گێمی‌ دووەمی‌ ململانێكان
تای‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن كوردستان بەرنادات

کوردستان

26/05/2018‌ 3007 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هێشتا پۆستەرو لۆگۆی‌ حزب‌و كاندیدەكانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لەكوردستان لێنەكراونەتەوە، كەچی‌ بڕیار لەسەر ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنێكی‌ دیكە درا.

لەكۆتا رۆژەكانی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، بەشێوەیەكی‌ چاوەڕواننەكراو نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێم كە ئێستا بەشێك لەدەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێمیشی‌ لایە بەمەرسومێك چارەنوسی‌ نادیاری‌ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی‌ هەرێمی‌ یەكلای‌ كردەوە بەوەی‌ كە لە30ی‌ ئەیلولی‌ ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

دیاریكردنی‌ ئەم وادەیە بۆ هەڵبژاردن وەك تۆپێك  هەڵدرایە ساحەی‌ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی‌ جاران كە یەكێتی‌‌و پارتیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی‌ ترسیان هەیە لەئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن.

سەمیر هەورامی‌ ڕاوێژكاری‌ ڕاگەیاندنی‌ قوباد تاڵەبانی‌ جێگری سەرۆكی‌ حكومەت بۆ"نیقاش" وتی‌: "دیاریكردنی‌ كاتی‌ هەڵبژاردن جێبەجێكردنی‌ ئەو داوایەی‌ بەشێك لەلایەنەكانە، كە دوای‌ ڕیفراندۆم‌و ڕوداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەر داوای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەم حكومەتەو پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ ڕزگاری‌ نیشتمانییان دەكرد".

وتیشی‌ "ماوەی‌ ئێستای‌ حكومەت‌و پەرلەمان بۆ دوو خول درێژكراوەتەوە لەو سۆنگەیەوە هەڵبژاردن بووە بەناچاری‌‌و دەبێت ئەنجامبدرێت".

بڕیارەكەی‌ نێچیرەڤان بارزانی‌ وایكردووە قۆناغی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن لەهەرێمی‌ كوردستان لە 12 مانگ كۆتایی نەیەت، بەڵكو بۆ چوار مانگی‌ دیكە درێژ ببێتەوە، چونكە هەر لایەنەو لەسۆنگەی‌ ئەم هەڵبژاردنەوە هێرش دەكەنە سەر لایەنەكانی‌ دیكە بۆ ئەوەی‌ جەماوەری‌ خۆیان بۆ هەڵبژاردنی‌ داهاتوو تەیارو ئامادە بكەن.

دوو حیزبە سەرەكییەكە (پارتی‌‌و یەكێتی‌) شانازی‌ دەكەن بەوەی‌ لەم هەڵبژاردنە 44 كورسیان بەدەستهێناوە، هێزەكانی‌ دیكەش كە پاشەكشەی‌ گەورەیان كرد، ئەو دوو هێزە تۆمەتباردەكەن بەساختەكاریی گەورە.

د. یەحیا رێشاوی‌ مامۆستای‌ میدیا لەزانكۆی‌ پۆلیتەكنیكی‌ سلێمانی‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بەردەوامی‌ ئەم هەڵبژاردنە پچڕ پچڕ و یەك لەدوای‌ یەكانە تای‌ هەڵبژاردن بەردەوامی‌ پێدەدات بەمەش زاكیرەی‌ دەنگدەر ماندوو دەبێت‌و وادەكات دەنگدەر بەگەرم‌و گوڕییەوە ڕوو لەسندوقەكانی‌ دەنگدان نەكات دواجار پرۆسەی‌ هەڵبژاردن لەكەدار بێت".

دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق ناكۆكی نێوان لایەنە كوردییەكان زیاتر بوون، بەهۆی‌ ئەوەی‌ شەش لایەنی‌ سیاسی هەرێمی‌ كوردستان یەكێتی‌‌و پارتیان لەپارێزگاكانی‌ هەرێم بەوە تۆمەتباركرد دەستكاری‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردنی‌ پەڕلەمانی‌ عێراق یان كردوە لە بەرژەوەندی‌ خۆیان لەڕێگەی‌ هاككردنی‌ سیستەم یاخود بەرمەجەكردنی‌ ئامێری‌ جیاكردنەوەی‌ دەنگەكان، كاڵكردنەوەی‌ ئەو ناكۆكیانەش گفتوگۆی‌ چڕی‌ سیاسییان پێویستە.     

رێبوار حەمەد وتەبێژی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بە "نیقاش"ی‌ وت: "ئێمە لەئێستادا متمانەی‌ كۆمەڵێ‌ دەنگدەرمان لەئەستۆدایە، هەموو هەوڵێكمان بۆ ڕاستكردنەوەی‌ ئەو پرۆسە ساختەكارییەیە كە یەكێتی‌ و پارتی‌ لە هەڵبژاردنەكانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لە پارێزگاكانی‌ هەرێم ئەنجامیانداوە".

وتیشی‌ "هەڵبژاردن لە هەرێمی‌ كوردستاندا لە مەهزەلە زیاتر هیچی‌ تر نییە لەبەر ئەوە هەرگیز ناچینە ژێر باری‌ هەڵبژاردنێكی‌ تری‌ لەمشێوەیە".

ئەمە ئەو قسەیەیە كە بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی‌ ژووری‌ هەڵبژاردنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان دووپاتی‌ دەكاتەوە‌و بۆچوونی‌ ئەوانیش وایە كە دەبێت لەپرۆسەیەكی‌ تەواو دیموكراسیدا هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێن نەك بەمشێوەیەی‌ ئێستا.

بەڵێن ئیسماعیل بە "نیقاش"ی‌ وت: "ئامادەین بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمان و ئەنجومەنی‌ پارێزگاكان، بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمیش وەك رابردوو سورین لەسەر ئەوەی‌  كە سەرۆكی‌ هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت".

یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی‌ نێوان لایەنەكان كە ئەركی‌ بەرێوەبردنی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پێدەسپێردرێت كۆمسیۆنە، لەولاشەوە هەموو ئامانجێكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئەوەیە كە بێلایەنی‌ خۆی‌ بپارێزێت‌و حزبەكان چۆنیان بوێت بەوشێوەیە هەڵبژاردنەكان بەڕێوە ببات.

بەپێی‌ قسەكانی‌ وتەبێژی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان، لەرابردوودا ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە تا هەرسێ‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و پارێزگاكان بەیەكەوە ئەنجامبدەن.

بەكارهێنانی‌ تەكنەلۆژیا لەهەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق شەش لایەنی‌ سیاسی‌ هەرێمی‌ ناچار بەرەتكردنەوەی‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردنەكان كرد.

شێروان زرار وتەبێژی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردن‌و راپرسی‌ هەرێمی‌ كوردستان  لەوبارەیەوە  بە "نیقاش"ی‌ وت: "لایەنەكانی‌ هەرێم‌و رێكخراوەكان شێوازی‌ جیاكردنەوەی‌ دەنگەكانیان بەدەست یان بەئەلكترۆنی قبوڵ بێت ئێمە ئەو شێوازە هەڵدەبژێرین".

كەمجار هەبووە لەهەرێمی‌ كوردستان هەڵبژاردن لەكاتی‌ خۆیدا ئەنجامبدرێت، كاتێك وادەی‌ یاسایی هەر سەرۆكایەتییەك بەرەو كۆتایی دەچێت ئینجا لایەنەكان بیریان دەكەوێتەوە كاتی‌ هەڵبژاردن دیاری‌ بكەن.

د.سەرهەنگ ساڵح پسپۆڕی‌ بواری‌ هەڵبژاردن‌و مامۆستای‌ زانكۆ بە"نیقاش"ی‌ وت: "بۆ ئەوەی‌ دام و دەزگا شەرعییەكان یاسایی بونیان نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە گرنگە لایەنە سیاسیەكان پەیڕەوێكی‌ نیشتمانی‌

 لەنێوانیاندا هەبێت كە پابەندی‌  ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنەكان بن لە كاتی خۆیدا".

ئەو پسپۆڕەی‌ بواری‌ هەڵبژاردن وتیشی‌: "هەڵبژاردن جگە لەوەی‌ كە پرۆسەیەكی‌ سیاسییە لەهەمانكاتدا پرۆسەیەكی‌ ئەخلاقیشە، لەوڵاتانی‌ پێشكەوتوو رێز لەو كاتە دەگیرێت كە بۆ هەڵبژاردن دیاریدەكرێت".

هێزە كوردییەكان بەهەموو ئەو شكست و دەستكەوتانەی‌ چوار ساڵی‌ ڕابردوو یانەوە سەرجەم توانا و پەیامەكانی‌ خۆیان لەبانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق بەكارهێنا.

هەڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایار وەك بەڕێكردنی‌ گێمی‌ یەكەمی‌ یارییەكە وابوو بۆیان تا لەگێمی‌ دووەم‌و لە(هەڵبژاردنەكانی‌ كوردستان) دەنگی‌ زۆرینەی‌ دەنگدەران بچننەوەو دەسەڵات‌و هێزی‌ دەنگدەر پیشانی‌ یەكتر بدەن، بەڵام ئەنجامی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ گێمی‌ یەكەم بەهەر هۆكارێك بێت لەبەرژەوەندی‌ هیچ كام لەو لایەنانە نییە كە بە ناڕازی‌ و ئۆپۆزسیۆن ناسراون، بۆیە دوور نییە بایكۆتی‌ پرۆسەی‌ سیاسی‌ عێراق لەلایەن ئەو شەش لایەنەوە بكرێتە بڕیار.

بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتووی‌ هەرێمیش هاوكێشەكە بەجۆرێكی‌ ترە، ئەگەر تا دوێنێ‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ ترسیان هەبوبێ‌ لەئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن، ئەمجارە ترس لەچۆنییەتی‌ بەڕێوەچوونی‌ پرۆسەی‌ هەڵبژاردن پێچەوانە بووەتەوە.