هەسەدە سەرکردەیەکی بیانی داعش لە ڕەققە دەسـتگیردەکات

جیهان

24/05/2018‌ 803 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکردەیەکی بیانی داعشیان دەسـتگیرکردووە کە لە ساڵی 2015 وە لە ڕێگەی تورکیاوە هاتووەتە ناو سوریا.

ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ناوەندەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بڵاویکردووەتەوە و ڕایگەیاندوە "پاش گەڕان و پـشکنین و لێکۆڵینەوە، یەکە تایبەتەکانی هەواڵگری لەشکری لە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی 19 ی مانگی پـێنج توانیان کۆمەڵێک تێرۆرستی داعش دەستگیربکەن، لەوانە ئەدغیان گیال ناسراو بە ئەبو ئوسامە ئەلفەڕەنسی و هاوسەرەکەی".

ناوەندەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە " ئەدغیان گیال لە ناوچەی ڕەققە خۆی شاردبووەوە بەو ئامانجەی هەلێکی بۆ بڕەخسێت خۆی و هاوسەرەکەی بەرەو تورکیا بڕۆن و لەوێوە بەرەو ئەوروپا بگەڕێنەوە".

ئەدغیان گیال تەمەن 30 ساڵ لە بەهاری ساڵی 2015 لە ڕێگەی دەروازەی گرێ سپی کە لەو سەردەمەدا لە ژێر دەستی داعش بوو، لە تورکیاوە هاتووەتە ناو سوریا.

ناوبراو لە چەند ڤیدیۆیەکی داعش بە زمانی فەڕەنسی هەڕەشەی لە خەڵکی وڵاتەکەی و ئەوروپایـیەکان کردووە. ساڵی 2016 بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشە تێرۆرستیـیەکەی شاری نیس ڕاگەیاند، ئەوەی تیایدا 84 کەس کوژران.

جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە 40 فەڕەنسیـیان دەسـتگیرکردووە کە بەشێکیان ژن و منداڵی داعشەکانن.

کاربەدەستانی فەڕەنسا دەڵێن هێشتا نزیکەی 500 فەڕەنسی دیکەی کە لە عێراق و سوریا پەیوەندیـیان بە داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە کردووە بێ سەروشوێنن یان دەسـتگیرکراون.

سەرچاوە: بەشی ماڵپەری کوردی دەنگی ئەمریکا
هـ ـ ر