هەزارەها دەنگیان بۆ رۆشتووە
شارپرێس ژمارەی ئەو كاندیدانەی یەكێتی ئاشكرادەكات گومانیان لەسەر زۆرترین "ساختە"یان بۆ كرابێت

عیراق

31/05/2018‌ 20255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گومانیان لەسەرە "زۆرترین ساختەكاری"یان لەهەڵبژاردن بۆ كرابێت، كە گومانەكە بەشێوەیەكە هەزارەها دەنگیان بۆ رۆشتووە.

چوار لایەنە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان، دوای تۆماركردنی سكاڵا، لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو چەند وردەكارییەكی "ساختەكاری" هەڵبژاردنەكەیان خستەڕوو.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەشاری بەغدا سكاڵایان لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماركرد، كە دوای تۆماركردنی سكاڵاكان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەژووری هەڵبژاردنی گۆڕان‌و هاوپەیمانی دەست شارپرێس كەوتووە، 6 كاندیدی یەكێتی، زۆرترین "دەنگیان بۆ رۆشتووە، كە ژمارەی ئەو كاندیدانە لەهەڵبژاردنەكە بریتیبوون لەكاندیدەكانی ژمارە (1 ، 5 ، 10 ، 21 ، 31 ، 34)"، كە ئەو كاندیدانە لەپارێزگای سلێمانی بوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، گومانەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئەو كاندیدانە، لەرێگەی چەند باڕكۆدێكی دیاریكراو، "سەدان هەزار دەنگیان بۆچووە، لەلیستی یەكێتی زۆترین دەنگیان هێناوە".

لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، زمناكۆ جەلال بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆران وتی: "وەك چوار لایەنەكە بەڵگەی تەواویان كۆكردووەتەوە، كە بەڵگەكان دەیسەلمێنن، رێژەیەكی زۆر ساختەكاری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كراوە".

زمناكۆ جەلال وتیشی: "بەمەبەستی گرتنەبەری رێكاری یاسایی، لەكۆمسیۆن‌و لیژنەی دادوەری كۆمسیۆن سكاڵامان تۆماركردووەو چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەكەین".

لای خۆیشییەوە رێبوار كەریم مەحمود، وتەبێژی هاوپەیمانی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وردەكاری "ساختەكاری"یەكانی خستەڕوو، رایگەیاند "بەچەند شێوازێك ساختەكاری كراوە، كە بۆ ئەوەش بەڵگەی تەواومان لەبەردەستەو خستوومانەتە بەردەم كۆمسیۆن".

رێبوار كەریم مەحمود راشیگەیاند، یەكێك لەشێوازی "ساختەكارییەكان، دەنگدانە لەجێگەی ئەو كارتانەی لای كۆمسیۆن ماوەتەوە، ئەوەش لەرێگەی لایەنی دەسەڵات‌و ژمارەیەكی زۆریشە، كە چەند كورسییەك دەكات".

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی ئەوەشی راگەیاند، یەكێكی تر لەجۆرەكانی ساختەكاری "دەنگدانە بەیەك باڕكۆت، بەچەند كاندیدێكی دیاریكراو، بۆ لایەنی دەسەڵات، ئەوەش سەدان هەزار دەنگەو بە بەڵگەی كۆمسیۆن خۆی تۆمارمان كردووە".

رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ئەو لایەنانە باوەڕ پێهێنەر نەبوو، بۆیە داوای هەڵوەشانەوەی دەكەن.

هـ ـ ح