گفتوگۆی جددی-یان لەسەر نەكردووە
سەرەڕای فشارەكان لایەنە ناڕازییەكان هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دروست ناكەن

کوردستان

18/06/2018‌ 1220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای فشارەكان لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دروستناكەن، كە گفتوگۆی جددی-یان لەو بارەوە نەكردووە.

بڕیارە مانگی نۆی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەبچێت، هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ هەمان هەڵبژاردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەرێوەبچێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان، لەئەمڕۆ دوو شەممەوە دەست بەتۆماكردنی ناوی هاوپەیمانی-یەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنانە دەكات.

پێشتر لەناو لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم، كە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكهاتوون، هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی بەیەك هاوپەیمانی بچنە ئەو هەڵبژاردنانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، هەوڵەكە لەناوخۆو رێكخستنەكانی حیزبەكان بوو، كە داوای دروستكردنی هاوپەیمانیان كردبوو، بۆ ئەوەش جۆرێك لەفشاریان لەسەر سەركردایەتی حیزبەكانیان دروستكردبوو.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، لەگەڵ هەوڵ‌و فشارەكان لایەنە ناڕازییەكان، هیچ بەرنامەیەكیان نییە لەماوەی ئەم هەشت رۆژەی لەبەردەمیانە هاوپەیمانی دروست بكەن، بۆیە ناوی هیچ هاوپەیمانییەكیش دروست ناكەن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەو لایەنانە زۆر داوایان لێكراوە گفتوگۆ لەو بارەوە بكەن‌و بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەو لایەنانەو سەركردایەتییەكانیان هیچ گفتوگۆیەكی جددی-یان لەو بارەوە نەكردووە.

پێشتر هۆشداری درابوو بەو لایەنانە، بەوەی ناتوانن بەپەرتەوازەیی گۆڕانكاری لەهەرێمی كوردستان بكەن، كە ئەوان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكەن، رووبەڕووی دەسەڵات دەبنەوەو گۆڕانكاری لەهەرێم دەكەن.

هـ ـ ح