دوو ئاوەڵزاوای تاڵەبانی چاویان لەپۆستەكەیە
شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار دەچێتە ماڵی مام جەلال

عیراق

02/06/2018‌ 22431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پۆستی سەرۆك كۆماری، كە هێشتا بۆ كورد یەكلایی نەبووەتەو لەناو كردیش دیارنییە، دەدرێت بەكاندیدی چ لایەنێك، بەڵام شەڕێكی پێشوەختەی لەناو ماڵی مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق دروستكردووە.

شەڕە پێشوەختەكە بەشێوەیەكە، كە چەند كەسێك لەناو بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی چاویان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارەو دەیانەوێت لەخولی داهاتوو سەرۆكایەتی كۆمار لەكۆشكی سەلام لەبەغدا لەشوێنەكەی پێشووی تاڵەبانی دانیشن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ئەو دوو كەسە بریتین لە عەبدولەتیف رەشید و محەمەد سابیر، كە هەردووكیان ئاوەڵ زاوای تاڵەبانی-ین‌و كەسی نزیكیش بوون لەناوبراو.

هەر بەپێی زانیارییەكان هەردووكیان، بەنامە داوایان لەئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كردووە، كە كاندیدیان بكەن بۆ ئەو پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق ئەگەر پشكی یەكێتی بێت.

چەند ساڵێكە لەكابینەكانی عێراق پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد بووەو لەناو كوردیش بۆ یەكێتی نیشتمانی بووە، كە ئێستا ئەو حیزبە جەخت دەكاتەوە، دەیانەوێت جارێكی تریش ئەو پۆستە وەربگرنەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، عەبدولەتیف رەشید، كە بەكۆمپیوتەر نووسراوە ٧ لاپەرەو سیڤی خۆی بەدورودریژی نووسیوە، تا نیشانی بدات ئەو لەهەموو كەس شایستەترە بەو پۆستە.

هەروەها محەمەد سابیریش، نامەكەی بەخەتی خۆی نووسیوەو دوو لاپەرەیەو داوای كردووە ئەگەر ئەو پۆستە بەر یەكێتی كەوت ئەوا بدرێت بەو ئەگەر ئەوەش نەبوو جێگری سەرۆك وەزیرانی، یان پۆستێكی سیادی وەزیری لەكابینەی داهاتووی عێراق پێبدرێت.

ئەمە لەكاتیكدایە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق بەنیازە بۆ خولی دووەم لەپۆستەكەیەدا بمێنێتەوە، كە چوار ساڵە لەپشكی یەكێتی لەو پۆستەدایە.

سەرچاوەیەكی نزیك لەفوئاد مەعسوم بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەیەكێتی بدرێتەوە، ئەوا كۆدەنگیەكی عەرەبی و كوردی هەیە لەسەر ئەوەی ناوبراو لەپۆستەكەی بمێنێتەوە.

هاوكات مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی، خواستی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەپشكی حیزبەكەی هەیە، بەڵام كێشەی بڕوانامەی هەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، مەلا بەختیار لەچەند شوێنێك باسی ئەوەی كردووە، كە خواستی ئەوەی هەیە لەپشكی یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مەلا بەختیار ئەو خواستەی لەچوارچێوەی داوایەكی فەرمی پێشكەش بەمەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی نەكردووە، بەهۆی ئەوەی كێشەی بڕوانامەی هەیە.

بەپێی یاسای عێراقی، ئەو كەسەی دەبێتە، سەرۆك كۆمار دەبێت بەلایەنی كەم بڕوانامەی بەكالۆریۆسی زانكۆیی هەبێت، كە مەلا بەختیار تەنیا بڕوانامەی سەرەتایی هەیەو ئەوەش كێشەیە لەبەردەمی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

هـ ـ ح