گۆڕانكارییەكانی یەكێتی كێشەی گەورە دروستدەكات
چەند سەركردەیەكی سەربازی هەڕەشەی كاردانەوەی توند دەكەن

کوردستان

05/06/2018‌ 27535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڕانكارییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كێشەی گەورەی دروستكردووەو چەند سەركردەیەكی سەربازی ئەو حیزبەش هەڕەشەی كاردانەوەی توند-یان كردووە.

ماوەی رابردوو بەفەرمانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بڕیاری چەند گۆڕانكارییەكی ناوخۆیی لەناو ئەو حیزبە درا، ئەویش گۆڕینی بەرپرسی چەند مەڵبەندێكی حیزبەكە بوو.

رۆژانی شەممەو یەك شەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكان، كە لەچەند سەرچاوەیەكی تایبەت دەست شارپرێس كەوتووە، لەو كۆبوونەوەیە جگە لەتاوتوێكردنی دۆخی هەرێمی كوردستان‌و عێراق، بەچڕی باسی ئەو گۆڕانكارییانە كراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، لەگفتوگۆكانی گۆڕانكارییەكان كاردانەوەی توند دروستبووەو لەو بارەشەوە چەند بەرپرسێكی سەربازی، كە ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بوون، هەڕەشەی توندیان كردووە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە سەركردەكان لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و عەدنان حەمەی میناو حامی حاجی غالی‌و جەمیل هەورامی‌و حەمەی حەمەسەعید ئەندامانی سەركردایەتی پێكهاتوون‌و جەختیان كردووەتەوە، كە ئەو گۆڕانكارییانە "بۆ تەسفییە حساباتی ناوخۆیی یەكێتییەو ئەوان قبووڵی ناكەن".

شارپرێس پێشتر بڵاویكردەوە، گۆڕانكارییەكان بەشێوەیەكە، جەمیل هەورامی بەرپرسی مەڵبەندی شارەزوورو محەمەد عەبدوڵڵا بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان‌و عەدنان حەمەی مینا بەرپرسی مەڵبەندی راپەڕین‌و بەرزان ئەحمەد كوردە بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ دەگۆڕێن.

شارپرێس ئەوەشی بڵاوكردەوە، ئەو گۆڕانكارییانە پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو بەرپرسی مەڵبەندانە گومانیان لەسەرە، لەبەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری دەستلەكاركێشاوەی یەكێتی نزیكن، كە ناوبراو ماوەی رابردوو لەو حیزبە كشایەوەو لیستێكی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری دروستكردو بەجیا بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردووی كرد.

هەروەها ئەوەی بڵاوكردەوە، كە لەناو یەكێتی وا باسكراوە، ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بەوەی نزیكن لەبەرهەم ساڵح، لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بانگەشەیان بۆ یەكێتی نەكردووەو كاریان بۆ لیستەكەی بەرهەم ساڵح كردووە، بەڵام ئەوان رەتیانكردووەتەوەو لەو بارەوە داوای بەڵگەیان كردووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەو سەركردانەی یەكێتی كاردانەوەی توندیان هەبووەو جەحتیانكردووەتەوە، ئەوان بەرهەم ساڵح بەدۆست‌و هاوڕێی خۆیان دەزانن‌و رێگەنادەن هێرش بكرێتە سەری‌و سوكایەتی پێبكرێت، كە ئەوە یەكەم جارە بەئاشكرا لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی هەڵوێستێكی لەو شێوەیە دەربڕن لەدوای جیابوونەوەی ناوبراو.

هەر لەكۆبوونەوەكە باسی ئەوەشیان كردووە، رێگە بەوەش نادەن هێز بنێرە سەر بەرهەم ساڵح‌و هێرشی بكەنە سەر، تەنانەت حامی حاجی غالی رایگەیاندووە، مەگەر بەسەر لاشەی ئەودا بڕۆن رێگە بەكارێكی لەو شێوەیە بدات.

هاوكات جەختیان كردووەتەوە، ئەوان ئەو گۆڕانكارییانە قبووڵناكەن‌و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە، خۆیان بە "خاوەی یەكێتی دەزانن‌و بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری حیزبەكەیان نابن‌و تەنانەت ئامادەن تا ئاستی گیان بەخشینیش لەو پێناوەدا بەرگری بكەن".

مەحمود سەنگاوی یەكێك بووە لەو سەركردایەتی یەكێتی ، كە لەكۆبوونەوەكە قسەی كردووەو باسی لەوە كردووە، ئەوان "تەسفییە حسابات قبووڵ ناكەن"، خۆشیان بەخاوەنی یەكێتی دەزانن‌و ئەگەر گۆڕانكارییەكان بكرێت، ئەوە كاردانەوەی توندیان دەبێت، بەبێ‌ ئەوەی ناوەڕۆكی كاردانەوەكەی باس كردبێت.

لای خۆیشییەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی قسەی كردووەو بەرگری لەو سەركردانە كردووە، بەوەی "ئەو سەركردانەی یەكێتی هەموو ژیانی خۆیان بۆ حیزبەكەیان تەرخان كردووەو هەر ئەوانیش بوون لەچەند ساڵی رابردوو شەڕی داعشیان كردووە، بۆیە نابێت هەنگاوێكی لەو شێوەیەیان لەدژ بگیرێتە بەر".

مەلا بەختیار ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش یەكێكی تر بووە لەو سەركردانەی لەكۆبوونەوەكانی سەركردایەتی قسەی كردووەو باسی لەوە كردووە، ئەو فەرمانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، كە كۆسرەت رەسوڵە جێبەجێكردووە.

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، بەهۆی ئەو كاردانەوە توندانەوە، تائێستا دیارنییە، ئەو بڕیارانەی لەبارەی گۆڕانكارییەكان دراوە جێبەجێدەكرێت ، یان نا، بۆیە ئەو پرسە بەهەڵواسراوی تائێستا ماوەتەوە.

سەركردەكانی یەكێتی، كە كاردانەوەی توندیان هەبووە لەسەر گۆڕانكارییەكان ئەوەشیان باس كردووە، ئەوان نین بوونەتە هۆكاری لاوازبوونی یەكێتی بەتایبەتی لەسلێمانی، بەڵكو ئەوەی یەكێتی لاوازكردووە سیاسەتی چەند كەسێك بووە، كە ئەو سیاسەتەش بەردەوامی هەیە.

چەند ساڵێكە كێشەی ناوخۆیی لەناوخۆی یەكێتی هەیەو ئەو كێشانەش بووەتە هۆی جیابوونەوەی چەند سەركردەیەكی ئەو حیزبە، كە دواترینیان بەرهەم ساڵح بوو لەو حیزبە كشایەوە.

هـ ـ ح