کەجەکە: توركیا بە بێ هاوکاری پارتی ناتوانێت بچێتە شەنگال و مەخمور و قەندیل

کوردستان

19/06/2018‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی کەجەكە رایدەگەنێت "توركیا بە بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێتە شەنگال، مەخمور یان قەندیل و داواشی لەخەڵكی باشور كردوە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا پشتیوانی لە گەریلا بكەن".

ئەمڕۆ سێ‌شەممە هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، لەپەیامێكدا كە ئاڕاستەی خەڵكی باشوری كوردستانی كوردوە رایگەیاندوە "لەئێستادا فاشیزمیی ئاکەپە و مەهەپە هەڕەشە لە شەنگال و مەخمور و قەندیل دەکەن، نورەدین جانیکلی، وەزیری بەرگریی دەوڵەتەکەیان وتویەتی:’٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر چوینەتە ناوەوە، دەچینە قەندیلیش، بۆ هەر شوێنێکیش بچین چۆڵی ناکەین’، ڕاشکاوانە وتویەتی، کە ئەو بارەگایانەی ماوەی ١٥ ساڵە لە خاکی باشوری کوردستان هەیانە بۆ داگیرکردنی ئەو خاکە بەکاریان دەهێنن".

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) ئاماژەی بەوەشداوە "ئاشکرایە کە تورکیا بە بێ هاوکاریی پارتی ناتوانێت بچێتە شەنگال، مەخمور یان قەندیل، لەکاتێکدا کە گەریلاکانی هەپەگە شەنگالیان بەجێهێشتوە بۆچی دەبێت دەوڵەتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە هەڕەشەی هێرش بۆسەر شەنگال بکەن، دیارە بەمەبەستی داگیرکردنی باشوری کوردستان و فشارخستنەسەر حکومەتی عێراق ئەو بابەتەیان کردوەتە ڕۆژەڤ، لەلایەکی دیکەوە ئەو هەڕەشانە گرێدراوی پروپاگەندە بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانیشن، لەئێستادا جگە لە هێرشی ئاسمانی هیچ جۆرە هێرشێکی دیکە بۆ سەر قەندیل لە ئارادا نییە، بەڵام ئەوان هێرشی هێزی پیادە بۆ سەر قەندیلیان کردوەتە پروپاگەندە و بۆ ئەوەی شۆڤینیزمی تورک بوروژێنن و دەنگەکانیان زیادبکەن".

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان ئەوەشی وتوە "دەتوانین لە هێرش و هەڕەشەکانی حکومەتی تورک تێبگەین، ئەوەی ناتوانین لێی تێبگەین بێدەنگیی پارتیی لەبەرامبەر ئەو هێرش و هەڕەشانەدایە، لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا بۆ داگیرکاریی، کە پەیوەستن بە تێپەڕکردنی سنوری پارتییەوە، ئایا پارتی نابێت هەڵوێستی هەبێت؟".

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی کەجەکە وتوشیەتی "هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر قەندیل و مەخمور و شەنگال هەڕەشەیە بۆ داگیرکردنی هەمو باشوری کوردستان، بۆیە پێش پارتی و حکومەتی هەرێم بانگەوازیی گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەکەین، کە لەدژی ئەو عەقڵییەتە داگیرکارانەیدا خاوەن هەڵوێست بن".

لە کۆتاییدا کەجەکە  وتویەتی "گەلی کورد لە باشوری کوردستان لەدژی ئەو داگیرکارییانە ڕاپەڕن، دەتوانن بە پشتگیریکردنی لە هێزی گەریلا ڕێگری بکەن لەو هێڕشانە".


هـ ـ ر