كۆبوونەوەكەی ئۆپیك هاڕە بە نرخی نەوت دەكات

جیهان

22/06/2018‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان نزمبوونەوەیەكی گەورەی تۆماركرد، ئەوەش بەهۆی ئەو كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەی، بڕیارە رێكخراوی ئۆپیك ئەنجامیبدات.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژ نرخی نەوت، بەرێژەی زیاتر لە 2% دابەزیوە، كە ئەو دابەزینەش پێش كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ هەینی رێكخراوی ئۆپیكە.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەگەر ناكۆكییەكانی كەمكردنەوەی بەرهەم لەكۆبوونەوەی ئۆپیك كۆتایی نەیەت‌و لەسەر برێك رێكنەكەون، ئەوە نرخی نەوت زیاتر لەبازاڕەكانی جیهان دادەبەزێت.

بەپێی ئاژانسەكە، لەكۆتا مامەڵەكان نرخی نەوتی برێنتی جیهانی، 1.69 دۆلار بەرێژەی 2.26% دابەزیوەو هەر بەرمیلێكی بە 73.05 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە، كە ئەوە دابەزینێكی بەرچاوە لەچاو رۆژانی رابردوو.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكاش، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، لەكۆتا مامەڵەكان 17 سەنت بەرێژەی 0.26% دابەزیوەو هەر بەرمیلێكی بە 65.54 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە لەناوخۆی رێكخراوی ئۆپیك كێشە هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەندامەكانی رێكخراوەكە لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەم ناگەنە رێككەوتن، كە ئەوە كاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت داناوەو نرخەكەی نا جێگیركردووە.

هـ ـ ح