢ی ئایار کاتژمێر ١١:٠٠ی نیوەڕۆ هەر لەو ناوچەیە چالاکییەکی بەقەناس ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا".
هـ ـ ر