ئەردۆغان.. لە 2002 بەقەیران هات لە 2018 بەقەیران دەڕوات

جیهان

20/06/2018‌ 2999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن خۆشناو
تەنیا چەند رۆژێك ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی لە توركیا، زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە پارتی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) تووشی دۆڕاندن دەبێت‌و ناتوانێت دەنگی جارانی پێشوو بەدەست بێنێتەوە.

سەرەكیترین ئاماژەش لەمبارەیەوە بارودۆخی ئابووری توركیا، كە ئابووری ئەم وڵاتە لە سایەی دەسەڵاتی ئاكەپە گەڕاوەتەوە دۆخی ساڵی 2002، كە چەندین قەیرانی ئابووری ئەوسا لەئارادابوو، ئاكەپە لە سایەی ئەم قەیرانانە هاتە سەر دەسەڵات و ماوەی 16 ساڵە حوكمی ئەم وڵاتە دەكات و سەرۆكەكەی سیستەمێكی تاكڕەوی دیكتاتۆریانەی بونیادناوە، لە ئەگەری بردنەوەشی لە هەڵبژاردنی 24 حوزەیران كە (ئەگەرێكی لاوازە) ئەم سیستەمە بە یاسایی و دەستووری دەكات. 

بە مەبەستی راڤەكردنی بارودۆخی ئابووری توركیا و هەروەها بەراوردكردنی بە ساڵی 2002 (بەر لە دەسەڵاتی ئاكەپە) ئەم چەند فاكت و ئامارانەی خوارەوە دەخەمەڕوو.

- لەدوای ساڵی 2002 بەدواوە لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بڕێكی زۆری پارەی نەختینەیی هەموو ساڵێك دەهاتە توركیا كە بڕەی ساڵانەی لە نێوان 30 – 40 ملیار دۆلار بوو. لەسایەی ئەم پارەیە دەسەڵاتی ئاكەپە نەخۆشخانە، رێگاوبان، خوێندگای دروست دەكرد، بە تایبەتی لە ئانادۆڵوی ناوەڕاست، كە زۆرترین دەنگدەری توركیای لێیە. بەڵام لە ئێستادا وەكو رابردوو لە وڵاتانی كەنداو بەتایبەتی (عەرەبستانی سعودی – قەتەڕ – ئیمارات) ئەوەی پێی دەڵێن پارەی گەرم " Sıcak para" روو لە توركیا ناكات. بە پێچەوانە ماوەیەكە سەرمایەی بیانی لە توركیا دەكشێتەوە، تا دەشچێت ئاراستەی كشانەوەی ئەم سەرمایە خێراتر دەبێت و هەموو كەرتەكان دەگرێتەوە. ئەمەش ئاماژەیە بە بەسەرچوونی كارتی (برایەتی ئایینی).

- رێژەی كوورتهێنانی بودجە ژمارەی پێوانەیی دەشكێنێت و گەیشتۆتە ئاستی 20% بە گوێرەی ژمارە فەرمیەكان. 

- تێكڕای رێژەی گەورەبوونی ئابووری توركیا لە دوای دامەزراندنی كۆمار 5.1% بووە. بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكەپە دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە و تێكڕای گەورەبوونی ئابووری 3.1%یە. 

- لە ساڵی 2002 كاتێك ئاكەپە دەسەڵاتی گرتەدەست، قەرزی دەرەكی توركیا 129 ملیار دۆلار بوو. بەڵام ئەمڕۆ ئەم ژمارەیە گەیشتۆتە 438 ملیار دۆلار. 

- قەرزی ناوخۆ لە ساڵی 2002 135 ملیار لیرەی توركی بوو. ئەمڕۆ ئەم قەرزە 500 ملیار لیرەیە و لە سەردەمی كۆماری توركیادا ژمارەیەكی پێوانەییە. 

- لە ساڵی 2002 رێژەی جیاوازی لە نێوان هاوردە و هەناردە 15 ملیار دۆلار بوو. بەڵام ئەمڕۆ ئەم رێژەیە گەیشتۆتە 77 ملیار دۆلار. 

- لە 2002 رێژەی بێكاری 10.3% بوو، لە ئەمڕۆدا بە گوێرەی ئاماری فەرمی 10.9%، بەڵام رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی پێیانوایە رێژەی بێكاری سنووری 15% تێپەڕاندووە. 

- لە 2002 یەك دۆلاری ئەمریكی بە 1.57 لیرە مامەڵەی پێدەكرا، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی دەسەڵاتی ئاكەپە 1 دۆلار بە 4.70 مامەڵەی پێدەكرێت. 

بە كوورتی و كرمانجی:
ئاكەپە لە ساڵی 2002 لە سایەی ئەو قەیرانە ئابووریەی بەرۆكی توركیای گرتبوو، هاتە سەر دەسەڵات. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2002 حكوومەتی هاوپەیمانی نێوان پارتی سۆسیال دیموكرات، مەهەپە – پارتی رێگای راست، پەرتوبڵاو بوو، هەر سێ پارتی رێژەی بەربەستی هەڵبژاردنیان نەبڕی و نوێنەریان نەچووە پەرلەمان. 

لە ساڵی 2002 ئاكەپە لەسایەی قەیرانی ئابووری هاتە سەر دەسەڵات، بەڵام لە ساڵی 2018 بەهۆی قەیرانێكی دیكە ئابووری خەریكە دەسەڵات لە دەست دەدات.

هەرچەندە بەرپرس و سەركردەكانی ئاكەپە زۆر خۆیان لە قەرەی ئەم مەسەلەیە نادەن و وەكو ئەوەی ئابووری توركیا شامی شەریف بێت، بەڵام ئەوەی زۆر كاریگەرە و خاڵی لاوازی ئاكەپەیە لە هەڵبژاردنی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو دۆخی ئابووریە، بۆیە دەڵێین بە قەیران هات و بە قەیران دەڕوات.