لایەنە ناڕازییەكان ئامادەنین لەگەڵ پارتی بچنە بەغدا

عیراق

17/06/2018‌ 7334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئامادەنین لەگەڵ پارتی دیموكرات بچنە بەغداو بۆ ئەو مەبەستەش تەنیا یەكێتی نیشتمانی وەڵامی ئەو حیزبەی داوەتەوە.

موحسین سەعدون، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەپشكی پارتی دیموكرات رایگەیاند، پارتی دیموكرات دەستپێشخەری بۆ لایەنەكانی هەرێم كردووە، بۆ ئەوەی شاندێكی هاوبەش پێكبهێنن‌و بچنە بەغداو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكەن.

موحسین سەعدون راشیگەیاند، تائێستا تەنیا یەكێتی نیشتمانی وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی پارتی داوەتەوەو وەڵامەكەش ئەرێنی بووە، كە جگە لەو حیزبە هیچ لایەنێكی تر وەڵامی نەداوەتەوە.

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی، حیزبەكەی زۆرجار لەپێناوە یەكڕیزی كورد قوربانی داوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمجارە هیچ وەڵامێكی لەلایەنەكان وەرنەگرتووە، بۆیە دوای پشووەكانی جەژن شاندی هەردوو حیزب، دەچنە بەغدا.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەریەكە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، كە لەپەرلەمانی عێراق كورسییان هەیە، لەئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو ناڕازین‌و داوای هەڵوەشانەوەی دەكەن، بۆیە ئامادەنین لەگەڵ پارتی بچنە بەغدا.

ئەو حیزبانە بەگومانی ئەوەی "ساختەكاری" لەهەڵبژاردنەكە كراوە، بۆیە ئامادەنین بچنە بەغداو بۆ ئەو مەبەستەش پارتی‌و یەكێتی تۆمەتباردەكەن، بەوەی لەهەڵبژاردنەكە بەویستی خۆیان "یاری"یان بەئەنجامەكان كردووە.

هـ ـ ح

بەپەلە