كورد "دەستكەوتە نووستووەكەی‌" خەبەرنەكردەوە
نە كورد باسی‌ دەكات‌و نە بەغداش دەیەوێت گوێی‌ لەریفراندۆم بێت

عیراق

01/06/2018‌ 2855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەگەڕی‌ یەكەمی‌ دانوستانەكانی‌ هێزە كوردی‌‌و عێراقییەكان، ریفراندۆمی‌ سەربەخۆیی كوردستان پشتگوێ‌ خرا، وەك ئەوەی‌ هەردوولا بیانەوێت بەردێك لەسەر ئەو باسە دابنێن.

راگەیاندنی‌ دەرەنجامی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بۆجارێكی‌ تر هاتوچۆی‌ فڕۆكەی‌ وەفدە حزبیەكانی‌ لەنێوان هەرێمی‌ كوردستان‌و بەغدا گەرمكردەوە.

لە 22ی‌ ئایاردا وەفدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەهەولێرەوە خۆی‌ گەیاندە بەغداو بۆ رۆژی‌ دواتریش وەفدی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان لەسلێمانیەوە گەیشتە پایتەخت كە هەردووكیان بەدوو جەمسەری‌ سەرەكی‌ بەڕێوەبردنی‌ ئیداریی‌و سیاسی‌ هەرێم دادەنرێت‌و پلەی‌ یەكەم‌و دووەمی‌ سەركەتووەكانی‌ هەڵبژاردنی 12ی‌ ئایاریان بەدەستهێنابوو.

بڵاوبوونەوەی‌ وێنەی‌ دیداری‌ ئەو دوو حزبە لەگەڵ لایەنە عێراقیەكاندا تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ گەرم كردو چەندین هاشتاگی‌ گاڵتە ئامێزیان بڵاوكردەوە.

"یەكەم وڵات كە بەپاسپۆرتی‌ كوردستان گەشتی‌ بۆ دەكەیت كوێیە؟" ئەم پرسیارە دووبارە لەلایەن لە پەیجە گشتی‌‌و كەسیەكانی‌ تۆڕی‌ كۆمەڵایەتیەوە شەیركرایەوە.

ئەوانەی‌ لەناوخۆی‌ كوردستان دژی‌ ریفراندۆم بوون، ئەم رستەیەی‌ سەرەوە وەك جۆرێك لەگاڵتەجاڕی‌ باس دەكەنەوە، چیرۆكەكەشی‌ بۆ چەند رۆژێك بەر لەریفراندۆم دەگەڕێتەوە، ئەو دەمە كەناڵی‌ رووداوی‌ سەر بەنێچیرڤان بارزانی‌ ئەو رستەیەی‌ لەسۆشیال میدیا بڵاوكردەوە گوایە مەسەلەی‌ پێكهێنانی‌ دەوڵەتی‌ كوردی‌ یەكلایی بۆتەوەو نۆرەی‌ ئامادەسازییەی‌ بۆ پاسپۆرتەكەی‌.

ئەمجارە لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم دەرەنجامی‌ ریفراندۆمیان لەگەڵ خۆیان نەبرد بۆ بەغدا كە لەدوای‌ ئەنجامدانی‌، حكومەتی‌ ناوەندی‌ گوشارەكانی‌ بۆ سەر هەرێم خستەكار‌و هەرێم سنوری‌ ناوچە جێناكۆكەكان بەشێك لەو دەسەڵاتە ئیداریی و ئابوریانەشی لەدەستدا كە لەدوای‌ ساڵی‌ 2003 ەوە بەدەستیەوە بوون.

لەگەڕی‌ یەكەمی‌ دانوستانەكاندا لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی‌  باس لەپرسی ریفراندۆم بكەن ئەگەرچی‌ تیایدا لەسنوری‌ هەرێمی‌ كوردستاندا زیاتر لە 90%ی‌ هاوڵاتیان دەنگیان بەبەڵێ بۆ جیابوونەوە لەو بەغدایەدا كە لەدوای‌ نۆ مانگ بۆ جارێكی‌ تر كورد چووەوە بۆ ئەوەی‌ رۆڵ لەنەخشەی‌ ئیداریی‌ نوێدا ببینێت بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو.

خەسرەو گۆران ئەندامی‌ وەفدی‌ پارتی‌ بۆ بەغدا بە"نیقاش"ی وت "پرسی ریفراندۆم لەو دانوستانەكاندا باس نەكرا تەنیا بەراگوزەر نەبێت‌و تەنیا باس لەچۆنێتی‌ جێبەجێكردنی‌ دەستور كراو ئێمەش باسمان لەوە نەكرد كە پێویستە ئەو لایەنانە ئەنجامی‌ ریفراندۆم لەبەرچاو بگرن".

ئەوە یەكەمجار بوو وەفدی‌ كوردی‌ بەر لەپێكهێنانی‌ حكومەتێكی‌ نوێ لەعێراق لەپاش هەڵبژاردن كارتی‌ جیابوونەوە نەخاتە جانتای‌ دانوستانەكانیەوە بۆ بەغداو نەیبردە سەر مێزی‌ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیًَراقییەكان كە لەدوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ حزبی بەعسەوە لە 2003 و لەسێ خولی رابردوودا هاوكێشەی‌ گوشارەكانی‌ پێ یەكلایی دەكردەوە.

لەوانەیە ترسی لایەنە عێراقییەكان لەجیابوونەوەی‌ كورد بەئەنجامدانی‌ ریفراندۆم بەتاڵ بوبێتەوە، بەو پێیەی‌ دەرەنجامەكانیشی بەهێز بۆ بەغداو پاشەكشێ بۆ هەرێم شكایەوە.

لەوەدەچێت حزبە باڵا دەستەكانی‌ هەرێمیش ئەوەیان لەبەرچاو بێت كە باسكردنی‌ ریفراندۆم لەلای‌ لایەنە عێراقییەكان لەئێستادا "بڤە" بێت چونكە شكاندنی‌ یەكپارچەیی عێراق بەلایانەوە هیڵی‌ سورە.

دوورنیە كێشەكە لەوەش گەورەتر بێت بۆ لایەنە كوردییەكان لە بەغدا بۆ گەڕەكانی‌ داهاتووی‌ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بە شیعەو سونەشەوە كە لەلایەك كارتی‌ جیابوونەوەیان لەدەستداوە‌و لەلایەكی‌ تریشەوە ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم پێگەی‌ لەوێ بیهێزكردوون.

خالید شوانی ئەندامی‌ وەفدی‌ یەكێتی‌ بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بڕوای‌ وایە دانوستانی‌ ئەمجارە بۆ پێكهێنانی‌ حكومەتی‌ نوێی‌ عێراق جیاوازە لە خولەكانی‌ رابردوو بەوپێیەی‌ بە وتەی‌ ئەو كورد لە شەش مانگی‌ رابردوودا بە خراپترین بارودۆخی‌ سیاسیدا خۆیدا رۆیشتووە لەگەڵ بەغدا.

خالید شوانی‌ بە"نیقاش"ی وت "بۆ قۆناغی داهاتووی‌ دانوستانەكان كارتی‌ ریفراندۆم و جیابوونەوە بەهێز نابن بەدەست كوردەوە، چونكە پێگەی‌ كورد لەئێستادا وەك پێگەی‌ كورد نییە لەخولەكانی‌ رابردووداو بەهۆی‌ شكستهێنانی‌ پرۆسەی‌ ریفراندۆمەوە بارودۆخەكان تەواو گۆڕاون".

بێدەنگی‌ وەفدی‌ كوردی‌ لەریفراندۆم لەبەغدا هاوتای‌ ویستی‌ لایەنە عێراقیەكانیش بوو بۆ ئەوەی‌ گوێیان لەو دەستەواژەیە نەبێت كە لەساڵی‌ رابردوودا گەورەترین قەیرانی‌ سیاسی و ئاڵۆزی‌ ئەمنی‌ لە نێوان زۆرینەی‌ شیعەی‌ فەرمانڕەوای‌ عێراق‌و كوردا دروستكرد كە لەدوای‌ ساڵی‌ 2003ەوە بەخۆیان دەوت "هاوپەیمانی‌ هەمیشەیی".

ئەحمەد ئەسەدی‌ ئەندامی‌ وەفدی‌ دانوستانكاری‌ لیستی‌ فەتح كە لەلایەن حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانەوە سەركردایەتی‌ دەكرێت چوونی‌ وەفدی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ بۆ بەغدا وەك ئاماژەیەك دەزانێت بۆ جەختكردنەوە لەپەیوەستبونیان بەدەوڵەتی‌ عێراقەوەو دەشڵێت "قسەكردن لەبارەی‌ ریفراندۆمەوە بێسود بووە، چونكە دادگای‌ فیدراڵی‌ هەڵیوەشاندووەتەوە".

ئەسەدی‌ بە"نیقاش"ی وت "ریفراندۆم ئەڵقەیەكی‌ زیانبەخش بوو بۆ سەرجەم عێراقییەكان‌و خستومانەتە پشت خۆمانەوە بۆ قۆناغەكانی‌ داهاتووی‌ دانوستانیش ئەو پرسە بەشێك نابێت لە ئەجێندای‌ دانوستانەكان".

ئەو پرسە لەپشت وەفدە كوردیەكەشەوە كێشەیەكی‌ تر بەجێدەهێڵێت كە چۆن وەڵامی‌ پرسیاری‌ زیاتر لە90%ی‌ هاوڵاتیانی‌ هەرێم دەدەنەوە كە پاڵپشتی جیابوونەوەیان كرد لە عێراق كە تائێستاش هەرێمی‌ كوردستان هەڵوەشاندنەوەی‌ دەرەنجامی‌ ئەو ریفراندۆمەی‌ رانەگەیاندووە هەرچەندە  رادەستی‌ ئەو رێوشوێنانەشبوو كە حكومەتی‌ ناوەندی‌ بەهۆی‌ ئەو پرۆسەیەوە لەدژی‌ گرتیەبەر.

عەبدوڵا وەرتێ یەكێك لە ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ هەڵوەشاوەی‌ ریفراندۆم پێیوایە دەرەنجامی‌ ریفراندۆم "دەستكەوتێكی‌ خەوتووە" كە هەركاتێك پێویست بوو گۆڵی‌ خۆی‌ دەكات. 

عەبدوڵا وەرتێ بە"نیقاش"ی وت "ئەگەر شاندی‌ كورد بۆ بەغدا لاوازبوو ناتوانێت كارتی‌ ریفراندۆم بەكار بهێنێت و دەبێت ئەوانەی‌ دەسەڵاتی‌ سیاسیان بەدەستەوەیە لە هەرێم پارێزگاری‌ لەو دەنگانە بكەن كە پاڵپشتی سەربەخۆییان كردووە و بەكاری‌ بهێنن لەكاتی‌ دانوستاندا ئەگەرنا كاریگەری‌ خراپی‌ دەبێت لەسەر رای‌ گشتی‌ لە هەرێم و رۆحی‌ نەتەوەیی هاوڵاتیان دەتۆرێنێت".

لە ئێستادا لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێم بە چوونیان بۆ بەغدا كەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشەوە، لەلایەك گوشاری‌ جەماوەری‌ هەرێمی‌ كوردستانیان لەسەرە سەبارەت بە سودی‌ دەرەنجامی‌ ئەو ریفراندۆمەی‌ ئەنجامدراو دەنگیان بە سەربەخۆییدا، لەلایەكی‌ تریشەوە لە بەغدا رووبەڕووی‌ گوشاری‌ لایەنە عێراقییەكان دەبنەوە بەوەی‌ خۆیان دەپارێزن  لە باسكردنی‌ ئەو پرسە.

ئیحسان شمەری‌ لێكۆڵەری‌ سیاسی‌‌و مامۆستای‌ زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی‌ بەغدا بە"نیقاش"ی وت "ئاماژەكان بۆ ئەوەن بۆ قۆناغەكانی‌ داهاتوو پرسی  جیابوونەوە و باسكردنی‌ ئەنجامی‌ ریفراندۆم چاوەڕوانكراو نەبێت، چونكە چونی‌ وەفدی‌ حزبە كوردییەكان بۆ بەغدا بۆ پتەوكردنی‌ بیرۆكەی‌ یەكپارچەیی خاكی‌ عێراقەو بۆ داهاتوش حزبەكانی‌ هەرێم لە بەغدا داوای‌ مافەكانی‌ هەرێم دەكەن لەچوارچێوەی‌ دەستوری‌ عێراقدا".