هەڵبژاردنی عێراق كورد دابەشی دوو بەرە دەكات
لایەنە ناڕازییەكان ئامادەنین لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بچنە بەغدا

عیراق

18/06/2018‌ 1523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كورد دابەشی دوو بەرە كردووەو لایەنە ناڕازییەكانیش ئامادەنین لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بچنە بەغدا.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، كە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بۆ چوار لایەنی هەرێمی كوردستان (بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری) رازی كەر نەبوو.

ئەو لایەنانە، كە ئێستا بەلایەنە ناڕازییەكانی هەرێم ناودەبرێت، هۆكاری ناڕەزاییان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەگەڕێـتەوە، كە گوایە "ساختەكاری" كراوەو "یاری"یش بەئەنجامەكانی كراوە، بۆیە داوای هەڵوەشانەوەی دەكەن.

لایەنەكان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، تۆمەتباردەكەن، بەوەی "ساختەكاری"یان لێكردوون، بۆیە ئامادەنین لەگەڵ ئەو دوو لایەنە بچنە بەغداو بەو هۆیەشەوە كورد دابەشی دوو بەرە بووە.

بەرەی یەكەم لەپارتی‌و یەكێتی پێكهاتوون، كە ئەو دوو حیزبە بەردەوام جەخت دەكەنەوە، دەبێت لایەنەكانی هەرێم بەیەك لیستی‌و یەكڕیزی بچنەوە بەغدا، بۆ ئەوەش دەستپێشخەری گفتوگۆیان بۆ ئەو لایەنانە كردووە.

لەبەرانبەردا ئەو چوار لایەنە دەستپێشخەری رەتدەكەنەوەو ججەختیش لەوە دەكەنەوە، ناچنە هیچ بەرەو هاوپەیمانییەك پارتی‌و یەكێتی تێدا بێت، بەهۆی ئەوەی دەنگەكانی ئەوانیان "بردووە".

ئەمە لەكاتێكدایە، لەئێستادا گفتوگۆی سەرەتایی لەبەغدا دروست بووە، بۆ ئەوەی لایەنەكان هاوپەیمانی دروست بكەن‌و لەرێگەی ئەو هاوپەیمانییەشەوە، كە زۆرینەی پەرلەمانی دەبێت، كار بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بكەن.

هـ ـ ح