داوایەكی خستووەتە بەردەم یەكێتی
گۆڕان مەرجی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی پارتی‌و یەكێتی هەیە

عیراق

20/06/2018‌ 6857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: پێشوازی لەهیچ شاندێكی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی ناكەین تا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەكلایی نەبێتەوە.

جەمال حاجی محەمەد دەشڵێت: "هەر لەبەر ئەوەی ساختەكارییان لێكردین ئامادەنەبووین لەگەڵیان بچینە بەغدا، چونكە ناكرێت هەموو جارێك بەناوی یەكڕیزیەوە دەست بخەنە بینەقاقای خۆت‌و حیزبەكەت"، هاوكات باس لەوەش دەكات، یەكێتی داوای كۆبوونەوە و سەردانیان كردووە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان مەرجی دەركردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر هێرشكردنە سەر گردەكە بۆ یەكێتی داناوە دواتر لەگەڵیان كۆدەبنەوە.

ئەو قسانەی جەمال حاجی محەمەد، كە هاوكات ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانە، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە باسی لەهەڵوێستی چوار لایەنە ناڕازییەكە كردو وتی: "ئێمە سورین لەسەر ڕازی نەبوون بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن، چونكە ئێمە بە كۆمەڵێك بەڵگەوە دەیسەلمێنین، كە ساختەكاری كراوە ، ئەو دەنگانە دەنگی ڕاستەقینەی ئێمە نین، بۆیە هەتا ئەنجامی ڕاستی هەڵبژاردنەكانمان بۆ دەرنەچێت بەشداری پەرلەمانی عێراق ناكەین و هەڵمان پەساردووە."

ناوبراو وتیشی: "تا دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات ئێمە چاوەڕێین ، بەڵام ئێمە هەمیشە بۆ هەڵوێستمان لەسەر هەر پێشهات‌و ئەگەرێك پرسەكان دەبەینەوە جڤاتی گشتی لەوێ بڕیاری لەسەر دەدەین، زۆربەی بۆچوونەكانی ناو گۆڕانیش بەوشێوەیەن ئەگەر ئەم ساختەكارییەیان بەسەر سەپاندین بەشداری لەپەرلەمانی داهاتووی عێراق نەكەین."

سكرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر بەردەوامی هەڵوێستی چوار لایەنەكە كردەوە، هەروەها وتی: "تا ئەم ساتە بڕیارمان بەوجۆرەیە تا یەكلایی نەبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان شاندمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناچێتە بەغدا و بەشداری لەپەرلەمانی عێراق ناكەین، بەڵام دوای یەكلایی بوونەوەی ئەنجامەكان دوبارە تاوتوێی ئەو پرسانە دەكەینەوە."

لەبارەی ئەگەری پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەش لەنێوان ئەو لایەنانە جەمال حاجی محەمەد وتی: "باوەڕناكەم فراكسیۆنی هاوبەش پێكبهێنرێت، بەڵام بەنیازین چوار لایەنەكە لەگەڵ دوو لایەنی تریش هاوپەیمانییەك پێكبهێنین تا بۆ لەمەو دوا لە هەڵوێستەكانماندا لە بەغدا و كوردستان پێكەوە بین."

سەبارەت بەوەی ئایا هیچ گرەنتییەكتان وەرگرتووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕەخنەكانتان دووبارە نەبێتەوە یا بەشداری پەرلەمانی كوردستانیش لەهەڵبژاردنی داهاتوو وەك یەكێك لەئەگەرەكان ناكەن؟ جەمال حاجی محەمەد وتی: "نەخێر هیچ گرەنتییەكمان وەرنەگرتووە، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان ڕایگەیاند، جیاكردنەوەی دەنگەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەدەست دەبێت ئەگەرچی ئێمە پێشووتر گلەیمان لەوەش هەبوو، بەڵام باشتر بوو بەو ڕادە زۆرە غەدر و ساختەكاریمان لێنەكرابوو، بەپێچەوانەوە بەشداری لەپەرلەمانی كوردستان دەكەین، چونكە ئەوێ بەمەیدانی شەڕی خۆمان دژ بە ساختەكاری و گەندەڵی دەزانین."

سكرتێری جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان هەروەها وتیشی: "بەداخەوە ئێمە لە پێش ئەم هەڵبژاردنانە نەماندەزانی دەستی ساختەكاری ئەم لایەنانە دەگاتە ئەو ئامێرە پێشكەوتوانەی لەوڵاتانی پێشكەوتوو دروستكرا بەداخەوە بەخەڵكمان وت بەشداری هەڵبژاردن بكەن ساختەكاری ناكرێت، بەڵام وەك وتم هۆكارەكەی ئەوەبوو، كە نەمانزانی و دەركمان بەوە نەكرد، بەڵام ئیتر ئەو ئەزموونەشمان كرد."

جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی: "لێت ناشارمەوە ئەمجارەش ساختەكاریمان لێدەكرێت، بەڵام بەو شێوازە نابێت ئێمە بەنیازی (١٥) كورسی بین، بەڵام (٥) كورسیمان بدرێتێ، خۆ ئەمە یەكەمجار نییە، هەموو جارێك ساختەكاریمان لێكراوە بۆ نموونە لەهەڵبژردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (١٧) كورسیمان هێنابوو، بەڵام (١٢) كورسیمان بۆ حساب كرا."

هەروەها وتی: "ئێمە هەوڵدەدەین كۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران خاوێن بكاتەوە،  لەڕۆژی هەڵبژاردن چاودێرەكانمان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان زیاتر بێت، جگە لەوەی هەوڵدەدەین هاوپەیمانییەك لەنێوان ئەو لایەنە ناڕازییانە پێكبهێنین وڵاتانی دەرەوە و نەتەوەیەكگرتووەكان لەو ساختكاریانە بەردەوام ئاگاداردەكەینەوە و داوامان لێكردون چاودێرەكانیان زیادبكرێت، خۆ ناكرێت بڵێین ئەوان ساختەكاری دەكەن و ئێمەش وازیان لێبهێنین دەبێت قوربانی بدەین لەپێناو نەوەی داهاتوودا."

بەبڕوای سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان تا ئەم قۆناغەش لەبەغدادە وەك خۆی دەڵێت: "ئێمە پێمان باشە ئەگەر كورد یەك دەنگ و یەكگرتوو بێت ئەوا بەشداری لەحكومەتی ئایندەی عێراقدا بكەین نەك لایەنەكان لەكوردستان بەرنامەیەك جێبەجێبكەن و لەبەغدادیش بەرنامەیەك، ناكرێت بەو عەقڵییەتە ئیش بكەین ڕۆژێك بڵێین دەوڵەت دروست دەكەین ڕۆژی دواتر ڕابكەینەوە بۆ بەغدا، نەخێر بەپێچەوانەوە كێشەكانی ئێمە تا ئەم ساتەش چارەسەریان لەبەغدادە."

لەبارەی هۆكاری نەچوونی لایەنەكان لەگەڵ شاندی پارتی و یەكێتی بۆ بەغدا جەمال محەمەد وتی: "ئێمە لەبەر ئەوەی ئەم شاندە ساختەیان لێكردوین لەگەڵیان ناچینە بەغدا"، هەروەها دەڵێت: "ئێمە كاتێك داوای یەكڕیزی كورد دەكەین لەبەغدا، كە ئەو لایەنانە لەكوردستانیش یەكڕیز و یەك دەنگ بن، لەڕابردوو نوێنەرەكانی ئێمە لەپێناوی یەك دەنگی كورد زۆر كاریان كرد هەر لەپێناو یەك دەنگی كورد بوو دەنگیان دا بەسەرۆك كۆمار، بەڵام خۆ ناكرێت هەموو جارێك بەناوی یەكڕیزی و یەك دەنگیەوە دەست بخەنە بینەقاقای خۆت و حیزبەكە."

هـ ـ ح