درەخشان‌و منداڵەكانی لەناو تەنەكەی خۆڵدا ژیان دەدۆزنەوە

کوردستان

20/06/2018‌ 2547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: مەكتوب
بەیانیان لە خەو هەڵدەستێ ‌نینۆكەكانی بۆیە ناكات و پرچی شانە ناكات، وەكو ژنانی تر بەردەرگا ناشوات، یان حەوشە گسك بدات، بەڵكو یەكسەر دوو منداڵەكەی دەخاتە سەر عەرەبانەكەیان و بە كۆڵاناندا دەگەڕێ بۆ ئەوەی خاشاك فڕێ بدات‌و شتێك لەو خاشاكە فڕێدراوە بكاتە سەرچاوی داهاتی خێزانەكەی.

لە سنەوە بۆ كەركوك
دەرخشانی تەمەن ٣٨ ساڵان خەڵكی شاری سنەی كوردستانی ئێرانە، بەڵام ساڵی ١٩٩١ ئەو كاتەی كوردان لە كۆڕەوێكی ملیۆنیدا ئاوارە دەبن، درەخشان بە رێكەوت دەبێ بە بووكی خێزانێكی كەركوكی، كە رێیان دەكەوێتە پارێزگای سنە لە كوردستانی ئێران.

ئێستا ئەو ژنە دایكی دوو منداڵە بەناوەكانی ئامینە- حەوت ساڵان و شاڵاو- پێنج ساڵان، دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانە چوار كەسییەكەیان كەوتووەتە ئەستۆی ئەم ژنە.

درەخشان بێ پشوودان هەموو رۆژێك سەعات ٨ ی بەیانی بەدواوە، منداڵەكانی دەخاتە سەر عەرەبانەكەی و كۆڵانە و كۆڵان دەگەڕێ و خۆڵوخاشاكی ماڵان كۆدەكاتەوە و بۆیان فڕێ دەدات، لەناو ئەو خۆڵە كۆكراوانەدا جارجار هەندێ مادە و كانزا كە لە بازاڕ پارەیەكی كەم دەكەن دەفرۆشێتەوە.

لە سەفەری رۆژانەدا درەخشان شیر بۆ شاڵاوی تەمەن پێنج ساڵان دەبات و لەهەركوێ ئەو منداڵە برسی بوو، دەبێ دایكی دەست لەكار هەڵگرێ و شیر بدات پێی.

سەبارەت بە رەوشی ژیانیان و هۆكاری پاڵنان بە عەرەبانە و كۆكردنەوەی خاشاك درەخشان وتی: " لە خانووی كرێداین، بۆ دەركردنی كرێكەی و دابینكردنی خواردن  وپیداویستیی خۆم  ومنداڵەكانم دەستم داوەتە ئەم كارە قورسە. بەڕاستی قورسە. مێردەكەم بێكارە و‌ ناچاربووم هاوكاری بكەم."

رۆژانە ئەم ژنە بە عەرەبانەكەیەوە سەدان مەتر دەبڕێت بۆ كۆكردنەوە بڕێك خاشاك، ئەو دەڵێ نایەوێ سواڵ بكات یان لە ماڵەوە دابنیشێ  وخەڵك خێری پێ بكات. داهاتی رۆژانەی ئەم كارەی ٥ تا ١٠ هەزار دینارە و رێدەكەوێ لەم بڕە زیاتری دەسكەوێ، بەڵام زۆر بە كەمی دەگاتە بیست هەزار دینار.

لە پاڵ ئەو كارەدا قوتووی خواردنەوە گازییەكان یان نانی فڕێدراو كۆدەكاتەوە و لای ئەو مشتەرییانەی خۆی كە دەیناسن دەیفرۆشێتەوە، ئەمەش بڕێكی پارە دەخاتە سەر داهاتەكەی.

درەخشان دەڵێ هەوڵی داوە لە تۆڕی چاودێری خێزان كە لەلایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی عێراقەوە هاوكاری خێزانە هەژارەكان دابین دەكات ناوی بنووسرێ، بەڵام تائێستا وەڵامی نەدراوەتەوە و بێئومێد بووە لەوەی حكومەت هاوكارییان بكات.

سەبارەت بە كاركردن ئەو ژنە دەڵێ: سەربەرزانەیە ژن كار بكات و بژێوی خێزانەكەی دابین بكات، بەڵام كارێكبێ كە لە توانای دایكێكدا بەدەر نەبێ، كارێكبێ كە بە قەدەر ماندوو بوونەكەی دەرامەتی هەبێ.