سێ سیناریۆی ئاڵۆز بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق

عیراق

09/06/2018‌ 2654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
حیزبە عێراقییەكانی براوەی هەڵبژاردن خولێكی دانوستانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەبێ ئەنجام تەواو كرد، هۆكارەكەش ئەوەیە 10 هاوپەیمانی كورسییەكانیان بردووەتەوە‌و براوەیەكی بەهێزیان تێدا نییە.

ئەو گفتوگۆ چڕوپڕەی حزبە براوەكان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە دەستیانپێكرد، هەفتەی رابردوو لەگەڵ زیادبوونی تۆمەتەكان سەبارەت بە ساختەكاری هەڵبژاردن دوای بڕیارێكی جێمشتومڕی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن راوەستا، هاوكات هەمووان چاوەڕوانی بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم مشتومڕە، هەروەك قەیرانی وشكەساڵی كە وڵاتی گرتووەتەوە‌و خۆپیشاندانە توڕەكان لەبەرامبەر كەمبوونەوەی پێدانی كارەبا لە مەسەلەی پێكهێنانی حكومەت زیاتر بایەخی هەمووانیان داگیركردووە.

دە هاوپەیمانی سەرەكی براوەی زۆرترین كورسی پەرلەمانن لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە چوار یان پێنج هاوپەیمانی تێنەدەپەڕین، ئەو هاوپەیمانیانەش بریتین لە: هاوپەیمانی "سائیرون" (54 كورسی)، هاوپەیمانی "فەتح" (47 كورسی)، "هاوپەیمانی "نەسر" (42 كورسی)، "دەوڵەتی یاسا" (25 كورسی)، "پارتی دیموكراتی كوردستان" (24 كورسی)، "وەتەنییە" (22 كورسی)، "حیكمە" (19 كورسی)، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" (18 كورسی)، "قەراری عێراقی" (14 كورسی)، "عێراق ناسنامەمانە" (10 كورسی).

دەرئەنجامی ئەو دانوستانانەش كە حزبە براوەكان ئەنجامیان داوە ئاماژە بۆ سێ سیناریۆی چاوەڕوانكراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌و هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران دەكەن، بەڵام هەموویان ئاڵۆزن‌و رەنگە چەند مانگێك بخایەنن، سیناریۆكانیش لەگەڵ دەستنیشانكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان‌و پاشان سەرۆك كۆمار كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمان لەڕووی ژمارەوە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، دەستپێدەكەن.

سیناریۆكان ئاڵۆزن
یەكەم سیناریۆ تەقلیدیە‌و خۆی لە بەردەوامبوونی هەژموونی سێ هێزە سەرەكییەكەی شیعە‌و سوننە‌و كورد بەسەر حكومەتدا دەبینێتەوە بەپێی سیستمی پشككاری، ئەمەش مانای ئەوەیە جەمسەرگیری تایفی‌و پشككاری مەزهەبی كە پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكی لەكاتی بەڕێوەبردنی عێراق لە سالًی 2003دا بنەماكەی دانا، بەئاسانی دەستبەرداری وڵات نابێت.

سیناریۆكە پشت بە تەوافوقی هەر 10 حزبە شیعە‌و سوننە‌و كودییە براوەكەی هەڵبژاردن دەبەستێت بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكانی حكومەتی نوێ‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی حكومەت، بەڵام ئەوەش حكومەتێكی لاواز دێنێتە ئاراوە بەهۆی ململانێی نێوان حزبەكان، هەروەها ململانێكە دەگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان كە كوتلەی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابێت پیشەییانە چاودێری حكومەت بكات، چونكە هەموو كوتلەكان وەزارەتیان لە حكومەتدا دەبێت.

بەڵام وادیارە بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە ئاسان نابێت وەكو ساڵانی رابردوو، چونكە وادیارە ناكۆكییەكان قووڵن‌و شۆڕبوونەتەوە بۆ ناو حزبە شیعەكان، بەتایبەتی كە دوو گرووپی دژبەیەك هەن یەكەمیان "سائیرون" بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لەگەڵ "نەسر" بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، دووەمیشیان "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆكایەتی نوری مالكی لەگەڵ "فەتح" بەسەرۆكایەتی هادی عامری لەخۆدەگرێت.

هەرچی حزبە سوننەكانیشە ئەوا ئەوانیش زیاتر دابەشبوون بەسەر دوو گرووپدا، یەكەمیان لەلایەن هاوپەیمانی "وەتەنییە" بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی لەگەڵ هاوپەیمانی "قەراری عێراقی" بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی رێبەرایەتی دەكرێت، گرووپی دووەمیش لەلایەن بزووتنەوەی "حەل" بە سەرۆكایەتی جەمال كەربولی رێبەرایەتی دەكرێت كە هاوپەیمانی "عێراق ناسنامەمانە"ی دامەزراندووە.

حیزبە كوردییەكانیش بەهەمان شێوە، چونكە هاوپەیمانی مێژوویی نێوان هەردوو حزبە گەورەكە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان"‌و "پارتی دیموكراتی كوردستان" لەدوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە ئەیلولی 2017 هەرەسی هێنا‌و ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵی سەرلەنوێ یەكخستنەوەی دەدات.

سیناریۆی دووەمیش پشت بە هاوپەیمانی حزبە نەیارەكانی ئێران لەدژی حزبە نزیكەكانی ئەو وڵاتە دەبەستێت‌و هەریەك لە "سائیرون" (54 كورسی)، "نەسر" (42 كورسی)، "حیكمە" (19 كورسی)، "وەتەنییە" (22 كورسی)، "قەراری عێراقی"(14 كورسی)‌و "پارتی دیموكراتی كوردستان" (24 كورسی) لەخۆدەگرێت، كۆی كورسییەكانی ئەم كوتلەیەش دەكاتە (175 كورسی) كە بەشی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران‌و پێكهێنانی حكومەت دەكات.

بڕگەی یەكەم لە ماددەی (76)ی دەستوور دەڵێت: "سەرۆك كۆمار كاندیدی فراكسیۆنی پەرلەمانی خاوەن زۆرترین كورسی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی 15 رۆژدا لە بەرواری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە". بڕگەی چوارەمیش دەڵێت: "سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی راسپێردراو ناوی ئەندامانی كابینەكەی‌و پەیڕەوی وەزارەتەكەی پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات‌و بە متمانە پێدراو دادەنرێت لەكاتی رەزامەندی زۆرینەی رەهای ئەنجومەنەكەدا" واتە بە رەزامەندی (165 پەرلەمانتار) نیوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان.

لە بارێكدا ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێبەجێبكرێت ئەوا ئەو كوتلانەی بە نزیكییان لە ئێران ناسراون كە ئەوانیش بریتین لە "فەتح" (47 كورسی) بە ئەندامێتی گرووپە شیعەكان، "دەوڵەتی یاسا" (25 كورسی)‌و "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان" (18 كورسی) لە دەرەوەی حكومەت‌و لە خانەی ئۆپۆزسیۆندا دەبن.

بەڵام ئەم سیناریۆیە چەندین مەترسی تێدایە، چونكە چاودێران لەوە دەترسن كوتلەكانی ئۆپۆزسیۆن كار بۆ پەكخستنی حكومەت‌و وروژاندنی جەماوەر لەدژی بكەن لەڕێی خۆپیشاندانەوە، ترسیش لەوە هەیە كە هەندێك لەو هاوپەیمانیانە كە دیارترینیان "فەتح"ە گرووپی چەكداریان هەیە كە خاوەنی چەكی قورسن‌و رەنگە هەڕەشەی تەقاندنەوەی رەوشەكە لە شەقامی عێراقیدا بكەن.

سیناریۆی سێیەمیش پشت بە بنەمای "هاوپەیمانی بەهێزەكان" دەبەستێت لەڕێی رێككەوتنی نێوان گەورەترین كوتلە براوەكانی هەڵبژاردن كە بەشی دەنگدان بەحكومەت لە پەرلەمان دەكات، ئەوانیش بریتین لە "سائیرون"، "فەتح"، "نەسر"، "پارتی دیموكراتی كوردستان"‌و "وەتەنییە" كۆی كورسییەكانیشیان پێكەوە (189 كورسیە) كە بەئاسانی بەشی پێكهێنانی حكومەت دەكات.

پێدەچێت ئەم سیناریۆیە بەردەست بێت، چونكە لەگەڵ بەشداری"فەتح" لە حكومەتدا هەستیاری ئێران ناوروژێنێت، هەروەها "دەوڵەتی یاسا"ش بەسەرۆكایەتی مالكی دووردەخاتەوە بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدری نەیاری، هەروەك هێزی سوننە‌و كوردیشی تێدا تا حكومەتە نوێیەكە بە پەراوێزخستنی تایفە‌و نەتەوەكان تۆمەتبار نەكرێت.

ئەم سیناریۆیەش پشت بەوە دەبەستێت كە كارێكی سەختە هەموو حزبە براوەكانی هەڵبژاردن بەشداری لە حكومەتدا بكەن، لەبەرئەوەی ئەوەندە پۆستی وەزاری نییە بەشی هەموویان بكات، چونكە لەیەكەم حكومەتدا كە لە دوای داگیركاری ئەمریكا لە ساڵی 2006 پێكهێنرا، حزبەكان ناچار بوون 37 پۆستی وەزاری‌و هەردوو پۆستی جێگرانی سەرۆك وەزیران بدۆزنەوە بۆئەوەی هەمووان تێیدا بەشداربن، لە حكومەتی 2010یشدا كابینەكە بچووككرایەوە بۆ 32 وەزارەت.

لە حكومەتی 2014یشدا سەرەتا كەمكرایەوە بۆ 29 وەزارەت، بەڵام دوای چەند مانگێك لە كاری ئەو حكومەتە‌و بەهۆی قەیرانی دارایی‌و خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان كە رەخنەیان لە مووچە‌و دەرماڵەی پۆستە وەزارییە زۆرەكان دەگرت، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بڕیاری دا وەزارەتەكان بۆ 25 وەزارەت كەمبكاتەوە‌و پۆستی سێ جێگرەكەشی هەڵبوەشێنێتەوە.

ماراسۆنێكی دوور‌ودرێژ
هێشتا رێگای بەردەم هەڵبژاردنی حكومەتی نوێی عێراق دوور‌ودرێژە، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەم جارە ئاڵۆز بوو، براوەیەكی بەهێزی لێ نەكەوتەوە، جیاوازی نێوان حزبە براوەكانیش لە چەند كورسییەك تێناپەڕێت‌و هاوپەیمانی "سائیرون" كە پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە تەنیا (54 كورسی) بردووەتەوە، لە كاتێكدا پێكهێنانی حكومەت پێویستی بە (165 كورسی)یە.

پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش بە چەند رێوشوێنێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، سەرەتا پێویستە سەرۆك كۆماری ئێستا بەپێی ماددەی (54) لە دەستوور بە مەرسومێكی كۆماری لەماوەی 15 رۆژ لە بەرواری پەسەندكردنی ئەنجامی گشتی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، بانگهێشتی پەرلەمانی نوێ بكات بۆ كۆبوونەوە، یەكەم دانیشتنی پەرلەمانیش بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندامی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و دوو جێگرەكەی.

پاشان پەرلەمانی نوێ لەنێو كاندیدەكاندا سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی سێیەكی ژمارەی ئەندامانی واتە (219 پەرلەمانتار) بەپێی ماددەی (70)ی دەستوور، دوای ئەوەش سەرۆك كۆماری نوێ كاندیدی فراكسیۆنی پەرلەمانی خاوەن زۆرترین پەرلەمانتار رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی 15 رۆژدا لە بەرواری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە بەپێی ماددەی (76)ی دەستوور.

بەپەلە