لەهەڵبژاردنەكانی كوردستان هەماهەنگی یەكتری دەكەن
لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم لەجیاتی هاوپەیمانی بژاردەیەكی تر تاوتوێدەكەن

کوردستان

20/06/2018‌ 2299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان لەجیاتی هاوپەیمانی بژاردەیەكی تر تاوتوێدەكەن، بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنەكانی كوردستان هەماهەنگی یەكتری بكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لایەنە ناڕازییەكان لەهەوڵی ئەوەدان ئەگەر نەشتوانن هاوپەیمانی دروست بكەن، بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم، ئەوا لەسەر ئاستیكی باڵا "تەنسیق‌و هەماهەنگی" یەكتری دەكەن.

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بەشار پریسی وت: "چەند رۆژیكە لایەنەكان لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی بزانن بۆ رووبوونەوەی ساختەكارییەكانی ١٢ ی ئایارو هەڵبژاردنەكانی ئایندە پێكەوە چی رێكارێك بگرنە بەرو هەماهەنگی یەكتری بكەن".

سەرچاوەكە وتیشی: "بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا چەند دانیشتنێك لەنێوان لایەنەكان كراوەو هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن، كە ژووری هاوبەش پێكبهێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ساختەكاری ‌و گەڕانەوەی دەنگە دزراوەكان".

هەروەها سەرچاوەكە وتی: لەگەڵ ئەوانەش باس لەوەش كراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پاریزگاكان لەسەر ئاستی باڵا هەماهەنگی و كاری هاوبەش بكەن و پێكەوە تەنسیق بكەن".

لایەنە ناڕازییەكان لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكهاتوون، كە پێشتر هەوڵ هەبوو، ئەو لایەنانە پێكەوە هاوپەیمانی بكەن.

هـ ـ ح