دیاری ئەمریكا بۆ ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنەكان
پەنتاگۆن رەتیدەكاتەوە هێزەكانی توركیا بچنە ناو مەنبەج

کوردستان

19/06/2018‌ 4890 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ئەو وێنانەی چەند رۆژێكە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەیكان بڵاودەكرێنەوە، هێزەكانی توركیا لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا بەیەكەوە دەستیان بەدەوریە و چاودێری هاوبەش لەباكووری مەنبەج كردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە سوپای توركیا لەحسابی تویتەری تایبەتی خۆیدا ریگەیاند، لەچوارچێوەی بنەماكانی ئاسایش سەبارەت بەنەخشە رێگای مەنبەج، كە لەمەوپێش رێككەوتنی لەبارەیەوە كراوە، لەناوچەی نێوان قەڵغانی فوڕات‌و مەنبەج هێزە چەكدارەكانی توركیا و سوپای ئەمریكا لە 18 حوزەیران بەدواوە دەستیان بە ئەنجامدانی دەوریە‌و چاودێری هاوبەش كردووە.

هەر دوێنێ بەرپرسانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەمەنبەج لەلێدوانێكیان بۆ ئەحواڵ نیوزی توركی رایانگەیاند، ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج بەردەوام لەسەر پاراستنی سنووری ناوچەكە. 

هەروەها ئەریچ پۆهان وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەلێدوانێكی بۆ ئەحواڵ بەپێچەوانەی سوپای توركیا و سوپای سوریای ئازاد جەخت لەوە دەكاتەوە، كە رێگا بە یاخیبووە سورییەكان نادەن بچنە ناو منبج.

ئەریچ پۆهان راشیگەیاند "دەورییە و چاودێری هاوبەش لە دەرەوەی سنووری مەنبەج ئەنجام دەدرێت، ناوچەی ئەم جوڵە هاوبەشە دەكەوێتە سنووری باكووری مەنبەج". 

لەبارەی رێككەوتنی ئەمریكا – توركیا سەبارەت بەمەنبەج، هێنری باركەی پسپۆری توركیاو كێشەی كورد پێیوایە ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنە بەر لە 24 حوزەیران ب واتای دیاری ئەمریكایە بۆ حكومەتی ئەردۆغان سەبارەت بەهەڵبژاردن. 

هاوكات لەوەڵامی ئەم دەنگۆیانەدا وتەبێژی پەنتاگۆن رایگەیاند "ئەم دوو رووداوە پەیوەندیان بە یەكترەوە نییە، ئەمریكا و توركیا بۆ چارەسەری مەسەلەی مەنبەج ماوەیەكی درێژە گفتوگۆ دەكەن".

وەرگێڕان: هێمن عەبدوڵڵا