دەیان ھەزار گەشتیار لەرۆژانی جەژندا سەردانی ئەحمەد ئاوا-یان كردووە

کوردستان

18/06/2018‌ 1021 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری عەرەب لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا و ناوچەی ھەورامان-یان كردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە میانی سێ رۆژی رابردووی جەژنی رەمەزاندا، ھاوینەھەوارەكانی سنووری ھەورامان بە گشتی و ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا (نزیك ناحیەی خورماڵ لەھەڵەبجە، بە دووری ٨٤ كیلۆمەتر رۆژھەڵاتی سلێمانی) بەتایبەت جمەیان دەھات لەگەشتیاری عەرەب، وەك بەشێك لە دانیشتووانی ناوچەكەش دەڵێن ژمارەی ئەمساڵی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا زۆر جیاواز بوو.

سامان كەریم بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ھەڵەبجە، لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسەكە رایگەیاند "ئەمساڵ ئامادەكاری باشمان كرد بۆ ھاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا و بە ھاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاسانكاری زۆرمان كرد تاوەكو ژمارەیەكی زۆرتری گەشتیاران سەردانی ناوچە گەشتیارییەكان بكەن".

سامان كەریم راشیگەیاند "لە میانی سێ رۆژی رابردووی رۆژانی جەژنی رەمەزاندا، ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران، كە لە ناوچەكانی تری عێراقەوە ھاتبوون، سەردانی ھاوینەھەوارەكانی سنووری ھەورامان بەگشتی و ئەحمەد ئاوایان بەتایبەت كرد".

هـ ـ ح