هۆكارەكەی هەرەسهێنانی ریالە.. وەبەرهێنەرانی كەربەلا لەبانكەكانی ئێران پارەكانیان لەدەست دەدەن

عیراق

09/06/2018‌ 1419 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەوەتەی‌ ئێران بڕیاریدابوو سوودی‌ سەر پارەی‌ داندراووی‌ بانقەكان زیاد بكات، بەهەزاران سەرمایەداری بچووك‌و مامناوەندی كەربەلایی روویان لەبانكەكانی‌ ئێران كردبوو.

بانكە حكومی‌و ناحكومییەكانی ئێران كارئاسانی زۆریان بۆ وەبەرهێنەرانی عێراقی‌و ئەوانی دیكەش كردووە تا هانیان بدەن پارەكانیان لەو بانكانە دابنێن، لەم ڕووەشەوە مۆڵەتیان داوە بەژمارەیەك نووسینگە سەر بەخۆیان لەشارەكانی كەربەلا‌و نەجەف‌و كازمیە، كە بواریان بۆ وەبەرهێنەران رەخساندووە پارەكانیان لەئەژمارەكانیان لەو بانكانەدا دابنێن دوای گۆڕینی بەدراوی ئێرانی بەبێ ئەوەی پێویست بكات سەفەر بۆ ئێران بكەن.

ئەو بانكانە خۆشیان پابەندكردووە بە ئەژماركردنی سوودی روو لەزیادبوو لەسەر پارە دانراوەكان‌و ئەو سوودەی لەسەریان كەڵەكە دەبێت‌و رێگەشیان داوە بەهەر وەبەرهێنێك رۆژانە (2000000) ریال لەئامێرەكانی پارەدەرهێنان رابكێشن، كە لە ئێران‌و عێراقدا بڵاوبوونەتەوە.

محەمەد عەباس، كە بڕی نیو ملیۆن دۆلار ئەمریكی لە بانكەكانی ئێران داناوە‌و لەسێ ساڵی یەكەمی دوای دانانی پارەكە قازانجێكی باشی دەستدەكەوتووە، دەڵێت: "ئەم ئۆفەرانە ئەو سەرمایەدارە بچووك‌و مامناوەندانەیان فریودەدا، كە لە وەبەرهێنانی پارەكانیان دەترسان لە عێراق‌و لەو رووەشەوە دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەبوو"، ئەو دووپاتیشی دەكاتەوە، كە بە دەیان هەزار هاووڵاتی عێراقی پارەكانیان لەبانكەكانی ئێراندا داناوە.

هەروەها دەشڵێت: "ئەو سوودە زۆرەی لە پارە دانراوەكانیان دەستیان دەكەوت، كەڵەكەبوونێكی نایابی سەرمایەی بۆ دەستەبەر دەكردن‌و بواریشی بۆ دەڕەخساندن بەشێك لەو سوودە بۆ باشكردنی گوزەرانیان بەكاربهێنن‌و پارەی سەفەرە چەندبارە‌و گەشتیارییەكانیان بۆ ئێران لێ خەرج بكەن".

محەمەد عەباس سەبارەت بە رێوشوێنەكانی ئەمدواییەی ئێران بۆ بەرزكردنەوەی بەهای ریالی ئێرانی دەڵێت: "تەنیا فێڵێكە" دەسەڵاتدارانی ئێران پەنایان بۆ بردووە تا واپیشانی بدەن كە جددین لە لێپرسینەوە لەو كەسانەی بە بەرپرسیاریان دەزانن لە هەرەستهێنانی بەهای دراوی ئێرانی لە بازاڕی رەشدا.

هەروەها پێشی وایە دابەزینی بەهای ریالی ئێرانی سوودی بۆ ئابووری ئێران دەبێت، چونكە بووەتە رێگر لەوەی زۆرێك لەو كەسانەی پارەیان داناوە پارەكانیان رابكێشنەوە لەترسی زیان‌و لەبانكەكاندا هێشتوویانەتەوە بەو هیوایەی رەوشی ریال سەرلەنوێ روو لەباشبوون بكاتەوە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا قسەكردن لەسەر سوودی وەبەرهێنان لە بانكەكانی ئێران زۆر تەشەنەی كرد‌و بووە فریودەر‌و زۆرێك لە كەربەلاییەكانی هاندا خانووبەرەكانیان بفرۆشن‌و بیكەن بە پارە‌و لە بانكەكانی ئێراندا دایبنێن، بەتایبەتی دوای پاشەكشەكردنی بازاڕی خانووبەرە لە عێراق پاش كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی بەرفراوانی عێراق لەلایەن داعشەوە لە حوزەیرانی 2014.

بەڵام دواتر بارودۆخەكە بەشێوەیەكی لەناكاو بەرەوخراپبوون چوو، چونكە بەهای ریالی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلار‌و دراوەكانی دیكە هاوشێوەی هەرەسهێنان پاشەكشەی كرد‌و نزیكەی شەش مانگە بووەتە حەوت ملیۆن ریال بۆ هەر (100) دۆلارێك كە ئەمەش وای كردووە قەبارەی ئەو سوودەی ئەو كەسانە دەستیان دەكەوێت كە پارە دادەنێن زیانەكانیان لە بەهای سەرمایەكەدا دانەپۆشێت.

كیفاح حسێن ساڵێك لەمەوبەر نزیكەی هەزار ملیۆن ریالی لە بانكدا دانا كە دەیكردە نزیكەی (30) هەزار دۆلار لەو كاتەدا، چاوەڕوانیشی دەكرد لە كۆتایی ساڵدا سەد‌و پەنجا ملیۆن ریال قازانج بكات، بەڵام پاشەكشەی بەهای دراوی ئێرانی لەبەرامبەر دۆلاردا وای كرد قازانجەكەی‌و بەشێك لە سەرمایەكەشی لەدەست بدات، چونكە ناچاربوو دوای راكێشانی پارەكەی لە ریالەوە بگۆڕێت بۆ دۆلاری ئەمریكی تا بتوانێت لە عێراق سوودی لێ ببینێت، نرخی كڕینی دۆلاریش لەو كاتەدا لەرامبەر ریالی ئێرانیدا زۆر بەرز بوو.

لەگەڵ ئەوەی زۆر كەس پارەیەكی زۆریان لەدەستداوە بەهۆی پاشەكشەكردنی بەهای ریالی ئێرانی لەم ماوەیەی دواییدا، بەڵام كەسانی دیكە هەن لەساڵانی رابردوودا قازانجێكی زۆریان كردووە، بۆ نموونە عەممار متێری لە ساڵی 2011دا نزیكەی سەد هەزار دۆلاری لە بانكی میللی دانا كە بانكی ناوەندی ئێرانە‌و قازانجێكی كرد كە بەقسەی خۆی نزیكەی 30 هەزار دۆلار بووە.

تا ماوەیەك پێش ئێستاش زۆربەی وەبەرهێنەران لە بانكەكانی ئێراندا پێیان وابوو هەرەسهێنانی دراوی ئێرانی زۆر ناخایەنێت‌و پشتیان بەوە ئەستوور بوو كە دەسەڵاتدارانی ئێران رێوشوێن بۆ رێگرتن لە پاشەكشەی دراوەكەیان‌و سنووردانان بۆ زەرەرمەندبوونی وەبەرهێنەران لە بانكەكانیان دەگرنەبەر.

بەڵام وادیارە دەسەڵاتداران تەنیا توانای چەند رێوشوێنێكی كاریگەر سنوورداریان هەبوو، لەمڕووەشەوە لەنیسانی رابردوودا (80) نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراویان داخست‌و چل بازرگانی دراویان دەستگیركرد كە تۆمەتباربوون بەوەی هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانین بەرامبەر بە ریال، هەروەك دەسەڵاتداران نرخی كڕینی یەك دۆلاریان بە (42000) ریال دیاری كرد.

بەڵام ئەو رێوشوێنانە بێسوود بوون‌و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بازاڕی رەشدا لە (65000) ریال بۆ هەر دۆلارێك وەستاوە كە ئەمەش بووەتە هۆی بێئومێدییەكی زۆر لەلای هەزارن وەبەرهێنەر لە بانكەكانی ئێراندا لەوانەی هیواخواز بوون ریالی ئێرانی بەرەو باشبوون بڕوات، ئێستاش لە دابەزینێكی دیكەی بەهای ریال دەترسن.

ئەوانەی پارەدانراوەكانیان رادەكێشنەوە ناچار دەبن دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕی رەشی ئێراندا بە نرخێكی بەرز بكڕن، چونكە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەگەرچی بەڕەسمی نرخێكی ماقوڵیان بۆ ئاڵوگۆڕی ریال بەرامبەر بە دۆلار دیاریكردووە، بەڵام بانكەكان دۆلار نافرۆشن لە چەند حاڵەتێك‌و بەبڕی دیاریكراو‌و تەنیا بۆ ئێرانییەكانیش نەبێت.

عەبدولحسێن رومی پسپۆری ئابووری پێی وایە دەسەڵاتدارانی ئێران رەنگە بەكرداری سوودمەند بن لە "ئازادكردنی نرخی گۆڕینەوەی دراو بەشێوەیەكی رانەگەیەندراو" چونكە دواجار ناوبانگی داراییان لەدەست دەدەن‌و واش دەكات وەبەرهێنەران مامەڵە لەگەڵ بانكەكانیاندا نەكەن، ئەوەش خۆی لەخۆیدا زیانە.

بەرپرسیارێتی ئەوەشی خستە ئەستۆی ئەو كەسانەی پارەیەكی زۆریان لە بانكەكانی ئێراندا داناوە هەرچەندە هەموو ئاماژەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ئابووری ئێران توانای رووبەڕووبوونەوەی سزاكانی ئەمریكا‌و گوشارە نێودەوڵەتییەكان‌و تێكچوونی پەیوەندییە سیاسییەكانی لەگەڵ دەوروبەرەكەی نییە.

رومی ئامۆژگاری ئەو عێراقییانەش دەكات كە پارە لە بانكەكانی ئێراندا دادەنێن، دانراوەكانیان رابكێشنەوە‌و بچنە بازاڕی بازرگانییەوە لەڕێی كڕینی كاڵا لە بازاڕی بەرهەمی ئێرانی‌و ساغكردنەوەی لە بازاڕی عێراقیدا بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانیان و لەوەشدا سوود لە جیاوازی نرخ لەنێوان هەردوو بازاڕەكە وەردەگرن.