سوود لەلاوازی‌و بۆشایی ئەمنی وەردەگرێت
وردەكاری جموجوڵەكانی داعش لەچەند ناوچەیەكی هەرێم‌و عێراق

عیراق

19/06/2018‌ 985 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داعش رێگەی نێوان كەركوك_بەغدای بڕی‌و ژمارەیەك هاووڵاتی كوشت و ڕفاند، هەروەها لەچەند گوندێكی سنووری شەرگاتی پارێزگای سەڵاحەدینیش ژمارەیەك گوندنیشینی گولەبارانكرد.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لەعوزێم، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "شەوی رابردووتر داعش لەنزیك ناوچەی عوزێمی پارێزگای سەڵاحەدین، رێگەی سەرەكی نێوان كەركوك و بەغدای بڕیوە."

بەپێی وتەی سەرچاوەكە، داعش ئەفسەرێكی پۆلیس و دوو كەسی تری كوشتووە، كە لەگەڵ ئەفسەرەكە بوون، وتی: "12 كەسی تریشی رفاندووە، كە زۆربەی ڕفێنراوەكان خزم و كەسوكاری یەكترین."

هەروەها هێزە عێراقییەكان تەرمی ژمارەیەك گوندنیشینیان لەسنووری قەزای شەرگاتی پارێزگای سەڵاحەدین دۆزیەوە، كە "لەلایەن داعش بەدەست و چاو بەستراوی گولە بارانكرابوون".

حەسەن محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "ئەنجامی هەڵبژاردن هێزە عێراقییەكانی بەململانێی یەكتریەوە سەرقاڵ كردووە، بۆیە لایەنی ئەمنی لەلایەن حكومەتەوە تارادەیەك خەریكە پشتگوێ دەخرێت."

ناوبراو وتیشی: "داعش سوودی لە لاوازی و بۆشایی ئەمنی وەرگرتووە و لەزۆربەی ناوچەكانی عێراق بەتایبەت كەركوك و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار كەوتووەتە جموجۆڵ."

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، تەنیا لەماوەی حەوت رۆژی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی سڤیل لەناوچەكانی كەركوك و دیالەو سەڵاحەدین ڕفێنراون‌و بەشێكیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

هـ ـ ح