سەعد حەریری بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان ڕادەسـپـێـردرێت

جیهان

24/05/2018‌ 402 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعەد ئەلحەریری ڕێبەری ڕەوتی "المستقبل" پشـتیوانی پەرلەمانی لوبنانی بەدەستهێنا بۆ گرتنەدەستی پـۆستی سەرۆک وەزیر و پـێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.


پەرلەمانی لوبنان ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە دەنگی 111 پەرلەمانتار لە کۆی 128 ئەندامەکەی بۆ پـۆستەکە پەسەندی کرد، بەڵام 14 پەرلەمانتار دەنگیان پـێ نەدا، لەوانە سیازدەیان لە قەوارەی "الوفاء للمقاومة" ی سەر بە حزبوڵڵا.


پاشان میشێل عۆن سەرۆکی لوبنان بە فەرمی داوای لە حەریری کرد حکومەتی نوێ پـێکبهێنێت.


سەعد حەریری لای خۆیەوە ڕایگەیاند "دەبێت حکومەتی داهاتوو بە زووترین کات پـێکبهێنرێت بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری ناوچەکە و ئەو ڕەوشە ئابوری و دارایـیە قورسەی لە وڵاتەکەدا هەیە. جەختی لەوەش کرد کە دەبێت حکومەتی نوێ خۆی بە دوربگرێت لە ناکۆکیـیەکانی ناوچەکە".


بەپـێی ئەو سیستەمەی لە لوبنان دانراوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، دەبێت سەرۆک کۆمار کرستیان بێت و سەرۆک وەزیر لە سووننە و سەرۆکی پەرلەمان لە شیعە.


سەعەد حەریری تەمەن 48 ساڵ بەشی کارداری لە زانکۆی جۆرج تاونی واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا تەواوکردووە و کوڕی ڕەفیق حەریری سەرۆک وەزیری پـێشووی لوبنانە، ئەوەی ساڵی 2005 بە تەقینەوەیەکی ئێجگار بەهێز لە بەیرووتی پایتەخت کوژرا، دایکی ناوی نضال بوستانیـیە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری موسڵی عێراقە.
هـ ـ ر