شیعە دەیان كورسی سوننەیان بردووەتەوە.. سوننەكان دۆڕاوی هەرە گەورەی هەڵبژاردنی عێراقن

عیراق

26/05/2018‌ 1888 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەكاتێكدا حزبە شیعە‌و كوردیەكان وەفدەكانیان سەرقاڵی دانوستانی پێكهێنانی حكومەتی نوێن، حزبە سوننەكان توشی شۆك بوون بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن‌و لەدەستدانی دەیان كورسی.

ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە هەفتەی رابردوو راگەیەندرا پێشهاتێكی مەترسیداری لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیكردنی تایفەی سوننە لە وڵاتدا دەرخست، چونكە ئەو حزبانەی نوێنەرایەتی پارێزگاكانی نەینەوا‌و ئەنبار‌و سەڵاحەدین‌و شارۆچكە سوننەكانی بەغدا‌و بابل دەكەن بە دەیان كورسییان لەبەرژەوەندی حزبە شیعە‌و كوردیەكان لەدەست داوە كە ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ زیادبوونی نەهامەتی پێكهاتەی سوننە لەڕووی سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەوە، ئەمە جگە لەو وێرانكارییەی لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دژ بە رێكخراوی "داعش" بەر شارەكانیان كەوتووە.

هاوپەیمانی "قەراری عێراقی"‌و "ئەنبار ناسنامەمانە"‌و "نەینەوا ناسنامەمانە"‌و "وەتەنییە"‌و "سەڵاحەدین ناسنامەمانە"‌و "عابیرون" ئەو هێزە سوننانەن كە بەشداریان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا كرد، بە هەمووشیان (47) كورسییان لە پەرلەمانی نوێدا بەدەستهێنا كە پێشتر ژمارەی كورسییەكانیان (64) كورسی بوو لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا.

تاكتیكی حزبە سوننەكان لە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو نەبوو لەوەی باوەڕ بە دانیشتووانی سوننە بهێنێت تا دەنگەكانیان بەدەستبهێنن، سەرەڕای ئەوەش كە "حزبی ئیسلامی" بە سەرۆكایەتی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان‌و "بەرەی دیالۆگی نیشتمانی" بە سەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ چوونە پاڵ بزووتنەوەی "ویفاقی نیشتمانی" بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كە دروشمی عەلمانیەت‌و مەدەنیەتی بەرزكردووەتەوە، بەڵام دووچاری دۆڕانێكی پێشبینی نەكراو بوونەوە‌و تەنیا (21) كورسییان بەدەستهێنا، وادیارە دۆڕانەكەش عەلاویشی گرتووەتەوە.

لە بەراوردی قەبارەی هێزە سوننەكانیشدا، عەلاوی لەم هەڵبژاردنەدا پێنج كورسی بەدەستهێنا كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا (21) كورسی هەبوو، لە كاتێكدا ساڵح موتڵەگ سێ كورسی بەدەستهێناوە كە پێشتر 10 كورسی هەبوو، هاوكات ئوسامە نوجێفی (14) كورسی بەدەستهێناوە كە پێشتر (23) كورسی هەبوو، وادیارە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان كە دیارترین نوێنەری سوننە بوو لە پرۆسەی سیاسیدا گەورەترین دۆڕاوە‌و حزبەكەی حەوت كورسی بەدەستهێناوە‌و خۆیشی نەیتوانیوە كورسییەك بۆ خۆی بەدەست بهێنێت.

لەبەر رۆشنایی ئەم دۆڕانەدا، سوپرایز نەبوو كە هەموو ئەو حزبانە ناڕەزایی سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن رابگەیەنن،  لەم رووەوە ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی كرد‌و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی بە ئەنجامدانی ساختەكاری تۆمەتبار كرد، لەكاتێكدا ئوسامە نوجێفی هاوكاری لەمیانی دیداری لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە بەغدا كە سێشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، داوایكرد هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت كە بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ رێكبخرێت، ئەویش بەهۆی ترس لە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو ئەنجامانە،

هاوكات سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمان پشتیوانی بەستنی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كرد لە رۆژی شەممەی رابردوو بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی تۆمەتەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردندا لەكاتێكدا ئیمزا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن‌و دووبارە ئەنجامدانەوەی كۆكرایەوە.

بەڵام ئەو كورسیانە بۆكوێ چوون كە حزبە سوننەكان لەدەستیان داون، هەرچەندە كورسی پارێزگاكان گۆڕانكارییان بەسەردا نەهاتووە؟ بۆچی دیاردەی كەمبوونەوەی كورسی هاوپەیمانییە سوننەكان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا رووی لە زیادبوون كردووە‌و ئەو دیاردەیە دوای هەموو هەڵبژاردنێك دووبارە دەبێتەوە؟   

یەكێك لە سوپرایزەكانی هەڵبژاردنی عێراق ئەوەبوو هاوپەیمانی "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پلەی یەكەمی لە شاری موسڵ بەدەستهێنا‌و بە یەكسانی لەگەڵ "پارتی دیموكراتی كوردستان" بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی حەوت كورسی بردەوە كە عەبادی بەجیاوازی دەنگ لەپێشتر بوو، هاوكات هاوپەیمانی "قەرار" بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی سێ كورسی بەدەستهێنا هەرچەندە نوجێفی لە دانیشتووانی شارەكەیە‌و زۆر پشتی پێ دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی كورسی زیاتر.

هاوپەیمانی "فەتح"یش كە گرووپە شیعەكان تێیدا ئەندامن سێ كورسی لە شارەكەدا بەدەستهێنا، لە كاتێكدا هاوپەیمانی "تەمەدون" یەك كورسی بەدەستهێنا، ئەو كورسیانەی ئەم لیستانە بەدەستیان هێناوە لە بنچینەدا كورسی مسۆگەری حزبە سوننەكان بوون، بەڵام گۆڕانكارییەك لە میزاجی دەنگدەراندا روویداوە‌و گوشاریان لەسەر هەبووە.

نورە بجاری ئەندامی هاوپەیمانی "نەینەوا ناسنامەمانە" (سوننە) بە "نیقاش"ی وت: "بڵاوبوونەوەی هێزی سەربازی جیاجیای پەیوەندیدار بە چەند لایەنێكی سیاسی دەرەوەی شارەكە‌و ئەو گوشارانەی لەسەر ئاوارەكان هەبوون‌و بێبەشكردنی هەزاران كەس لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنەوە، لەپشت ئەوەوە بوون كە لە هەڵبژاردندا روویدا".

عەبدولڕەحمان جبوری چالاكوانی مەدەنی لە موسڵ هاوڕایە لەگەڵ قسەكانی بجاری، بەڵام هۆكارێكی دیكەی باس كرد‌و لەوبارەیەشەوە بە "نیقاش"ی وت: "دانیشتووانی شارەكە نیگەرانن لە حزبەكانی شارەكە پاش ئەو كارەساتانەی دووچاری هاتن، بەشێكی زۆری دەنگدەرانیش هەوڵیان دا حزبی نوێ هەڵبژێرن ئەگەر لەدەرەوەی شارەكەشەوە هاتبن، هاوپەیمانییەكەی عەبادیش نزكترین بوو، چونكە دانیشتووانی شارەكە خۆیان بەقەرزدارباری دەزانن كە شارەكەی لە دەستی توندڕەوان ئازادكرد".

هەروەها لە ئەنبار حزبە سوننەكان دوو كورسیان لەبەرژەوەندی هاوپەیمانی "نەسر" لەدەستدا لەكۆی (15) كورسی، لە دیالەش كە دانیشتووانەكەی تێكەڵەیەكە لە سوننە كە ژمارەیان زۆرترینە‌و دوای ئەوانیش شیعە‌و كورد، حزبە سوننەكان بەهەموویان شەش كورسییان بەدەستهێناوە لەكاتێكدا حزبە شیعەكان حەوت كورسییان بەدەستهێناوە كە پشكی شێری بەر هاوپەیمانی "فەتح" كەوتووە، لە كاتێكدا "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" یەك كورسی بەدەستهێناوە.

هەروەها حزبە شیعەكان لە كۆی (13) كورسی سەڵاحەدین چوار كورسییان بەدەستهێناوە، بۆ یەكەمین جاریشە كە حزبە سوننەكان نەیانتوانی هیچ كورسییەك لە پارێزگای بابل ببەنەوە كە بەهەزاران دانیشتووی سوننە لە باكووری شارەكە لە شارۆچكەكانی جەرف لسەخر‌و موسەیب نیشتەجێن.

حزبە شیعەكان توانیان دوو كورسی سوننەكان لەڕێی كاندیدی سوننەوە لەناو ئەو شارانە بەدەستبهێنن، حزبە سوننەكانیش لەوە دەترسن ئەو كاندیدە سوننانەی بڕیاریان دا شانبەشانی هێزی شیعە بەشداری هەڵبژاردن بكەن نوێنەری راستەقینەی دانیشتووان نەبن، بەڵكو ملكەچی رێنمایی سەركردەی حزبە شیعەكانیان بن، ئەوەش كاریگەری لەسەر دەنگی تایفەی سوننە لە حكومەت‌و پەرلەمانی نوێدا دەبێت.

رەنگە دیاردەی كەمبوونەوەی ژمارەی كورسی هێز‌و حزبە سوننەكان بەشێوەیەكی نیگەرانكەر شتێكی نوێ نەبێت‌و چەند ساڵێكە دەستیپێكردووە، لە یەكەم هەڵبژاردندا كە عێراق لەدوای داگیركاری ئەمریكا لە ساڵی 2005دا بەخۆیەوە بینی، حزبە سوننەكان (83) كورسی پەرلەمانیان لە رێی "بەرەی تەوافوق"ی ئەو كاتە بەدەستهێنا سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە پیاوانی ئاینی‌و گرووپە چەكدارە سوننەكان بانگەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنیان دەكرد.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010یشدا سوننە سەركەوتنێكی چاوەڕواننەكراویان تۆماركرد كاتێك پلەی یەكەمیان بەدەستهێنا دوای ئەوەی هاوپەیمانییان لەگەڵ ئەیاد عەلاوی بەست‌و (91) كورسییان بەدەستهێنا، بەڵام لەساڵی 2014دا رەوشەكە خراپتر بوو كاتێك (64) كورسییان بەدەستهێنا، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی مانگی ئایاردا تەنیا (47) كورسییان بەدەستهێنا، واتە بەدرێژایی سیانزە ساڵی رابردوودا نزیكەی (50%)ی كورسییەكانیان لەدەست داوە، دەبێت چی روویدابێت؟

سەیر لەوەدایە كە هەمان شت لە هەڵبژاردنی لوبنانیشدا رووویدا‌و سوننە لە یەكەم هەلبژاردنی پەرلەمان لە لوبنان لە دوای ساڵی 2009 ژمارەیەكی زۆر كورسییان لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە شیعەكان لەدەست دا.

بەرپرسێكی دیاری سوننە كە لە هەڵبژاردنی هەفتەی رابردوودا لە بەغدا سەكەوتنی بەدەستهێنا بەمەرجی ئاشكرانەكردنی ناوەكەی لەبەر هۆكاری ئەمنی‌و ترسی لە هەڕەشەلێكردن‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیەكەی لە پەرلەمانی نوێدا، بە "نیقاش"ی وت: "هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كورسییەكانی سوننە روونن ئەوانیش هەڵمەتەكانی گۆڕینی دیمۆگرافین كە زۆرێك لە شارەكانی سوننە لەوڵاتدا دووچاری هاتوون".

وتیشی: "حزب‌و گرووپە شیعەكان بەهێزتر بوون‌و هەژموونیان گەیشتووەتە شارە سوننەكان‌و دروشمی ئازادكردنی شارەكان‌و هەڕەشەكردن لە دەنگدەرانیان بەكارهێنا بۆ بەدەستهێنانی دەنگ، لە كاتێكدا بەشێك لە عەشیرەتەكانی دیالە‌و سەڵاحەدین‌و بابل هەڕشەی ئەوەیان لێكرا كە دەنگ بە حزبە سوننەكان نەدەن".

بۆ نموونە شارۆچكەی "جەرف لسەخر"ی زۆرینە سوننە لەباكووری بابل لە شەڕەكانی دژ بە "داعش" لە هەموو دانیشتووانەكەی چۆڵ كرا، لەگەڵ ئەوەشدا كە چوار ساڵ بەسەر دەركردنی توندڕەواندا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی نەدراوە، ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە سەبارەت بەوەی هەڵمەتەكانی گۆڕینی دیمۆگرافی رێكخراو لە شارۆچكە سوننەكان خەریكە كاریگەری لەسەر رێژەی نوێنەرایەتیكردنی سوننە لە وڵاتدا دادەنێن.