دەمیرتاش.. ئەو كاندیدەی لەپشت شیشەكانی زیندانەوە شەڕی هەڵبژاردن دەكات

کوردستان

14/06/2018‌ 1130 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسوڵ رەزا
هاوسەرۆكی پێشووی حزبی دیموكراتی گەلان ی ئۆپۆزۆسیۆن (سەڵاحەدین دەمیرتاش) لە زیندانەوە شەڕی هەڵبژاردن دەكات، كە لە (24ی حوزەیران) ی ئەمساڵ لە توركیا ئەنجام دەدرێت، زیندانەكەی دەكەوێتە نزیك سنووری یۆنان، جەماوەرەكەشی لە رۆژهەڵاتی توركیایە لە دووری هەزار (كم).

كوڕی رۆژهەڵات:
دەمیرتاش (لەدایك بووی 1973 ی رۆژهەڵاتی توركیایه)، كۆلیژی مافی لە زانكۆی ئەنقەرە خوێندوە، پاشان بوە ئەندام لە لیژنەی جیبەجێكردنی رێكخراوی مافی مرۆڤی توركی لە دیار بكر، دوای ئەوەش بوە سەرۆكی، و هەستا بە پێك هێنانی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی توركی و نوسینگەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دیار بكر دروست كرد.

دەمیرتاش بە بەردەوامی داوای لە پەرلەمانی توركیا كردووە دان بنێت بە ناسنامەی كوردی و رێگە بدات زمان و رۆشنبیری كوردی لە بوارەكانی كارو ئابوریدا بەكاربهێنرێت، بەوەی كورد دووەم گەورەترین نەتەوەی توركیایە، كە ژمارەیان لە نێوان 20 بۆ 25 ملێونە لە ئەسڵی ژمارەی دانیشتوانی توركیا كە دەگاتە 80 ملێون كەس.

دەمیرتاش لە زۆربەی چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانیەكاندا ئەوەی راگەیاندوە بۆ یەكەمجار لە قۆناغی ناوەندی بوە گوێی لە وشەی (كورد) بوە، ئەمەشی گەڕاندۆتەوە بۆ بەلارێدابردنی میدیایی لەسەر ناسنامەی كوردی.

لە 4ی تشرینی یەكەمی 2016 دەسەڵتدارانی توركیا دەمیرتاشیان دەستگیر كرد لەگەڵ هاوسەرۆكی حزبەكەی (فیگان بۆكسەكداغ)، بەتۆمەتی هاوكاری كردن لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان.

ژیانی سیاسی:
دەمیرتاش پاش كاریگەر بوونی بە تیرۆركردنی سەرۆكی حزبی كاری گەل ی كوردی (فیدات ئایدن)، تاوانی تێرۆركردنەكەش تۆماركرا دژی كەسێكی نادیار لە ساڵی 1991، تێكەڵی كاری سیاسی بووە.

ساڵی 2007، چوە ریزی حزبی كۆمەڵگەی دیموكراتی چەپی كوردی، پاشان بوە ئەندامی پەرلەمان لەسەر حزبی ناوبراو، ساڵی 2009 لەلایەن دەسەڵاتداران و دادگای دەستوری باڵاوە تۆمەتبار كرا بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستانی كە لە ساڵی 1984ەوە دەستی بە خەباتی چەكداری كردوە دژی دەوڵەتی توركیا. پاشان بوە ئەندامی پەرلەمان لەسەر حزبی ئاشتی و دیموكراتی چەپی كوردی، ئەم حزبەش لەسەر هەمان هۆكار لەلایەن دەوڵەتەوە قەدەغە كرا.

دەمیرتاش بەشداری كرد لە دامەزراندنی حزبی دیموكراتی گەلان لە ساڵی 2012، و بوە هاوسەرۆكی حزب لەگەڵ (فیگان بۆكسەكداغ)، ئەم حزبە دەربارەی خۆی دەڵێت : چەترێكە و مافی سەرجەم پێكهاتەكانی توركیا دەپارێزێت نەك كورد بەتەنها.

چەندین تۆمەت دراوەتەوە پاڵ دەمیرتاش لەوانە، سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی و هاوكاركردنیو ئەمەش بە پێی قسەی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی..

دەسەڵاتدارانی توركیا ئەوە دووپات دەكەنەوە كە حزبی دیموكراتی گەلان، كە سێیەم گەورە حزبی پەرلەمانە، پەیوەندی هبە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە، كە وڵاتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا بە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەیناسێنن، بەڵام حزبی دیموكراتی گەلان رەتی دەكاتەوە كە هیچ پەیوەندیەكی بە پەكەكەوە هەبێت..

بە گوێرەی نیزامی ناوخۆی كە زۆربەیان كوردن، ئەم حزبە نوێنەری گەلی توركیایە بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوە لە (لیبراڵی و ئەرمەن و هاورێیانی ژینگەو بەرگریكاران لە مافی مرۆڤ، جگە لە مافی دیندارو بێ دینەكان، دیارە ئەم حزبە لە رووی ئەندامێتی ژنەوە بە گەورەترین حزب ئەژمار دەكرێت..

جەنگی سیاسی:
سەرۆكی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆگان) هێرشی توندی كردە سەر دەمیرتاش و بە تیرۆریست و لێپرسراوی كوژرانی دەیان كەس وەسفی كرد، چونكە بانگەوازی بۆ خۆپیشاندان كردبوو لە ساڵی 2014دا وەكو پشتگیرییەك بۆ شاری (كۆبانی)، لەو كاتەی رووبەرووی هێرشی چەكدارانی داعش دەبوەوە..

دەمیرتاش، ئۆردوگانی تۆمەتبار كرد "بەوەی سیاسەت وەكو ئامرازێك بەكاردەهێنێت بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی شەخسی و وا خۆی دەبینێت سەركردەیەكی ئاینی خەلافەتی ئیسلامیە"

دەمیرتاش لە زیندانەكەیەوە داوای لە هەوادارانی كرد كاتێ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە خێزانەكەیەوە كرد لە 6ی حوزەیراندا، گوتی "توركیا لە زیندانێكی كراوە دەچێت، دەسەڵاتداران دەیانەوێ خەڵكی لە رێگەی ترسان و توقاندنەوە بەرێوەبەرن"

رێگە بە دەمیرتاش دەدەرێت هەفتانە (10) خولەك لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە بكات.

دەمیرتاش لە وەسفی حكومەتی ئەردۆگاندا دەڵێت" دەوڵەتێكە مومارەسەی كوشتن" دەكات، ئەوەشی راگەیاندوە " ئەم هەڵبژاردنە خاڵێكی یەكلاكەرەوەیە، ئەوە دیاری دەكات، ئایا توركیا بەرەو سیستەمی تاك كەسی دەسەڵات رەها دەڕوات، یاخود خەبات لە پێناو دیموكراتیەتدا"..

سەرچاوە: BBC ی عەرەبی