رووەو هەڵبژاردنێكی‌ دیكە.. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان چانسێكی‌ هەستانەوەیان لەپێشە

کوردستان

09/06/2018‌ 3143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەهۆی دابەزینی رێژەی دەنگدەران‌و زیادبوونی ژمارەی بژاردە سیاسییەكان، ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان دابەشبووە، بەڵام ئەگەر لەهەڵبژاردنی داهاتوو یەكبگرن، ئەوا خەڵكی‌ هۆكارێكی باشتریان دەبێت بۆ دەنگدان.

لەهەڵبژاردنە فیدراڵییەكەی ئەم دواییەی عێراقدا، كە لە 12ی ئایار بەڕێوەچوو، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی‌ كوردستان، نەیانتوانی ئەو دەنگانە كۆبكەنەوە، كە زۆر كەس پێشبینییان دەكرد، لە كاتێكدا ئەدای ئەو حیزبانەی لێرە بەشێوەیەكی تەقلیدی هەژموونیان هەیە – یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان – باشتر بوو لەوەی پێشبینی دەكرا.

زۆركەس پێشبینیان دەكرد زیانەكانی ئەو دوو حزبە زیاتر بێت، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بارەگاكەی لە سلێمانییە تەنیا سێ كورسی لەدەست دا‌و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پارێزگاری لەو 25 كورسییە كرد كە پێشتر هەیبوو.

هاوكات ئەدای حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان زۆر لەوە خراپتربوو كە پێشبینی دەكرا‌و راپرسییەكانی ئەمدواییەی پێش هەڵبژاردن پێشبینییان كردبوو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە حزبێكی نوێیە 8 كورسی بەدەستبهێنێت، هەروەها پێشبینییان كردبوو بزووتنەوەی گۆڕان پارێزگاری لە 9 كورسییەكەی خۆی بكات، بەڵام لە 12ی ئایاردا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری تەنیا دوو كورسی بەدەستهێنا‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش 5 كورسی.

پێشتر، لێرە تەنیا یەك حزبی ئۆپۆزسیۆن هەبوو كە دەیتوانی بژی ئەویش بزووتنەوەی گۆڕان بوو. لەبەرئەوە، بوونی چەندین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستانی عێراق لەم هەڵبژاردنەدا پێشهاتێكی ئەرێنی بوو. بەڵام لایەنە نەرێنییەكە ئەوەیە دەنگەكان بەسەریاندا دابەشبووە‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان توانیان هانیان بدەن لەدژی یەكتر. بۆیە لە كاتێكدا بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2013دا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك بووەوە، ئەمڕۆ یەك حزبی كوردی ئۆپۆزسیۆن ئەوەندە كورسی لە پەرلەمانی عێراق نییە تا رووبەڕووی دەسەڵاتیان ببێتەوە.

بۆنموونە، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا 723830‌و 372744 دەنگی یەك لەدوای یەكیان لە پارێزگا كوردییەكانی عێراق هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك بەدەست هێناوە، ژمارەی ئەو دەنگانەی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی‌و حزبە ئیسلامییەكان بەدەستیان هێناوە نزیكی ئەو ژمارانە نەبوون‌و بزووتنەوەی گۆڕان 193358 دەنگی بەدەستهێنا‌و هاوپەیمانی 123184 دەنگ، هاوكات هەردوو حزبە ئیسلامییەكە 190379 دەنگیان بەدەستهێنا، هەمووشیان پێكەوە 506921 دەنگیان بەدەستهێنا كە ئەو ژمارەیەش لەو ژمارەیە بەرزترە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدەستی هێناوە‌و نزیكە لەو ژمارەیەش كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەستی هێناوە.

بەڵام پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە 55%ی دەنگدەرانی كورد نەچوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و رێژەی نزمی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەدا یارمەتی حزبە سەرەكییەكانی دا. پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ستراتیجی جیاواز بەكاردەهێنن "بۆ هاندانی خەڵك بۆ دەنگدان"  – لەوانەش پارە‌و تۆقاندن‌و ئۆفەری كار‌و مەسەلەی نەتەوایەتی –. پێویستە ئۆپۆزسیۆنیش بزانێت چۆن دەنگدەرانی نائومێد دەگەڕێنێتەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لە كاتێكدا زۆربەیان دەڵێن جارێكی دیكە دەنگ نادەن، چونكە دەنگەكانیان دزراون.

گەلی كوردستان بێزار بووە لەو بەڵێنانەی دراون‌و بەدینەهاتوون. لە هەڵبژاردنی پێشوودا، حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن توانیان دەنگدەران ئامادە بكەن، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا چەندین كەس لە دانیشتووانی ناوچەكە وتویانە سەرەڕای ئەوەی خوازیارن گۆڕانكاری ریشەیی بكەن، بەڵام پێیان وانییە ئەوە بەهیچ شێوەیەك رووبدات، چونكە هەستدەكەن دەنگەكانیان بەهایان نییە. بۆیە دوای زیاتر لە دوو دەیە، هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەنزیكەیی كۆنترۆڵی هەموو كەرتەكانیان كردووە.

ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەبێت وا لە چوار حزبە ئۆپۆزسیۆنەكە بكات كێشەكانیان وەلابنێن. بێگومان، ناكۆكیان هەیە‌و رەنگە هەر حزبێكیش ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئامانجەكانیان لەیەكدەچن.

هاوپەیمانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان حزبێكی نوێی دیكە لە خۆناگرێت، كە ئەویش نەوەی نوێیە بە سەركردایەتی شاسوار عەبدولواحید. چونكە رێبەرەكەی كە بزنسمانێكی ناوخۆییە رووبەڕووی رەخنەبووەتەوە كە گوایە "فێڵبازە"‌و لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا نەوەی نوێ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەی لەخۆی دوورخستەوە بە هێرشكردنەسەریان.

لە رابردوودا حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن هاوپەیمانییەكیان پێكنەهێنا، رەنگە توانایان نەبووبێت ئەو كارە بكەن‌و بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا حزبی ئۆپۆزسیۆنی باڵادەست بوو، نە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و نە نەوەی نوێش بوونیان نەبو‌و، حزبە ئیسلامییە كوردییەكانیش پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان نەبوو، حزبێكیان بەتایبەتی كە ئەویش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانە لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دووربوو.

ئێستاش بەرهەم ساڵح كە ئەندامێكی پێشووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكهێناوە‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەو كورسیانەی نەماوە كە پێشتر هەیبوون‌و بەدەست لەدەستدانی نەوشیروان مستەفای سەركردەی كاریزمایەوە دەناڵێنێت.

لەبەرئەوە رێگای بەرەوپێشچوون بریتیە لە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی ئۆپۆزسیۆن لەبەر چەند هۆكارێكی جیاواز: لەبەرئەوەی دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن دابەشبوون‌و ئەو دەنگدەرانەی لە كاتێك لە كاتەكاندا دەنگیان دەدا بە حزبەكانی دەرەوەی رەوتی سەرەكی، پێویستیان بەوەیە هەست بە متمانە بكەن كە دەنگەكانیان مانایەكی هەیە، هەروەها لەبەرئەوەی كاتێك مەسەلەكە پەیوەندی بە سەرنجڕكێشان دەبێت بۆ پرسەكانی وەكو تۆمەتباركردن بە ساختەكاری هەڵبژاردن، ئەوا حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بەهێزتر دەبن ئەگەر پێكەوە ئەو كارە بكەن.

لە دوای هەڵبژاردنەوە، هەر چوار حزبە ئۆپۆزسیۆنەكە پێكەوە كاریان كرد، بەتایبەتی لە رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردندا. پەیوەندی ئەم حزبانە لەدوای هەڵبژاردنەوە بە ئاماژەیەكی روون دادەنرێت بۆئەوەی بەراستی دەتوانن هاوپەیمانییەك لە هەڵبژاردنی هەرێمدا پێكبهێنن كە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.

هەرچۆنێك بێت، هەردوو حزبە فەرمانڕەواكە هەوڵی تێكشاندنی هاوپەیمانییەكەی ئەو حزبانە دەدەن لەدوای پێكهێنانی، بەڵام پێویستە رێگە بەوە نەدەن. بۆ نموونە، وادیارە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەر سێ حزبەكەی دیكە دامەزراندبێت بەهۆی تۆمەتەكان سەبارەت بە ساختەكاری هەڵبژاردن. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان هێشتا چەند كێشەیەكی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی هەیە بەهۆی پەیوەندی زۆر باشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و تۆمەتباركردنی بەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا "خیانەت"ی لە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە كە دەنگی لەگەڵ نەدا لەپرسی هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی سەرۆكی هەرێم لە پۆستەكەی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵانێك لەو پۆستەدا بوو.

پێموایە ئەم جۆرە هاوپەیمانییە بەراستی بۆ كوردستانی عێراق گرنگە، چونكە جارێكی دیكە متمانە دەداتەوە بە خەڵك سەبارەت بە گۆڕینی دیموكراتی، باوەڕم وایە گەلی كورد دەتوانێت لەڕێی دەنگدانەوە حزبە فەرمانڕەواكان بگۆڕێت. بەڵام لێرە بەهەزاران كەس متمانەیان بە دیموكراسی نەماوە‌و هاوپەیمانییەكی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت ئەم متمانەیە بەدەستبهێنێتەوە‌و پێموایە ئەگەر هەڵبژاردنی سێپتەمبەری هەرێمی كوردستانی عێراق ئازاد‌و بێگەرد‌و خاوەن متمانە بێت، ئەوا هاوپەیمانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان توانای سەركەوتنی بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە.