زیاتر لەپێنج هەزار دەنگ.. مسوڵمانانی كوت دەنگیان بەمەسیحییەكدا

عیراق

26/05/2018‌ 1271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
نزیكەی پێنج هەزار‌و پێنج سەد دەنگدەر لە مسوڵمانانی كوت لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگیان بە كاندیدی مەسیحی داوە، ئەمەش حاڵەتێكی‌ بێ‌ وێنەیە.

كاتێك عەممار فرەنسیس بوترسی تەمەن 41 ساڵ خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئایاری 2018دا كاندید كرد، پێشبینی ئەوەی نەكردبوو (5348) دەنگ لەو شارەدا بەدەستبهێنێت، كە هێندەی نەماوە خاڵی بێت لە خێزانە مەسیحییەكان‌و تەنیا سێ خێزانی مەسیحی تێدا دەژی.

ئەو گەنجە، كە لەوەتەی لەدایكبووە لە شاری كوتی باشووری بەغدای پایتەخت دەژی‌و پەیوەندی باش‌و پتەوی لەگەڵ توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی واستیدا هەیە، لیستی سائیرونی هەڵبژارد، كە هاوپەیمانی رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق لەخۆدەگرێت‌و خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كاندیدكردن لەوەشدا پشتی بەو پێگە جەماوەرییە بەست كە لە كوت هەیەتی، چونكە كوت شاری خۆیەتی‌و لە كوچە‌و كۆڵانەكانیدا گەورە‌و پەروەردە بووە.

هەر كە دراوسێ‌و هاوڕێیان‌و خۆشەویستانی فرەنسیس بەهەواڵی خۆكاندیدكردنەكەیان زانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چەند هەڵمەتێكی گەورەی ریكلامیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستپێكرد، ئامانجی ئەو هەڵمەتانە بانگەشەكردن بوو بۆ كاندیدە مەسیحییەكە‌و بانگهێشتكردنی خەڵكی شارەكە بۆئەوەی دەنگی پێبدەن، بەكردەوەش وا بوو، بۆیە لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا وێنەكانی عەممار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و كۆڵان‌و شەقامەكانی شاردا بڵاوبوونەوە.

(سائیرون مەعە عەممار فرەنسیس)، (پشتیوانان‌و خۆشەویستانی عەممار فرەنسیسی عێراقی)، (پشتیوانانی عەممار فرەنسیسی عێراقی) ئەمانە هەموویان گروپ‌و پەیجی ئەلیكترونی سپۆنسەركراون كە خۆشەویستانی عەممار لەگەڵ خەڵكی شارەكە كاریان لەسەر دروستكردنیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كردووە‌و داوایانكردووە بەشداری جەماوەری لە هەڵبژاردندا كارابكرێت‌و دەنگ بە كاندیدە مەسیحییەكە بدرێت.

خێزانەكەی فرەنسیس یەكێكە لەو سێ خێزانە مەسیحییەی تا ئێستاش لە كوتدا ماون، ژمارەی ئەندامانی ئەم خێزانانە لە 15 كەس تێناپەڕێت، بەڵام ئەو (5348) دەنگی بەدەستهێناوە.

ئەزموونی كاندیدكردنی ئەم گەنجە مەسیحییە لە ناوجەرگەی شارێكدا كە مۆركی ئیسلامی بەسەر ئاینی دانیشتووانیدا زاڵە، بەڕای عەممار ئەزموونێكی سەركەوتووبووە بەهەموو پێوەرێك، چونكە وەك خۆی دەڵێت بۆنەیەكە بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەعێراق‌و هەوڵێكە بۆ كۆتاییهێنان بەو ئاژاوانەی كە – بەوتەی ئەو - هەناردەی عێراق دەكرێن.

عەممار فرەنسیس بە "نیقاش"ی وت: "سەرلەبەیانی رۆژی هەڵبژاردن لە شەقامەكانی شاری كوتدا پیاسەم دەكرد، هەستم بە خۆشحاڵییەكی زۆر كرد كە دەمبینی چۆن خەڵكی موسڵمان هەڵپەیانە بۆ هەڵبژاردنم" روونیشیكردەوە كە دانیشتووانی شارەكە قەرزدارباریان كردووە.

سەبارەت بەو هۆكارانەش كە وایانكردووە لە نێو لیستەكاندا تەنیا لە لیستی سائیروندا خۆی كاندید بكات، دەڵێت: "بەویژدانەوە دەیڵێم وەكو گەنجێكی عێراقی كە دەیەوێت بەشداری لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنی هاوچەرخدا بكات، لە سەكردایەتی لیستەكە‌و بەرنامەی هەڵبژاردنیدا وەڵامی خواستەكانم بینییەوە ".

بەپێی دووپاتكردنەوەی ئەو گەنجە مەسیحییە كە دەرچووی 10 ساڵ لەمەوبەری پەیمانگای مامۆستایانی كوتە، ئەو لە پاشەكشەكردنی ئاستی جەماوەرەكەی لە نێو خەڵكی كوتدا ناترسێت تەنانەت كە كورسییەكی پەرلەمانیشی بەدەستنەهێناوە، رەنگە ئەوەش لەو هۆكارانە بێت وایان لێكردووە لەو شارەدا بمێنێتەوە كە تێیدا گەورە بووە‌و لەهیچ هەلومەرج‌و رەوشێكدا بەجێی نەهێشتووە.

وەك د. ئەحمەد شەهاب ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی سەدر لە كوت دەڵێت ئەو قبوڵكراوییە جەماوەری‌و كاریزمایەی گەنجە مەسیحییەكە هەیەتی وایانكردووە چاوی ئەو لیستە سیاسیانەی لەسەر بێت كە بەشداری كێبڕكێی هەڵبژاردنیان كرد.

شەهاب لە لێدوانیدا بۆ "نیقاش" وتی: "فرەنسیس جێگای رێزێكی زۆرە لەنێو خەڵكی شارەكەدا‌و كەسایەتییەكی خۆشەویستە‌و مەبەست لە كاندیدكردنیشی ئەوەیە بڵێن هەندێك لە لیستەكانی هەڵبژاردن هەڵپەی دەستكەوتی حزبییان نییە‌و جیاوازی ناكەن لە نێوان مسوڵمانێك‌و مەسیحییەك‌و كەمینەكانی دیكەدا".

وتیشی: "ئێمە وەك سەدرییەكان متمانەمان بە توانا‌و دەستپاكی‌و كاریگەریی عەممار هەیە لە دژایەتیكردنی گەندەڵی‌و ستەم‌و جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەی چاكسازییەی هەڵمانگرتووە ئەگەر توانی بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران".

لەگەڵ توندبوونی ركابەری هەڵبژاردنیش لەنێوان قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگای واست، كۆمەڵێك گەنج لە خۆشەویستانی فرەنسیس چەند هەڵمەتێكی ریكلامیان لە پەیجەكانی فەیسبووك دەستپێكرد كە ئامانجیان - وەك یەكێك لە رێكخەرانی دەڵێت – پشتیوانیكردنی كاندیدە مەسیحییەكە‌و بانگهێشتكردنی خەڵك بوو بۆئەوەی دەنگی پێبدەن، ئەویش دوای ئەوەی بینیان كەسایەتییەكی هاوسەنگ‌و بەمتمانەی هەیە‌و توانای بەدیهێنانی خواستەكانیشی هەیە.

محەمەد قاسم ئیدام (22 ساڵ) لەو بارەیەوە وتی: "بەشداریكردنم لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێیان لە پشتیوانیكردنی كاندیدە مەسیحییەكە تەنیا لێدانە لە هەوڵەكانی دژ بە پێكەوەژیانی عێراقی بە درێژایی هەزاران ساڵ، بۆیە بەشداریكردنی فرەنسیس شانبەشانی مسوڵمانان لە هەڵبژاردن‌و بەدەستهێنانی ئەو ژمارە دەنگە، ئەو راستییە دووپات دەكاتەوە".

سەیف بەدری كە بلۆگەرێكی دیكەیە لە كوت، پێی وایە: "دژایەتیكردنی گەندەڵی‌و بڵاوكردنەوەی بنەماكانی چاكسازی سیاسی پێویستیان بە خوێنی تازەیە بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانیان لە هێنانەدی ئەو داخوازییە میللییەدا".

زۆرێك لە كاندیدەكان هۆكارگەلێك لە دۆڕان لە هەڵبژاردندا رزگاری كردن – بۆ نموونە ژنان –كۆتای ژنان رزگاری كردن، چونكە زۆرێكیان تەنیا ژمارەیەكی كەم دەنگی دەنگدەرانیان بەدەستهێناوە بەراورد بەو دەنگانەی پیاوان بەدەستیان هێناوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش كورسی پەرلەمانیان بردووەتەوە، بەڵام عەممار سەرەڕای ئەوەی (5348) دەنگی بەدەستهێناوە نەیتوانی كورسییەكی پەرلەمان بباتەوە بەهۆی سروشتی یاسای هەڵبژاردن لە عێراق كە وایكردووە ژمارەی دەنگی كورسییەك بۆ پیاوان بەراورد بە ژنان بەرزتربێت،  لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەوڵی هاوڕێیان‌و خەڵكی شارەكەی ببینین بۆ گرتنەبەری رێگەچارەی بەرفراوانتری هەڵبژاردن‌و پاشان بردنەوەی كورسییەكی پەرلەمان.