پێیەكیان لەسەنگەر‌و یەكێكیان لەسیاسەتدایە
نهێنی پشت سەركەوتنی گرووپە شیعەكان لەهەڵبژاردندا

عیراق

15/06/2018‌ 1690 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
سەركەوتنەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەهەڵبژاردندا یەكێك بوو لەسوپرایزەكان، پرسیاری‌ گرنگ ئەوەیە ئەو گرووپانە چۆن سەركەوتنیان بەدەست هێنا‌و ئامانجی سیاسی داهاتوویان چییە؟

پێشبینیكراو بوو كە گرووپە شیعەكان لە یەكەم ئەزموونی سیاسی راستەقینەیاندا كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن بەسوودوەرگرتن لەو جەماوەرەی لەمیانی بەشداریكردنیان لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" بەدەستیان هێنابوو، بەڵام سوپرایزەكە ئەوەبوو پلەی دووەمیان لە هەڵبژرادن بەدەستهێنا بە كۆكردنەوەی (47) كورسی كە بێگومان لەژێر قوببەی پەرلەمانی نوێدا كاریگەرییان دەبێت.

هاوپەیمانی "فەتح" پێكهاتەیەكی سیاسییە، گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن پێكیان هێنا‌و هادی عامری كەسایەتی جێمشتومڕ رێبەرایەتی دەكات كە بە پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران ناسراوە‌و بە دۆستێكی نزیكی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی‌ ئێرانە، هەروەك رێگریشی نییە لەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا دابنیشێت، كە دوایەمینیان باڵیۆزی ئەمریكابوو لە بەغدا.

هاوپەیمانییەكە (18) حزبی سیاسی لەخۆدەگرێت كە زۆربەیان گرووپی چەكدار‌و چەكی قورسیان هەیە دیارترینیشیان بریتیە لە "بەدر" كە عامری رێبەرایەتی دەكات، "سادیقون" بەڕێبەرایەتی قەیس خەزعەلی، "تەلیعەی ئیسلامی"، "جیهاد‌و بینا"‌و "حزبوڵڵای عێراق".

ئەم هاوپەیمانییە جێمشتومڕە پلەی دووەمی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا لەدوای هاوپەیمانی "سائیرون" بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر‌و پێش هاوپەیمانی "نەسر"ی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و "دەوڵەتی یاسا" بەڕێبەرایەتی نوری مالكی‌و "حیكمە" بەرێبەرایەتی عەممار حەكیم كەوت، ئەو سێ حزبەش هەمیشە براوە بوون‌و نوێنەرایەتی دانیشتووانی شیعەیان كردووە بەدرێژایی دەیەی رابردوو.

لەراستیدا چەند فاكتەرێكی گرنگ یارمەتیدەربوون بۆ سەركەوتنی گرووپە شیعەكان لە هەڵبژاردندا، نیگەرانی دانیشتووانی شیعە لەو حزبە تەقلیدییانەی لە ساڵی 2006وە حوكمی وڵات دەكەن، ئەو جەماوەرەی لەمیانی شەڕی دژ بە توندڕەوان بەدەستیان هێنا‌و هاوسۆزی میللی لەگەڵ هەزاران كوژراو‌و برینداری نێو ریزەكانیان، هەڕەشەی دەنگدەران لەهەندێك ناوچە و دواجاریش هەڵمەتی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن، یارمەتیدەربوون بۆ سەركەوتن.

نیگەرانی شیعە لە حزبە فەرمانڕەواكان
داگیركردنی سێیەكی رووبەڕی وڵات لەلایەن "داعش"‌و هەرەسهێنانی سوپا لە ساڵی 2014دا گەورەترین نوشوستی حزبە شیعە فەرمانڕەواكان بوو كە هات سەر شكستی دابینكردنی خزمەتگوزاری‌و ئاسایش، كاتێكیش گرووپە شیعەكان پێكهێنران بۆ راگرتنی هێرشی توندڕەوان بۆسەر بەغدا‌و پارێزگا شیعەكانی باشووری وڵات بەتایبەتی كەربەلا‌و نەجەف، دانیشتووانی شیعە وەك هیوایەكی نوێ لێیان دەڕوانین بۆ رزگاربوون نەك تەنیا لە قەیرانی ئەمنی، بەڵكو لە قەیرانی سیاسی‌و ئابووری‌و خراپی خزمەتگوزاریش.

هەروەها دانیشتووانی شیعە بەتایبەتیش توێژە هەژارەكە هاوسۆزبوون لەگەڵ گرووپە شیعەكان، چونكە بەهەزاران رۆڵەی لەخۆگرتبوون، لەگەڵ سەختبوونی شەڕەكانیش بەهەزارنیان لێ كوژران‌و برینداربوون، دیمەنەكانی بەخاكسپاردنی كوژراوان لە شەقامەكان‌و برینداران كە لە نەخۆشخانەكان كەوتبوون، لە مێشكی عێراقییەكاندا كاریگەری هەبوو، بەڵام دواتر دانیشتووانی شیعە هەستیان بەوە كرد كە ئەو حزبە شیعانەی بەدرێژایی 10  ساڵی رابردوو حوكمیان كردوون، هۆكاری ئەو قەیرانانە بوون.

هەیسەم روبەیعی (57 ساڵ) كە پارێزەرە لە بەغدا بە "نیقاش"ی وت: "لیستی فەتحم هەڵبژارد، چونكە شایانی ئەوەن بەشداری لە سیاسەتدا بكەن، ئامادەی پرسەی چەندین رۆڵەی دراوسێ‌و خزم‌و دۆستان بووم كە لە شەڕەكانی ئازادكردنی وڵات لەدەستی تیرۆریستان كوژراون، ئەو تیرۆریستانەی بەهۆی شكستی حزبە فەرمانڕەواكانەوە شارەكانیان داگیركردبووین".

لەدوای ئازادكردنی شارۆچكەی "جەرف لسەخر" لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2014دا پاش شەڕێكی سەخت كە بەسەدان چەكداری گرووپەك شیعەكانی تێدا كوژران، نیگەرانی حزبە شیعە تەقلیدییەكان لە هەڵكشانی ئاستی جەماوەری "حەشدی شەعبی" دەستیپێكرد‌و حزبەكانی "دەعوە"‌و "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی"‌و "فەزیلە" هەوڵیان دا گرووپی شیعەی هاوشێوەی گرووپە شیعەكان پێكبهێنن، بەڵام بێ كاریگەر بوون‌و بە كرداری بەشداری شەڕەكانیان نەكرد.

لەدوای ئازادكردنی شاری تكریتی ستراتیجیش لە نیسانی 2015دا، ئەو گرووپە شیعانەی بەشداری شەڕەكەیان كرد، دركیان بەو ئاستە جەماوەرییە كرد كە بەدەستیان هێنابوو، دەستیانكرد بە فراوانكردنی رۆڵیان لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام دوا تێوەگلانیان لە كردەوەی تۆڵەسەندنەوە لەدژی هەندێك لە دانیشتوون‌و موڵك‌و ماڵیان بوونە جێی مشتومڕ.

قەیس خەزعەلی رێبەری گرووپی "عەسائیب ئەهللحەق"‌و سەرۆكی حزبی "سادیقون" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەرنجڕاكێشدا لە تەمموزی 2015 رایگەیاند: "ئەو سیستمە پەرلەمانییەی ئێستا لە ئارادەیە شكستی خۆی سەلماندووە، بەوپێیەش پێویستییەك هەیە بۆ گۆڕینی بۆ سیستمی سەرۆكایەتی، ئەوە ئامانجمانە‌و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دەدەین".

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماش لە هاوینی ئەو ساڵە‌و خراپبوونی پێدانی وزەی كارەبا، بەهەزاران عێراقی لە باشووری وڵات بەتایبەتی لە هەردوو شاری بەسرە‌و ناسرییە لە خۆپیشاندانی بەرفراواندا هاتنە سەرشەقام‌و داوای لەسەركارلابردنی وەزیری كارەبایان كرد، لێرەشدا "كەتائیب حزبوڵڵا" كە یەكێكە لە گرووپە شیعەكانی سەر بە ئێران، راگەیەندراوێكی دەركرد‌و تێیدا رایگەیاند كە بەنیازە "دیدارێك لەگەڵ وەزیری كارەبا ئەنجام بدات بۆ گقتوگۆكردن لەبارەی كێشەكە‌و راپێچكردنی گەندەڵكاران بۆ دادگا". هەروەك داوایشی لە پۆلیس كرد رێگری لە خۆپیشاندەران نەكەن.

چەند هەفتەیەكی كەم بەر لە هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەش، گرووپە شیعەكان سەرلەنوێ ئەو ئامانجەیان دووپات كردووە‌و دژایەتیكردنی گەندڵییان كردە كاری لەپێشینەیان، لەوبارەیەشەوە عەبدولئەمیر حەسەن ئەندامی هاوپەیمانی "فەتح" بە "نیقاش"ی وت: "دژایەتیكردنی گەندەڵی یەكەم هەنگاو دەبێت كە لە پەرلەمان كاری لەسەر دەكەین لەپێناو فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووان، بەرژەوەندییە كەسییەكان لە ساڵانی رابردوودا دابینكردنی ئەو خزمەتگوزاریانەیان پەكخستووە".

لەسەر ئاستی سیاسیش بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەو گروپانە ئەم خاڵانەی لەخۆگرتووە: "پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی نیشتمانی یەكگرتوو بۆ بەدیهێنانی ئەو پرۆژەی گۆڕانكارییەی هاوپەیمانییەكە هەڵیگرتوو". هەروەها "هەوڵدان بۆئەنجامدانی چەند هەموارێكی گرنگ لە هەندێك بڕگەی دەستووردا كە لەگەڵ واقیعی عەمەلی عێراقدا ناگونجێن".

هەژموون لەسەر زەوی
هەموو گرووپە شیعەكان لەوەتەی دامەزراون بارەگای هەمیشەییان لە زۆربەی گەڕەك‌و ناوچە شیعەكاندا هەیە‌و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لەكاتێكدا بەهەزاران چەكداریان سەرەڕای دەركردنی توندڕەوان هێشتا لەچەند شارۆچكەیەكی سوننەدا بڵاوبوونەتەوە، ئەم مەسەلەیەش یارمەتیدەربووە لە زیادبوونی رەسیدی ئەم گرووپانە لە هەڵبژاردندا.

بۆ نموونە لە پارێزگای دیالە گرووپە شیعەكان كۆنترۆڵی چەندین شاری سوننەیان كردووە، چەندین كەسایەتی سیاسی سوننەش لە پارێزگاكە دەڵین هەندێك عەشایر لە هەژموونی گرووپە شیعەكان دەترسن، بۆیە بڕیاریان داوە حزبی سوننە هەڵنەبژێرن‌و لەبری ئەوان حزبی شیعەیان هەڵبژارد بۆ پاراستنی خۆیان.

هەروەك گرووپە شیعەكان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەو عەشیرەتە سوننانە دروستكردووە كە لە هەڵبژاردندا یارمەتیان داون، وەك عەشیرەكانی جبور لە شارۆچكەی "عەلەم" لە سەڵاحەدین كە لەبەرامبەردا بەدرێژایی چوارساڵی رابردوو چەكی باشیان وەرگرتووە لەكاتێكدا عەشیرەتە سوننەكانی دیكە بەدەست پەراوێزخستنەوە ناڵاندوویانە.

هەڵمەتی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن
رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن 44.5% بوو كە نزمترین رێژەی بەشداریكردنە لە هەڵبژاردن لە ساڵی 2006وە ئەویش دوای هەڵمەتێكی بایكۆتكردن هات كە عێراقییەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان بەڕێوەیان برد بۆ گوزارشتكردن لە نیگەرانییان لە پرۆسەی سیاسی‌و یاسای هەڵبژاردن كە بواری زۆر بۆ دەربڕینی ویستی دەنگدەر ناهێڵێتەوە.

بەپێی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن (10.840.989) دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە‌و پشكی گرووپە شیعەكانیش لەو ژمارەیە (1.397.561) بووە واتە رێژەی (13.4%)ی ژمارەی دەنگدەران لە سەرتاسەری عێراقدا، ئەوەش ئەنجامێكی جێبایەخە‌و هۆكاری خۆی هەیە.

هەڵمەتی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن حزبە عێراقییەكانی بە تەنیا هێشتەوە لەبەردەم جەماوەرەكەیاندا دوور لە ببیروبۆچوونی عێراقییە بێلایەنەكان، وادیاریشە جەماوەری گرووپە شیعەكان جەماوەرێكی گەورەیە، چونكە ژمارەی چەكدارانی گرووپە شیعەكان دەگاتە نزیكە (120.000) چەكدار بەپێی قسەی حكومەتی عێراق كە زۆرینەیان لە گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێرانن.

بە هەژماردنی دەنگی ئەوانە‌و خێزان‌و كەسوكاریانەوە ئەوا رێژەكە زۆر دەبێت، لەكاتێكدا چەند هاوپەیمانییەكی شیعەی وەكو "دەوڵەتی یاسا"‌و "حیكمە" دەنگێكی زۆریان لەدەستدا بەهۆی ئەوەی دەنگدەرانی شیعە لێیان نیگەران بوون، هەروەها گرووپی شیعەشیان نەبوو بەشداری شەڕی دژ بە توندڕەوان بكەن.

تا ئێستا ناتوانرێت پێشبینی ئەو رۆڵە بكرێت كە كوتلەی گرووپە شیعەكان لە ناو پەرلەمان دەیگێڕێت، بەڵام ئەوە پشتڕاست بووەتەوە كە رۆڵەكەی كاریگەر دەبێت بەتایبەتی لە پرسە سیاسییە ئاڵۆزەكاندا كە دیارترینیان هەڵوێستی عێراقە لەو ململانێیەی لە سوریا بەڕێوەدەچێت كە چەند گرووپێكی شیعە لەوێ شەڕ دەكەن، هەروەها هەڵوێست لەبەرامبەر مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتدا، چونكە گرووپەكان بەشێوەیەكی تەواو ئەوە رەتدەكەنەوە‌و بە ئاشكراش هەڕەشەی ئەوەیان كردووە كە ئەو هێزانە دەكەنە ئامانج‌و بە هێزی داگیركەر لەقەڵەمیان دەدەن، هەروەها هەڵوێست لە نزیكبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ سعودیە‌و دەوڵەتانی كەنداو كە ئەو گرووپانە بەر لەهەڵبژاردن رەخنەی توندیان هەبوو لەسەری.

بەپەلە