تەندروستی سلێمانی: لەماوەی سێ رۆژی جەژندا 3 هەزارو 335 كەس سەردانی نەخۆشخانەیان كردوە

کوردستان

19/06/2018‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەێنێت "لەماوەی سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا 3 هەزار و 335 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی شارو نەشتەرگەرییان كردوەو لەو ژمارەیەش 629 كەسیان داخڵكراون كە 258 حاڵەتیان لە فریاكەوتنی خێرای نەشتەرگەری بون".

ئەمڕۆ سێ‌شەممە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئاماری خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی لەماوەی سێ‌ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لەشاری سلێمانی بڵاوكردەوە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "3 هەزارو 335 كەس سەردانی هەردو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شارو نەشتەرگەرییان كردوە، لەو ژمارەیەش 629 كەسیان داخڵی هەردو نەخۆشخانەكە كراون كە 258 حاڵەتیان لە ناو فریاكەوتنی خێرای نەشتەرگەریدا بوەو لەم ژمارەیەش 37 بریندار بەڕوداوی هاتوچۆ و 32 برینداری شەڕوپێكدادان و شەڕەچەقۆو 18 برینداری كەوتن و كەوتنەخوارەوەو 4 حاڵەتی برینداری فیشەك و تەقەمەنی و 19 بریندار بەڕوداوی جیاجیا بون".

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە "لەهەمان ماوەدا 88 منداڵ لەدایك بون كە یەك حاڵەتیان لەدایكبونی منداڵی دوانە بوە، 42 منداڵیان كوڕو 46 منداڵی دیكەیان كچ بون".

بەپێی ئامارەكە لەو ماوەیەدا  ئەوەشی وتوە "لەكۆی گشتی ئەو دایكانەی لەو ماوەیەدا منداڵیان بوە، 65 دایك بە شێوازی سروشتی و 22 دایكیشیان لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە منداڵەكانیان بوە".

ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی باسی لەوەشکردوە "لەو سێ ڕۆژەدا، 17 نەخۆش كاری قەستەرەو 31 نەخۆشی تر خزمەتگوزاری شەبەكەو باڵۆن و یەك حاڵەتی دانانی ئامێری كارەبایی دڵ و 2 حاڵەتی نەشتەرگەری گەورەی دڵ ئەنجامدراوە، لەگەڵ تۆماركردنی یەك حاڵەتی مردن لەو ماوەیەدا".

هەربەپێی ئامارەکە "هەمان ئامار 26 حاڵەتی دەرچون بە كۆدی سور لەلایەن تیمەكانی فریاگوزاری خێرای تەندروستییەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر شوێنی ڕوداوەكان و گواستنەوەی قوربانییەكانی ڕوداوەكانی هاتوچۆ و برینداری شەڕو پێكدادانەكان و …هتد،  لەگەڵ 75 حاڵەتی گواستنەوەی نەخۆش لەنێوان نەخۆشخانەكانداو تۆماركردنی 275 حاڵەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە پزیشكی و تەندروستییەكان بە نەخۆش و هاوڵاتیان لەشوێنە گەشتیارییەكاندا".

هـ ـ ر